ئافرەت و بەشداریی سیاسەت

3 مانگ پێش ئێستا

چیمەن محەمەد عومەر
بەدرێژایی مێژووی نوێی گەلی كورد، بەتایبەتتر لە شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخوازەوە، ئافرەتی كورد بەشداریی كارای لە سیاسەت، خەباتی نەتەوەیی و شۆڕشدا بە كارایی كردووە، هەم دایك بووە هەم پێشمەرگە، هەمیش ئەركی پەروەردەكردنی خێزانی لەسەر بووە، ئەمە وادەكات بڵێین ئافرەت لە كۆمەڵگەی كوردییدا پێشەنگ بووە و ئەركی جۆراوجۆری رایی كردووە، بۆیە خاوەن شانازیی زۆرە و نكۆڵیشی لێ ناكرێ.

بۆ سەركەوتنی شۆڕش و حوكمڕانی وزەی ئافرەت و پیاو پێكەوە گرنگن، پەراوێزخستنی هەر رەگەزێكیان، كاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر كاروانی خەبات و پرۆسەی حوكمڕانی دەبێت، بۆیە كاركردنیان پێكەوە و بە یەكسانی هەم پرۆسەكە رەونەقدار دەكات، هەمیش پێكەوەیی كاركردن تواناكان كاریگەرتر دەكات بەرەو سەركەوتن.

ئافرەتی كورد، لە چوارچێوەی بزووتنەوەی كوردایەتیدا رۆڵی دیاری هەبووە، بۆ نموونە لەیلا قاسم، نموونەی ئافرەتی شۆڕشگێڕ بووە، بووەتە سیمبوڵی رووبەڕووبوونەوە بەرانبەر ستەم و زۆرداری، ئەوەی ئەو كردی رەنگە بووبێتە نموونە و پێشەنگ بۆ دەیان نەوەی دوای خۆی لە ئافرەت و پیاو، تەنانەت بۆ نەتەوەكەیشی.

لەگەڵ ئەوەی ئافرەت كارەكتەری نموونەییە بۆ ئاشتی، بەڵام ئامادەیی زۆریشی بۆ رووبەڕووبوونەوە هەیە، مارگرێتا نموونەی ئافرەتی شۆڕشگێڕ  و پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول بوو، كە هەر زووش رۆحی خۆی بۆ كوردستان كردە قوربانی.

ئافرەتی كورد فرە ئەرك بووە، بەڵام هەرگیز بەشداریی لە خەباتی نەتەوەكەی لەبیر نەكردووە، بگرە قوربانی بە ژیانی خۆی بۆ سەركەوتن داوە، لەو رووە سەدان نموونە هەن.

توانای ئافرەتانی كورد بۆ هاوشانی لە بەشداریی خەباتی نەتەوەی كورد، زۆر روون و دیارە، بەپێی سەردەمەكانیش خۆیان گونجاندووە، پێشتر پێشمەرگە بوون و ئێستایش لە كاروانی زانست و حوكمڕانیدا بەشدارێكی كاران، دەیان پلە و پایە لە ئێستای هەرێمی كوردستاندا لەلایەن ئافرەتانەوە بە سەركەوتوویی بەڕێوەدەبرێن.

ئافرەت بە سروشت سەرڕاست و متمانەدار و جدییە لە كاركردن، راستە رێگری زۆری هەیە، بەڵام ئافرەت رۆحی بەرەنگاریشیی تێدایە، ویستی سەركەوتنی تێدا زۆرە، بۆیە گرنگە بەشداریی سیاسیی زیاتر بكات، بەسەر كۆسپەكاندا سەركەوێ، بیسەلمێنێ كەوا توانای كاركردن و بەرەوپێشچوونی زیاترە، ماندوو نەبێ، بە هۆشیاری و ئاگاییەوە بەرەو لووتكە هەنگاو بنێت.