سه‌وه‌فان یاخود داخورانی جومگەی ئه‌ژنۆ چییە؟

3 مانگ پێش ئێستا

---- سه‌وەفان و داخورانی ئه‌ژنۆ یه‌کێکه‌ له‌ به‌ربڵاوترین جۆره‌کانی داخورانی جومگە، " ھەموو جومگەیەک لە لەشدا ئەگەری داخورانی ھەیە" و بە گرنگترین هۆکاری ئازاری ئه‌ژنۆ داده‌نرێت له‌ جیهان دا ۰ سه‌وه‌فان بریتی له‌ که‌مبوونه‌وه‌ی لینجی نێوان جومگه‌کان و له‌ ئه‌نجام دا کڕکڕاگه‌ی نێوان جومگه‌کە ده‌خورێت و ئێسقانه‌کانی جومگه‌که‌ به‌ریه‌یه‌ک ده‌که‌ون و دواتر ڕه‌نگه‌ ئێسکی زیادەی بچووک دروست بێت کەلەناو خەڵکدا بە کلس بەناوبانگە ۰
نیشانەکانی :
١- ھەستکردن بەئازار ، کەزیاتر لەکاتی جووڵەو ھیلاکبوون، سەرکەوتنی قادرمە ، وەستان بەپێوەی زۆر ، ڕێکردن بۆ ماوەیەکی زۆر، دروست دەبێت، کاتی ئیسراحەت و پشوو تا ڕادەیەک کەمدەبێتەوە .
٢- ئاوسانی جومگەکە، ھەندێک جار لەپشتی ئەژنۆوە ھەست بەکیسێکی بچووک دەکرێت کە پێ دەوترێت(baker cyst).
٣- ھەستکردن بە گەرمی لەناو جومگەکەدا .
٤- ڕەقبوونی جومگەکە بەتایبەتی لەبەیانیاندا پاش ھەستان لە خەو .
٥- کەمبوونەوەی توانای جوڵاندنی جومگەکە، بۆ نموونە نەخۆشەکە ناتوانێت بە ئاسانی بینوشتێنێتەوە .
٦- کرتەکرت و تەقەتەق لە کاتی جوڵاندنی جومگەکەدا، ھەندێک جار گوێت لە دەنگی تەقەتەق دەبێت. بەڵام کرتەکرت بە تەنیا کێشە نیە، بەبێ ئازار .
دەستنیشانکردنی :
-- بەپێی نیشانەکانی نەخۆشەکە لەگەڵیدا پشکنینی سەریری لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە .
-- ئەشعەی ڕەش وسپی واتە ئەشعەی ئێکس (x ray ) .
-- ھەندێک جار بە سونەری تایبەت بە جومگە ، زبری ئێسکەکەو کۆبوونەوەی ئاوی زیادە دەردەکەوێت لەپشتی ئەژنۆدا کە پێی دەوترێت (backer cyst).
-- ھەندێک جار پێویستە ئەشعەی تەنووری (MRI) بگیرێت .
--- شێوازی چاره‌سه‌رکردنی :
۱ ـــ له‌ ڕێگای ده‌رمانه‌وه‌ :
--- ده‌رمانی ئازارشکێن به‌ تایبه‌ت جۆری ( NSAID ) له‌ ڕێگه‌ی حه‌پ و گولاج و ده‌رزی و شاڤ و شروبه‌وه‌ :ئازار و ئاوساوی و سوور بوونه‌وه‌ که‌م ده‌که‌نه‌وه‌ به‌ڵام نابێت بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر و به‌رده‌وام به‌کاربێت.
--- مه‌رهه‌می جۆر(NSAID ) که‌ ئه‌ژنۆی پێ چه‌ور ده‌کرێت و ده‌شێلرێت یاخود کرێمێک کە ماددەی مێنثولی تیادا بێت .
--- ئه‌و ده‌رمانانه‌ی کەیارمەتی دروست بوونەوەی کرکراگەکە دەکەن و ناهێڵن داخورانی جومگەکە زیاتر بێت و کڕکڕاگه‌که‌ به‌هێزتر ده‌که‌ن وه‌ک :
ــــ گلۆکۆزئەماین سۆلڤەیت ( glucosamine sulfate ) ,
ــــ کۆندرۆتین ( Chondroitin ) .
ـــ MSM .
--green lipped extract
ئەم چارەسەرانە لەوانەیە لەیەک پێکھاتەی دەرماندا ھەبن ، ئیتر بەشێوەی کەبسول ، کرێم ، فوار بێت و دەبێت وەکو کۆرس بەکاربێت و نابێت لە سێ مانگ کەمتر بێت .
۲ ـــ چارەسەری سروشتی ( فیزۆسێراپی ) : له‌ ڕێگه‌ی ئامێری (T.N.S ) و وه‌رزشه‌وه‌ بۆ به‌هێزکردنی ماسولکه‌کانی ئه‌ژنۆ و قاچ ۰
۳ ـــ لێدانی ده‌رزی بۆ ناو جومگەکە ، ئەویش بەپێی حاڵەتەکە دەگۆڕێت ، و ده‌زیه‌کان بریتین له‌ :
--- هایلۆرۆنیک ئه‌سید ۰
--- پلازمای نه‌خۆشه‌که‌ ۰
---پرۆلۆتیراپی و ئۆزۆن .
--- ده‌رزی ستیرۆید : تەنیا کاتی ھەوکردنی جومگەکە بەکاردێت، دووبارەکردنەوەی کارێکی باش نییە، چونکه‌ کارێگه‌ریه‌که‌ی بۆ ماوه‌یه‌کی کاتییه‌ و زیانی لاوه‌کی هه‌یه‌ ۰
--- به‌کارهێنانی خانه‌ی کۆندرۆسایت (stem cell)که‌ له‌ نه‌خۆشه‌ک وه‌رده‌گیرێت ۰
٤ ـــ چاره‌سه‌ر به‌ ئامێری تەرەدودی حەراری ( pulsed radiofrequency)کە ئەویش لەکۆتا دەرەجەی سەوەفان دەکرێت بە سووتاندنی ئەو دەمارانەی کە دەچن بۆ جومگەکەو ئازار دروست دەکەن .
٥ ـــ به‌کارهێنانی نازوڕی جومگه‌ : بۆ لابردنی داخورانی کڕکڕاگه‌ و ڕاکێشانی ئاوی کۆبوەی ناو ئه‌ژنۆ و لابردنی ئێسقانی زیاده‌ و لێدانی ده‌رزی بۆ ناو ئه‌ژنۆ ؛ له‌ ژێر به‌نجی گشتی دا ده‌کرێت ۰
٦ ـــ گۆڕینی جومگه‌ی ئه‌ژنۆ به‌شێکی یان به‌ ته‌واوی : پێویسته‌ کاتێ ئه‌نجام بدرێت که‌ هه‌موو ڕێگاکانی تر بێ سوود بووببن : چونکه‌ نه‌شته‌رگه‌ریه‌کی گه‌وره‌یه‌ و له‌ ژێر به‌نجی گشتی دا ده‌کرێت و جومگه‌ دروستکراوه‌که‌ دوای چه‌ند ساڵێک پێویسته‌ بگۆڕێته‌وه‌ .
د ۰ هه‌ڤین که‌مال شاه محمد
پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج