چۆن حکومەت گەورە گەندەڵ دروستدەکات؟!

4 رۆژ پێش ئێستا

هونەر تۆفیق
دوو مەترسیدارترین سێکتەر کە گەندەڵی تیایدا چارەسەر ناکرێت ، کەرتەکانی نەوت و یەکەی نیشتەجێبوونە .
یاسای ژمارە چواری ٢٠٠٦ و ڕێنماییەکانی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان کە ئۆتۆماتیکی سەرۆکی حکومەت ، سەرۆکی ئەنجومەنە باڵاکەشە ڕووبەرێکی فراوانی بۆ گەندەڵی وەبەرهێنان کردۆتەوە .
مەگەر هەر لە هەرێمی کوردستان و ژینگەکانی تری هاوشێوەیدا هەبێت کە وەبەرهێن لە هیچەوە ( سفر سەرمایە) بە وەرگرتنی مۆڵەتێکی وەبەرهێنان لە کەرتی یەکەی نیشتەجێبووندا ببێتە سەرمایەدارێکی خاوەن ملێۆنەها دۆلار . لەهیچ حکومەت و سیستەمێکی سیاسی دنیادا نیە ، وەبەرهێن بە سفر سەرمایەوە دەوڵەت زەویەکی پێبدات بۆ وەبەرهێنان ، ئەویش هێشتاکە هیچی لەپرۆژەکە ئەنجام نەدابێت ، سێجار پارە وەربگرێت .
یەکەم : فرۆشتنی شوقە هەواییەکان ، واتە هێشتا ئەو یەکەی نیشتەجێبوونانە تەنیا لەسەر کاغەز هەیە و نەکراوەتە بینا ، ڕێگەپێدراوە دەست بەفرۆشتنی هەوایی بکات و پارە لە خەڵک کۆبکاتەوە .
دووەم : ئەو زەویە تەرخانکراوەکەی لە حکومەتەوە پێدراوە ، کەچی بە خەڵکی دەفرۆشێتەوە بە ناوی تەملیککردنەوە .
سێهەم : لەپای دروستکردنی ڕێگاو شۆستە و باخچە لە پرۆژەکەیدا ، جارێکی تر حکومەت قەرەبووی بکاتەوە کە زەویەکە بەخۆی حکومەت پێیداوە ، لەهەمان کاتدا حکومەت قەرەبووی ماددی دەکاتەوە بەناوی بەکارهێنانی ڕووبەرێک لەو زەویە تەرخانکراوە بۆ باخچە و ڕێگاوبان .
لەو وڵاتانەی کە گەندەڵی تیادا سزادەدرێت ، ڕێگا بەوەبەرهێن نادرێت هیچ شوقەیەک لە پرۆژەکەی بفرۆشێت ( بە نقد یان قیست ) تاوەکو تەواوی پرۆژەکەی کۆتایی پێنەهێنابێت و شوقەکانی تەواو نەکردبێت . یان دەبێت بڕی پارەی تێچووی پرۆژەکەی لای حکومەت دابنێت ، ئینجا یاسا ڕێگەی پێدەدات هەوایی شوقەکانی بفرۆشێت . ئەگەر حکومەتی هەرێمیش بیەوێت گەندەڵی گەورە بنەبڕ بکات ، دەبێت ئەو مەرجە بەسەر وەبەرهێنەکاندا بسەپێنێت کەنابێت هیچ شوقەیەک بفرۆشێت تاوەکو تەواوی پرۆژەکە بگەیەنێت ئەنجام ، یان کۆی تێچووی پرۆژەکە وەک خیطاب ضمان لای حکومەت بارمتە بکات ، چونکە نابێت وەبەرهێن بە پارەی خەڵک وەبەرهێنان بکات بەناوی پێدانی قیستەوە تا کۆتایی پرۆژەکە .
ئەو خەلەلە یاساییە ، کردنەوەی دەرگایەکی بێ کۆنترۆڵی دروستکردنی گەورە گەندەڵە لە وڵاتدا . هەتا چارەسەرنەکرێت و دەرگاکەیان لێدانەخرێت گەندەڵی هەر بەردەوام دەبێت و زیاتر تەشەنە دەکات .