ئایینداری لە دەوڵەتی سیكیۆلاردا

3 مانگ پێش ئێستا

شوان جەلال
ئەو دۆخە ناڕەزاییەی بەهۆی مەرگی ژیناوە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و لە ئێران بەگشتی هاتۆتە ئاراوە، پێناچێ كۆتایی حوكمی كۆماری سێدارە بێت لەو ووڵاتە، هەر وەك پێناچێ گۆڕانكاریش لە عەقڵی ئەو ڕژێمەدا بكات، چونكە ئەو بابەتە لە لایەك پەیوەندی بە هاوكێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكانەوە هەیە و لە لایەكی تریشەوە بابەتێكی بنەمایی و ئایدۆلۆژیە بۆ ئەوان سازش لەسەر كردنی واتا گۆڕانی دەوڵەت، بەڵام سەبارەت بە  ژیانی تاك یەك ڕاستیمان بۆ دەردەخات كە زۆر گرنگە بیزانین:
ئەویش ئەوەیە كە چل و سێ ساڵ دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران كە دەوڵەتی دینیە، وای كرد خەڵكی ئەو ووڵاتە هەم دنیایان لە كیس بچێ هەم دینەكەیان. بڕوانن هیچ مزگەوتێك لە دنیادا بەقەد ئەوانەی ئێران چۆڵ و بێناز نین، ئافرەتانی ئێران بەئاشكرا سەرپۆشەكانیان ئەسوتێنن كە ڕەمزی دینە و  جۆرێكیشە لە كەلتور.

 بە پێچەوانەوە لەو جێیانەی كە دەوڵەتی مەدەنی (سیكۆلار) حوكمڕانە بە دەوڵەتۆكەكەی لای خۆشمانەوە، خەڵك خۆبەخشانە دیندارە و مزگەوتەكانیش جمەیان دێ و زۆرینەی خەڵك سەرپۆشی لەسەرە، بەواتایەكی تر هاوڵاتی بە ئازادی مومارسەی دینداری خۆی ئەكاو خەڵكانی غەیرە دینیش دەرفەتی ژیانیان هەیەو نەكەووتونە ژێر زەبر و زەنگەوە.

جا ئەمەوێ بڵێم سیستمی سیكۆلار كە ئیسلامیەكان بەبێ ئەوەی بزانن چیە لە دوورەوە بەردی تێ ئەگرن! چونكە بەرهەمی ئەزموونی مرۆڤایەتیە و بەهۆی مێژووێك لە كێشمەكێشمی نێوان دەسەڵاتی دینی و دنیاییەوە مرۆڤ پەی پێ بردووە، چەنێك لە خزمەتی  ماف و ئازادیە دنیاییەكانی هاووڵاتیاندایە هێندە و زیاتریش خزمەت بەدینی خەڵكی دەكات. ئەمە ئەگەر  ئیسلامی سیاسی و بانخوازی زمان زبر وازمان لێ بێنن.