بـە قوڵایـی جەنگەڵەکـاندا...

2 مانگ پێش ئێستا

دوور لە ڕووی سـپۆیل!
زۆرێک وەک بەرھەمێکی سەرنجراکێش و ناوازە وێنای دەکەن، ئەوەیش بەھۆی لە خۆگرتنی دیمەنی جوان، کەش و موودی ھەمەچەشنەی سرووشت، کە تەواو بینەر پەلکێشی خۆی دەکات.
Into the Wild 2007
Drama/Adventure
- پاولۆ کۆیلـۆی ڕۆماننوسی ناسراوی بەرازیل و جیھان دەڵێت؛«گەشتکردن، پاشان پیاسەکردن بە سەر شەقامەکانی مەدریدا، منـی کردە ڕۆماننووس».
بەرھەمی Into the Wild، وەرگـیراو لە ڕوداوی فاکت و راستەقینە، چیرۆکی خوێندکارێکی لاوی زانکۆیە، کە دەستبەرداری ھەموو شتێکی تەرفیھی وابەستە بە ژیانی تایبەتی خۆی دەبێت، ئەوەیش تەنھا لەپێناو ئەنجامدانی گەشتێکی دوورمەودا و سەرکێشانە بەرەو قوڵایی جەنگەڵەکان - ئالاکسـا، تاوەکو بتوانێت لانیکەم دیوی ناوەوەی خۆی بدۆزێتەوە.
ڕەنگە خۆ دۆزینەوە، کردەیەکی ھێندە سانا نەبێت، بەڵکو کردەیەکی قۆناغ بە قۆناغی قورس بێت، چونکە خۆ دۆزینەوە لای ھەر کاممان وەسف و پێناسەی خۆی ھەیە و فۆرمی جودا و تایبەتی لە خۆ گرتووە، چونکە زۆرکەس ھەتا لە ژیاندایە ھیچکات خۆی بۆ نادۆزرێتەوە، وەک (مرۆڤێی پەرشوبڵاو) دەمێنێتەوە، چونکە بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆی ونکردووە.
ھەندێکیش (نیوە دۆزینەوەیەک)یان بۆ خۆیان ئەنجام داوە، بەڵام (دۆزینەوەی تەواو) رەنگە بوونی نەبێت!
بە پێی ئەزموونی مرۆڤەکان بە گشتی، گەشتکردن بە نێو سرووشت و جەنگەڵ و چیاکان و دەریاکان و وڵاتان، لە لایەک ئارامییەکی قووڵ بە لایەنی رۆحی و دەروونی مرۆڤەکان دەبەخشێت کە زۆرکات ھۆکاربووە بۆ تێپەرکردنی چەندان (نەخۆشی دەروونی و جەستەیی و بە نەخۆشیە درێژخایەنەکانیشەوە)، لە لایەکی دی ھۆکارە بە رزگاربوونی مرۆڤ لە چەقبەستووی لەو فۆرم وەرگرتن و قاڵب وەرگرتن و خووگرتنەوە بە ژیانی دوبارە و تیکرارییەوە بە جۆرێک قۆناغی ژیانی مرۆڤەکەی گەیاندۆتە بونبەست. ھەربۆیە لەو پێناو ئەوەدا گەشتدەکات تاوەکو ھەرچی وردرە خەوش ھەیە لە ناخیدا فڕێی بدات و تووڕی بداتە دەرەوەی بازنەی خۆی. ھەروەھا زۆرجار، ئەم گەشتانە بەلای مرۆڤەوە بۆ ھەڵھاتنە لەو ژاوەژاو و جەنجالییانەی ژیان کە دەوری داون و ماندووی کردوون و بڕەستی لێ بڕیوون.
ھەربۆیە تەماشاکردنی ئەم فیلمە بەحوکمی جووڵەی چیرۆک و رووداوەکان رەنگە لە سەرەتادا کەمێک مومیل و بۆرینگ بێت کە سرووشتئاسا ھەموو ئەم جۆرە کارانە و ھاوشێوەکانی ھەمان خەسلەت لە خۆ دەگرن، بەڵام رەنگە ئەمەیان ببێتە (کەتەلۆکێکێ نوێ) بۆ دوبارە ڕێکخستنەوە و کۆنترۆلکردنی بەشێکی بچووکی وابەستە بە ژیانی مرۆڤەکە.
دواجار، خاڵی کۆتای لە لای مرۆڤ ھەمیشە گەیشتنە بە کەناری ئارامی، یاخود بە ترۆپکی ئارامیی لە ڕووی رۆحییەوە، پاشانیش جەستەیی.
کەواتا ئەم فیلمە دەکرێت؛«گەشتێکی خود بێت لە ناوەوە بۆ دەرەوە و پاشانیش سەرلەنوێ گەرانەوەیە بۆ ناوەوە، بەڵام بە فۆرمێکی نوێوە».
#شـادمان_محەمەد