نوسەرە پـاڵەوانكـوژەكە...

3 مانگ پێش ئێستا

شــادمان محەمەد
ڕۆژبوون و یادبوونی ئـەو نوسـەرە مەزنەیە كە بـاوەڕی بە (پاڵەوانـی نــەمر) نـیە ئەویش: George R.R. Martin 
ئایا هۆكار چیە لە ناو كـوردا، نوسەری بواری ئەدەب و چیرۆك و رۆمانمان نیە لە ژانری فانتازیا و خەیاڵئامێزی زانستی و پزیشكی و تەكنەلۆژیا بنووسێت!
 
- بۆ یەكەمجار، وەك بینەرێك كاتێك چاوم بەر ناوی ئەم نوسەرە مەزنە كەوت سەرچاوەكەی لە دێڕێكی خۆیەوە بوو كە دەڵێت؛ (لە جەنگی ڕاستەقینەدا، پاڵەوانی نەمر نیە، چونكە لە جەنگەكاندا، هەموان یەكسان دەبینەوە لە بەرانبەر مردن و ئەگەری كوژرانمان هەیە).

لە ڕاستدا ئەم دێرە زۆرتر هانیدام كە سێرچ و گەڕان بۆ وتە و قسە و پاشان بەرهەمەكانی بكەم و پاشانیش هۆكارێكی سەرەكی بوو كە ناچار بم تەماشای یەكێك لە شاكارە زنجیرە تیڤییەكانم بكەم بە ناوی 
(گـۆت - G O T)ەوە - كە سەرچاوەی بەپێزی كارەكە لە زنجیرە پەڕتووكەكەی ئەوەوە سەری هەڵداوە بەناوی (گۆرانی بەستەڵەك و ئاگر)، كە بە پێی ڕای رەخنەگرانی بواری ئەدەب و فیلم و سینەما، بە یەكێك لە بەرهەمە بەپێزەكانی ئەم نوسەرە خەیاڵئامێزە فانتازیا قووڵە دادەنرێت.

وەلحاڵ، زۆرمان بە بەرهەمەكانی ئەو نوسەرە مەزنە ئاشناین، بە تایبەتتر بەهۆی بەرهەمی (گەیم ئۆف سرۆنز)ەوە، بەڵام لەبەردەستنەبوونی سەرجەم پەرتووكەكانی دیكەی ئەم نوسەرە مەزنە بە زمانی كوردی نەتوانراوە زیاتر بە بەرهەمە ناوازەكانی ئاشنابین. 

ئەوجا لێرەوە دێمە سەر گرێدانەوەی بابەتەكەی سەرەوە بە ژانری ئەدەبی (فانتازیا و خەیاڵئمێزی زانستی و  پزیشكی و تەكنەلۆژیا)یەوە، كە جێی نیگەرانیەكی زۆرر لە ناو كوردا نەك هێشتا ئەم نوسەرانە پەیدا نەبووە، بەڵكو زۆریش نامۆین لەم بوارەدا.
وەكخۆم، هیچكات بە دوای وەلامی ئەوەوە نیم كە بۆچی نوسەری لەم ژانرانەمان نیە، بەڵكو دەپرسم ئەی بۆچی نەمان بێت!؟
ئایا ئەمە وابەستەیە بە نەبوونی توانا و هێز و سەلیقەی نوسینەوەی لەو تایپ و جۆرانەدا، یاخود نا! هێشتا ئێمە لەم بوارەدا نەگەیشتوون بەتوانای تێگەیشتن تاوەكو لەوەی بگات بە نووسینەوەی، یاخود نەخێر بابەتەكە ئەوەیە؛ «ئێمە هێشتا نامۆ و غەریبین و دوورە پەرێزین لەم جۆرە ژانرانەوە». كەچی، سەرەرسی هەموو ئەوانە بە سەرنجدان لە ژانر و شاكارە ئەدەبی و فیلم و زنجیرە فیلم و تیڤی و فیكشنە فانتازیا و خەیاڵئمێزە زانستی و پزیشكی و پێشهاتەكانی وەك تەوەری یۆتۆپیا و دیستۆپیا لە جیهاندا، بۆمان دەردەكەوێت هەموو ئەوانە جگە لەوەی خواستێكی ئێكجار گرنگیان لەسەرە لە لایەن بینەران و دڵخوازان و بیسەران و خوێنەرانیەوە، لە هەمانكاتدا، پێگەیەكی زۆر مەزنی ئەدەبی و سینەماییان لەسەر ئاستی جیهاندا هەیە.