تیرۆركردنی زمانی كوردی لە عیراق

2 مانگ پێش ئێستا

شەیما فەرەیدون
ناسنامەی هەر نەتەوەیەك زمانەكەیەتی ئەگەر نەمێنێت كەواتە بێ ناسنامە و بێسەروشوێن!!! زمانی دایك لای هەر نەتەوەیەك پیرۆزی و تایبەتی خۆی هەیە و دەپارێزرێت.

دەبینین زمانی كوردی كە زمانی دایك و رەسەنی ئێمەیە كاڵبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوە دیوە و خەریكە دەبێتە زمانی دووەم جا ئیتر هۆكار گەلێك هەن لەوانە: هاتنەناوەوەی بەردەوامی كەسی بیانی یان بە سیستمكردنی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن بە زمانی بیانی.

ئێمە لە گرنگی و پیرۆزی هیچ زمانێك كەم ناكەینەوە، بەڵام لەسەریشمانە كە پارێزگاری لە زمانی دایكمان بكەین وەك كولتوورمان
بەداخەوە بەپێی نووسراوێك لە بەڕێوەبەرایەتیی تاقیكردنەوەكانی وەزارەتی پەروەردەی پەروەردەی عیراق دەرچووە ئاماژە بەوەكراوە لە سەرجەم پارێزگاكانی عیراق "ئەگەر خوێندكار نمرەی پێویست بۆ دەرچوون بەدەست نەهێنێت لە وانەی كوردی ئەوا بە دەرنەچوو هەژمارناكرێت"، ئەوەش بەلاوەخستنی زمانی كوردی و بنبڕكردنیەتی بەپێی كات 

كاتێك باسی پێكەوە ژیان و فرەیی دەكەن بەم جۆرە؟
بۆچی من لە هەرێمی كوردستان بە ئیجباری دەبێت زمانی عەرەبی بخوێنم و سەركەوتووش بم تیایدا؟ ئەی بۆ زمانی كوردی وانەبێت؟
هەروەك ئاماژەم پێدا من لە گرنگی هیچ زمانێك كەم ناكەمەوە تەنها دەبێت لە سەنگ و گرنگی زمانی كوردیش بزانرێت
لە هەمووی گرنگتر ئەم بڕیارە نایاساییە و پێچەوانەی دەستووری عیراقە كە لە مادەی چواری دەستووری هەمیشەیی عیراق لە ساڵی 2005دا هاتووە كە زمانی كوردی و عەرەبی زمانی فەرمی دەوڵەتی عیراقە و مافیشیان زامنكراوە لە فێركردنی رۆڵەكانیان بە زمانی دایك كەواتە سەنگی هەردوو زمانەكە وەك دەبینین وەك یەكە، بۆیە هەرچی پێویستە بە زووترین كات بڕیارەكە هەڵبوەشێنرێتەوە.