من فێمینیستم

3 مانگ پێش ئێستا

چۆمان هەردی
من فێمینیستم! 
دوژمنی پیاو نیم بەڵكوو دوژمنی سیستەمی پیاوسالاریم كە ئیمتیاز و ماف و ئازادی زیاتر بە پیاو دەدات و پیاوە توندوتیژ و چەوسێنەرەكان دەپارێزێت بەڵام لە هەمان كاتیشدا پیاو بار دەكات بە كۆمەڵێك بەرپرسیارێتی و ڕێی پێنادات سۆز و میهرەبانی و نەرمی بنوێنێت. سیستەمی پیاوسالاری تەنها لە پیاو پێكنەهاتووە بەڵكوو ژنانێكی زۆریش تیایدا بەشدارن.

من فێمینیستم! 
كێشەم لەگەڵ باڵاپۆشییدا نییە بەمەرجێك ژنێكی پێگەیشتوو ئازادانە هەڵیبژاردبێت، بەڵام بەرەنگاری ئەو هەوڵانە دەبمەوە كە دەیانەوێت باڵاپۆشیی بسەپێنن و ئازادی هەڵبژاردن لە ژنان زەوتبكەن. باوەڕم بەوەیە كە ژن، هەروەك پیاو، بوونەوەرێكی هۆشمەند، بەتوانا و خاوەن عەقڵ و بەهرەیە و دەبێت خۆی بڕیار لەسەر جلوبەرگ و ژیانی تایبەتی خۆی بدات نەك كەس و لایەتی تر.

من فێمینیستم!  
باوەڕم بە یەكسانی، دادپەروەری و دیموكراسیەتە. ئەو دیموكراسیەتەی كە جێگەی كەسانی جیاوازی تێدا دەبێتەوە. باوەڕم بەوە نییە كە تەنها ئیماندار مافی ژیانی شەرەفمەندانەی هەیە، باوەڕیشم بەوە نییە كە تەنها یەك جۆر ئیمانداری هەیە و ئەویش ئەوەیە كە گرووپەكەی تۆ باوەڕی پێیەتی. تەنانەت لە ناو هێزە ئیسلامییەكاندا چەندین جۆری جیاوازی ئیمانداری هەیە، بۆیە كەس مافی نییە شێوازی خۆی بەسەر سەرجەمی كۆمەڵگەدا بسەپێنی. 

من فێمینیستم! 
باوەڕم بەوەیە كە كۆمەڵگا بە ئامێزانكردنی جیاوازییەكانەوە جوانە نەك سەركوتكردنی. باوەڕم بەوەشە كە هەر هێزێك بیەوێت جیاوازییەكان لەناوبەرێت و كۆمەڵگا بە دڵی خۆی یەكڕەنگ بكات ئەوا هێزێكی مەترسیدارە كە بەرەو دیكتاتۆرییەت دەمانبات.