چل ساڵ بۆ دواوە و هەشتاش بۆ پێشەوە

2 مانگ پێش ئێستا

دلێر محەمەد نوری
 هەموو کردارێک پەرچەکردارێکی هەیە، بە هەمان هێز و بە ئاراستەی پێچەوانە) ئەمە وتەی من نیە و یەکێکە لە یاساکانی جووڵەی نیوتن. بە کورتی ئەگەر تۆ تۆپێکی ئاسن بکێشیت بە دیوارێکی کۆنکرێتیدا، ئەوا بە هەمان هێز ڕوو بە ڕووی خۆت ئەگەڕێتەوە. ئەگەر چی ئەم یاسایە لە بواری فیزیادا دۆزراوەتەوە، بەڵام لە ژیانی ڕۆژانە و ڕووداو و کار و کردەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیشدا، هەستی پێ دەکەین.
(فعل) لێرەدا واتا کردەیەکی توند یان پەستانێک یان زۆردارییەک. بۆ نموونە گەر بەردێک لە پەنا زەلامێک دابنێین، زەلامەکە هیچ کاردانەوەیەکی ئەوتۆی، بۆ بەردێکی جێگیر نابێت. بەڵام گەر هەمان بەرد بە ئاراستەی هەمان زەلام بهاوێژین، ئەوا سەرەتا هەوڵی خۆپاراستن و پاشان پەلاماردان دەدات، ڕەنگە بە هەمان بەرد یان چەند بەردێک.
جەماوەری نێو خۆپیشاندانێکی ئارام، هیچ دام و دەزگا و هیچ چەکدارێکی دەوڵەتی، لێ نابێت بە دوژمن و هەتاوەکو لە نێو ئەو دام و دەزگایەوە یاخود لە لایەن ئەو چەک بەدەستانەوە، پەلامار نەدرێ. 
لەچک و پەچە لە باشوری کوردستان زۆرداری نیە، کەچی خەڵکانێک بە ئارەزووی خۆیان، دەیدەن بە سەریاندا، بگرە هەندێکیان ئامادەن، تەنها دوو کون بۆ بینین بهێڵنەوە و سنتیمتر دووجایەکیش، پێستی لەشی خۆیانت نیشان نادەن. بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە چل ساڵە، لەچک بە زۆر ئەسەپێنرێ، بەڵام دەبینین ساڵ دوای ساڵ، لەچک دەبێت بە بار بە سەر‌، سەر و شان و ملی کچان و ژنانی ئێران و کوردستاندا و هەمیشە لە دەرفەتی لابردن و تا دواجار سووتاندن و خستنە ژێر پێشی تێدەکەوێت.
ئەگەر چی کۆمەڵگای کوردی بەگشتی، کۆمەڵگایەکی خێڵەکی خاوەن پەیوەندی خێزانی توندوتۆڵ بووە و ئەمەش بۆ خۆی هەندێ داب و نەریتی لێ کەوتۆتەوە، وەکو هەڵسوکەوت و پۆشین. بەڵام ئەمە کردەیەکی خۆبەخۆ و بێ هیچ زۆردارییەکی ڕاستەوخۆی دەرەکی بووە. هەربۆیە تا ڕادەیەک قبووڵکراو بووە. بەڵام ئەوەی جمهوری ئیسلامی لە چل ساڵی ڕابردوو بە زەبر و زەنگ سەپاندوویەتی، سەرەداوی پەرچدانەوەیەکی بەهێزی دووبەرانبەری ئەو زۆردارییە، ئەوا ئێستا دەرکەوتووە. کۆمەڵگای کوردەواری، خاوەنی جۆرێک لە ئایین پەروەری ئاشتییانە بووە و بە جۆرێکیش، جیاواز‌ لەوانی تر و کەمێک کراوەتر و شلتر‌، ئەم گیانی ئایین پەروەرییە، لە سەرپۆش و پۆشاکیدا ڕەنگی دابووەوە. ئەمە لە بەر ئەوەی لە ژێر زەبر و کاریگەری هیچ لایەنێکی دەرەکی نەبووە، ئەمە بۆ دۆخی بەر‌ لە هاتنی جمهوری ئیسلامی، ڕاستە. بۆیە هیچ کات کاردانەوەی کورد، لە ڕوو بە ڕوو بوونەوەی سیستمی سیاسی بە هۆکاری زەبری ئایینی نەبووە، لە پێش ئەم کۆماری سێدارە و ستەمەدا. بەڵکو هەمیشە هۆکاری زمان و کولتور و سەروەری نەتەوە و خاک بووە.  