لە گۆیژەوە سەیری سلێمانی مەكەن...

3 مانگ پێش ئێستا

دانا عەبدوڵا
حەزرەتی نالی ئاوای فەرموو:
داخڵ نەبی بەعەنبەری سارای  (خاك و خۆڵ) 
هەتا نەكەی بەخاكی (سولەیمانی) یا عوبوور
...
لە گۆیژەوە سەیری سلێمانی مەكەن، بە گلۆپی رەنگاورەنگ و بالەخانەی بەرز و دەنگی لایڤ میوزیك و بانگ لە مزگەوتەكانەوە تێمەكەون، وەرن سەیری هەناوی ئەو شارە بكەن، هەر سوچ و قوژبنێكی ئەگری وێرانەیە، ئێواران سەرێك لە شەقامی گۆران و بەردەركی سەرا و شەقامی مەولەوی بدە كە سەنتەری ئەم شارەن و قەرەباڵغترینە.
(شامی هەموو نەهار و، فوسوولی هەموو بەهار تۆزی هەموو عەبیر و، بوخاری هەموو بو خوور)

 بۆنی زبڵ و خاشاك و بڵاو بوونەوەی لەسەر شەقامەكە، وەڕە وەڕی سەگ، ریزبوونی عەرەبانە و دەست گێڕەكان بە دریژی شەقامەكە كە ئوتومبێل بە زەحمەت دەتوانێت بڕوات، سەرشۆستەكان بووە بە جەبهە پڕبووە لە مقەبا و كورسی بۆ شت فرۆشتن دوو نەفەر ناتوانێت شان بەشانی یەك برۆن، خراپ راگرتنی ئوتومبێل لەشەقامەكان و جەنجاڵی ترافیك و پاشا گەردانی هەركەس بۆخۆی. 
لای باخی گشتی لەباتی بۆنی گوڵ و رەونەق و جوانی  بیننی درەخت و پارك و سەوزایی، بۆنی عەرەبانەی جگەر و لەفە و كوخی ناشرین و بۆگەنی پاشماوەی خواردن لەسەر شۆستەكان، دواتر ناو پاركەكە بووە بەشوێنی كاری خراپ و خەلكی خراپ و حەپ خۆر كە سیما و رۆحی ئەم شارەیان بەتەواوی كوشتووە.

(ئەهلێكی وای هەیەكە، هەموو ئە هلی دانشن‌ هەم نازیمی عوقوودن و هەم نازیری ئوموور )

هەموو ئەمانە ئازاری رۆژانەن بۆ خەڵكی ئەم شارە سەرەڕای نەمانی كارو پیشە، مردنی بازار  و مایەپووچ بوونی كاسبكار، وەلێ نە لێپرسینەوە ماوە نە سزا، نەیاسا سەروەرە نە گوێ لە خەمخۆر و كەسانی باش ئەگیرێ، ئەوا با دیاردەی خۆكوشتن و ژن كوشتن و تەقە كردن و زەوی داگیركردن و بەشێكی تری نەهامەتیەكانی خەڵكی ئەم شارە لەولاوە بوەستن. 
(لەڕاستی دا لە گۆیژەوە قەت لە سلێمانی مەڕوانن با بێ هیوا نەبن كاتێك بەناو شارەكەدا پیاسەیەك دەكەن). دەسەڵاتێك مرۆڤی بێ مۆڕاڵ بەرهەم بێنێت هەمیشە خاوەنی نیشتیمانێكی وێرانە، شارێك كە سیفەتی شاربوونی تێدا بەزەحمەت دەبینرێ، كە ئاوەدانی و ژیانی تێدا نەمابێ، شارێك كە گەنجەكانی بە كۆمەڵ جێی دێڵن و هەر ئاورێكیشی بۆ نادەنەوە، ئەگەر فریای نەكەون ئەبێت قفڵێك لەدەرگاكەی بدەن و بۆ ئەبەد دایبخەن.
سالم ووتەنی ...
توو خوا بڵێ بە حەزرەتی نالی دەخیلی بم  
بەم نەوعە قەد نەكا بە سولەیمانییا گوزەر