دابەشبوون لەسەر جلوبەرگیش؟

3 مانگ پێش ئێستا

د. نیاز نەجمەدین
كۆمەڵگەی ئێمە بەدەست هەرچی جۆرە شەڕ و ناتەباییەكەوە هەیە دەناڵێنێت (شەڕی حزبایەتیی، تەكەتولی ناو حزب، ناوچەگەریی، شارچێتیی، ژن و پیاو، ژن و ژن...هتد), كێ بەهێزتر بوو (نەوەك باشتر و زیرەكتر بوو)، زیاتری بەردەكەوێت. پێناسەكانی كۆمەڵگەی ئێمە بۆ مرۆڤی باش و خراپ هێندە تەقلیدیی و سادەن دەگاتە ئەو شوێنەی جللەبەركردن بكات بە پێوەر و بە سیمبول.
ئێستا كە قسە لەسەر دروشمی (ژن، ژیان، ئازادییە)، ئێمە تەنانەت لە تێڕوانینماندا بۆ وشەی یەكەم (واتە ژن) نەوەك بە رێژەیی تەبا نین، بەڵكو لەسەر جلوبەرگی ژنیش دەبێت بە شەڕمان. لەم نێوەندەدا، ژن بە دەیان شێوە لە دەرفەتەكانی ژیان بێ بەش دەكرێت. 
هەندێكمان رای وایە ژنی پەچەدار ژنێكە دوای خورافە كەوتووە و دیلكراوە. هەرچی كچی موحاجەبەی وڵاتی ئێمە هەیە بیسوتێنن قسەیەكی نییە و هەست بە ئازاریان ناكات، ئەوە نابینێت كە لە خوێندندا هەندێك لە مامۆستا مولحید و لیبڕاڵەكانیان بەراورد بە كچی سفور مامەڵەی جیاوازی لەگەڵ دەكەن، لە شوێنی كاردا خاوەنكارەكەی ئامادە نییە پۆستێك و موچەیەكی باشتری بۆ دابین بكات...هتد. 
هەندێكیشمان رای وایە پەچەفڕێدان سوككردنی ژنە. كچی سفور ئیشی نییە بەڕەڵایی نەبێت، ئاسانە و كەی ویستت دەستی پێ گەرم دەكەیتەوە، بونەوەرێكە بۆ سەرنجڕاكێشان و راوكردنی پیاوان خۆی روت دەكاتەوە. ئەمانیش بە دەست هەندێك لە مامۆستا باوەڕدارەكانیانەوە دەناڵێنن كاتێك هەمان مامەڵەی كچی پەچەداریان لەگەڵ ناكەن، هاوڕێكانیان دەیانبوغزێنن و وەك مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی سەیریان دەكەن.
بەكورتیی، كچی سفور كەوتۆتە نێوان بەرداشی هێزە ئیسلامییەكان و پیاوانی چڵێسەوە. یەكەمیان پڕی كردووە لە ترس و دەیەوێت سەركوتی بكات، دووەمیان لە روكەشدا مۆدێرن دەردەكەوێت، بەڵام پڕە لە هەوەسبازیی و پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ژن بەوەوە دەبەستێتەوە كە چەند دەستی بە جەستەی دەگات. 
ناتەبایی و نایەكسانیی لەم ئاستە بەرزەدا بە كوێمان دەگەیەنێت؟ ژیانمان وێران دەكات، وایان كردووە وزەمان لەسەر شتی پڕوپوچ بڕوات و كورد تەنانەت ئەفلام كارتۆنیشی بۆ بەرهەمناهێنرێت.
ئیشی خەڵكی ئازادیخواز و ژیاندۆست دژبوونە بەم جۆرە ناتەبایی و نایەكسانیانە، بە هەموو ئەو سیمبولانەوە لە چواردەوری ئێمە وەك كێڵگەی مین چێنراون و دانە دانە پیاماندا دەتەقنەوە.
ئیشی خەڵكی ئازادیخواز تێپەڕاندنی ئەو قۆناغەیە كە بەوەوە نەوەستاوە پێناسەی مرۆڤی باش و خراپ بەوە بكات منداڵی كامە شێخ و كامە سەرۆك خێڵە، بەڵكو بەوەش كە چ جلێكی لەبەردایە و ئەوەش دەكات بە پێوەرێك لە دابەشكردنی دەرفەتە كۆمەڵایەتیی و ئابوورییەكاندا.