بەڵام کاتێک جمهوری ئیسلامی دێت  چڵ ساڵ بە ئاسن و ئاگر هەر هەمان ئایینی ئارەزوومەندانە ورگیراو، بە سەر گەلانی ئێراندا ئەسەپێنێ، کە ئایینەکە، بە جۆرێک لە جۆرەکان، پێشتر قبووڵکراو بووە. بەڵام ئەم کرداری زەبرەی لە گەڵدا نەبووە. لێرەدا ئیتر، ئایین و سەپاندنی ڕێوڕەسمەکانی، بە واتای زەبر و زەنگ و ستەم دێت. بەمەش وردە وردە، ڕق و کینەی خەڵکی کورد لە سیستمەکەوە کە نەتەوەییە، دەگۆڕێت بۆ ڕق هەڵگرتن لە خودی ئایین و ڕێساکانی. ئەوەی زیاتر کە دەیبینین گڕکانی ئەم ڕقە لە شارێکی وەکو سەقزەوە تەشەنە دەسێنێ و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەواوی ئێرانیش ئەگرێتەوە. ڕەنگە لە بەدبەختی خودی جمهوری ئیسلامییە کە ژینا ئەمینی کچە کورد، بوو بە قوربانی زەبری سەپاندنی یاسایەکی ئایینی، لە سوچێکی تاران و دواتر  بوو بە چەخماخەی هەڵگیرسانی شۆڕشێک دژی تەواوی سیستەمە ئیسلامییەکە. هەر ئەم کچە کوردەش‌ بوو بە هۆی کۆکردنەوەی تەواوی گەلانی ئێران دژ بەم ئیسلامگەراییە زۆرەملێیە.  لەو سۆنگەیەشەوە کە جمهوری ئیسلامی ئەگەر جارێک ستەمی لە بەشە فارسەکەی ئێران کردبێت، ئەوا دووجار ستەمی لە بەشە کوردستانییەکەی ئێران کردووە. ئەگەر فارسێک تەنها ستەمی بە زۆر سەپاندنی ئایینی لە سەر بووبێ، ئەوا کوردێک لە ڕێگەی بە زۆر سەپاندنی ئایینەوە ستەمی نەتەوەییشی لێکراوە. بە هەر حاڵێکە ئێران ویستی بە لەچک سەپاندن تەواوی گەلانی ئێران بە یەکپۆشی ئیسلامی بپۆشێت، بەڵام ئێستا سووتاندنی هەمان پۆشاک، تەواوی جیاوازییەکانی یەکخستووە دژ بەم سیستمە ئیسلامییە سەپێنراوە. ئەم شۆڕشە کە سەرەتاکەیمان لێرە دیارە و کۆتاییەکەی نادیار. ئەگەر بێتوو کۆتایی ئەم وەرچەرخانە ناوازەیە، بە دڵی کچە بێسەرپۆشەکانی شەقام و دژ بە ئاخوندە عەمامە بە سەرەکان  بسووڕێ. ئەوا کۆمارە ئیسلامییەکە دەڕووخێ و دەبێت بە مێژوویەکی تاریکی ئێران و بۆشایی سیاسی دروست دەبێت. گەر ئەوانەی ئەو بۆشاییە پڕ دەکەنەوە، زوو بە زوو وڵات بەرەو کەناری ئارامی ببەنەوە. ئیتر جارێکی دیکە خۆری سیستەمی ئایینی، لە ئاسمانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵنایەتەوە. بە هەموو گریمانەیەک ئەوانەی ڕەنگ و ڕووی سیستەمی داهاتوو دادەڕێژن، هەر نەبێ خۆری ژن و ژیان و ئازادی، زۆر بە ڕوونی لە ناوەندی ئاسمانی ئەو سیستەمە هەڵدێت. بەمەش ژن دەبێتە سەر قافڵە و ئازادیش ئەبێتە لەمپەر لە بەر دەم ستەمی ئایینی و ژیان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە چەندین قۆناغ پێش گەلان و وڵاتانی موسوڵمانی دەوروبەر دەکەون. ماوەتەوە بڵێم بە ڕوخانی ئەم کۆمارە زۆردارییە، دونیایەک وڵاتی‌ ئیسلامی و عەرەبی و حزب و کەسایەتی ئیسلامی و نائیسلامی، عەرەبی و کوردی  بۆ هەتایە هەتیو ئەکەون. گەر عاقڵانی سیاسی داهاتووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیاری بکەن، ئەتوانن ئێران بگۆڕن بە وڵاتێک، تیشک و پریشکی ئازادی و دیموکراسی بەر سەرجەم وڵاتان و میللەتانی ناوچەکەش بکەوێت.