ئۆپەڕاسیۆنی ڕاچڵەكێنەرانە!

3 مانگ پێش ئێستا

هیوا زێڕە
ئۆپەڕاسیۆنی ڕاچڵەكێنەرانەی بەیانیان، كاریگەری لەسەر كارایی خوێندكار هەیە؟ 
ئەو فاكتەرانە چین كە وادەكەن خوێندكار لە بەیانیاندا ڕاچڵەكێت؟ 
كێ بەرپرسە لە ڕاچڵەكینی بەیانیان (خێزان یاخود خوێندكار)؟ 
سەنگی مامۆستا چییە لە چارەی ئەو ناكۆكییەدا؟ 
بۆ خوێندكاران بە پەشێوییەوە بەیانیان سەردانی ناوەندەكانی خوێندن دەكەن؟  بۆ هەست بە بێزارییان دەكرێت؟ بۆ لە پۆلدا خەواڵوون؟ 
چییە ئەوەی خێزان دەكاتە خێزانی باش؟

گەر بە چاوێكی ورد لە دۆخی خوێندكاران بڕوانین لە بەیانیاندا، لێمان ڕۆشن دەبێت كە كەماسییەكی گەورە لەوەدا نییە كە خوێندكار ناخوێنێت، كە ئێمە ناومان ناوە ئاستی زیرەكی خوێندكار، كەماسی هەیە لە توانای گرتنە ئەستۆی بەرپرسیاریەتی لەلایەن دایك و باوكانەوە. 
فێرنەبوونی خوێندكار، لاوازی مامۆستا نییە، بەڵكو دژواری و ناڕێكی خوێندكارە لە دەستپێكی ڕۆژێكی تازە. گەر بێتو ڕیشەدۆزی بكەین دەبینین كە خێزان (دایك و باوك) هۆكاری سەرەكین لە ئۆپەراسیۆنی ڕاچڵەكێنەرانە لە بەیانییەكی زوودا. بەم شێوەیە: 
شەوانە خێزان بە دیار ئەڵقە و سۆشیاڵ میدیاوە تا درەنگانی شەو لە بێداریدان. بەیانی زوو لە سەعاتی سفرا بە هاواری دایك و باوك خوێندكار بە ڕاچڵەكینەوە هەڵدەستێ، ئەمە سەیرترین جۆری ئۆپەڕاسیۆنی دنیایە، بە ناوی ئامادەبوون بۆ قوتابخانە یاخود باخچە، بە بێ هیچ ئامادەكارییەكی زانستی و سۆزداری، ڕادەكات بۆ كراسە سپییەكەی دەبینێ ئێخەكەی پیسە و گوێ ناداتێ، پەلەپەلییەتی خێرا قوڵی  چاكەتەكەی ڕادەكێشێ، بەڕێوە پێڵاوەكانی لە پێدەكات، دواتر جانتایەكی قورس دەكاتە شانی بە بێ جیاكردنەوەی خشتەی ئەو ڕۆژەی. بە جۆرێكی تر هاوارێكی دایك و باوك دەبێتە دەستپێكی ڕۆژێكی نوێ!
 
ئەم هاوار و ناڕێكییە لێكەوتەگەلێكی زۆر لەسەر خوێندكار جێدەهێڵێت لە ڕووی زانستی، دەروونی، كۆمەڵایەتی و سۆزدارییەوە. بە جۆرێك لە پۆلدا خەو هەراسانی دەكات، برسییەتی تەنگی پێهەڵدەچنێت، ناڕێكی جەستە و جلوبەرگی وێنایەكی خراپ لای دەوروبەری درووستدەكات و خودی خۆشی هەست بە جۆرێك لە كەمی دەكاتە، ئەم نمونانەی زادەی خێزانن نەك خوێندكار و مامۆستا.

خۆزگە خێزان لە بری گەڕانی بێشوماریان، سناپكردن، گفتوگۆی بێبنەما، دۆمینەكردن، چونە كافێ، بەسەربردنی كاتێكی زۆر لەسەر سۆشیاڵ میدیا و قرتاندنی گوڵەبەڕۆژە خەریكی ئامادەكردنی جگەرگۆشەكەی دەبوو. 

لە ڕوانگەی منەوە ئەوەی وانەكانت شایەنی دایك و باوكایەتی نین. زۆرینەی دایك و باوكەكان بە قسە خۆشەویستی دەردەبڕن، ئەمما ئامادەكارییان بۆ منداڵەكەیان نیشانەی پرسیار و سەرسوڕمانن. 

ماوەتە بڵێین خێزانی باش: كات بۆ منداڵەكەی دابین دەكات، گوێی لێدەگرێت، سۆزی پێدەدات، هاوڕێیەتی دەكات، ئامادەكاری بۆ هەموو قۆناغەكانی گەشەی منداڵەكەی دەكات، زیاتر لە موبایلەكەی بەردەستی كات لەگەڵ منداڵەكەی بەسەردەبات.