ئانی ئێرنۆ

2 مانگ پێش ئێستا

حەمەسەعید حەسەن

ئەمساڵ ٢٠٢٢ خەڵاتی نۆبڵ لە ئەدەبدا، بەر خاتوو: (ئانی ئێرنۆ) كەوت. ئەوە یەكەمین جارە، بازی ئەو خەڵاتە، لەسەر شانی خاتوونێكی فەرەنسایی بنیشێتەوە. تا ئێستا شازدە خاتوون خەڵاتی نۆبڵیان لە ئەدەبدا وەرگرتووە، یەكەمینیان (سەلما لاگەرلۆف)ی سوێدی بوو. خەڵاتی نۆبڵ دەوروبەری میلیۆنێك دۆلارە، كە لێی دەپرسن: چی لەو پارەیە دەكەیت، ئانی ئێرنۆ دەڵێت: هێشتا بیرم لێ نەكردووەتەوە، هەرگیز پارە ئامانجی من نەبووە. 

ئانی ئێرنۆ هێندە بوێرانە ژیاننامە و بیرەوەری و ئەزموونی خۆی دەگێڕێتەوە، خوێنەران و ڕەخنەكارانیش سەرسام دەكات. جیاوازییە كۆمەڵایەتییەكان و غەریبی و پێوەندییە گەرموگوڕەكانی نێوان ژن و پیاو، ئەو سێ تێمایەن كە زیاتر جێی بایەخی ئەو خاتوونەن كە ١٩٤٠ لە نۆرماندی لەدایك بووە، پرۆفیسۆری ئەدەبە و پەنجا ساڵ زیاترە سەرقاڵی نووسینە، نووسینگەلێكی ڕاشكاوی سازشنەناس تا ئاستی برینداركردن. ئانی ئێرنۆ بە ئاسانترین شێواز، باسی ئاڵۆزترین كێشە دەكات و ژیاننامە وەها دەنووسێتەوە، هەم تایبەتن بە خۆی و هەم ئەوانی تریش خۆیانی تێدا دەبیننەوە.

بە بیرەوەرییەكانییەوە دیارە، چەپێكە خوێنەران بە نایەكسانیی كۆمەڵایەتی ئاشنا دەكات، لە دژی ستەمكاریی چینایەتی، نووسین وەك چەقۆ بۆ دڕاندنی پەردەی وەهم وەگەڕ دەخات و بەبێ پێچ و پەنا و شەرم، بەبێ ئەوەی هانا بۆ تەمومژ ببات، ئەزموونە سۆزدارییە ئاگرینەكانی خۆی دەداتە بەر ڕووناكی. بە ڕستەی ڕوون وێنەی ژیان دەكێشێت، وێنەیەك لەوە دەچیت هەرگیز كاڵ نەبێتەوە. لە نیشتمانی خۆیدا دەژی و باسی غەریبی دەكات. ئەزموونی ژن لە كۆمەڵگەیەكی باوكسالاری چینایەتیدا دەگێڕێتەوە، كۆمەڵگەیەك كە هاوزەمان هی ڕابردووە و هی ئێستایش.

ساڵەكان، یادەوەرییەكانی كیژێك، باوكم، ژنەكە، بارودۆخەكان، هەندێكن لە ڕۆمانەكانی. لە (ژنەكە)دا باسی دایكی دەكات و لە (ڕووداو)دا كە كراوە بە فیلم و لە ٢٠٢١دا لە فێستیڤاڵی ڤینیسیادا خەڵاتی شێری زێڕینی پێ بەخشراوە، باسی منداڵ لەباربردنێكی نایاسایی دەكات. بۆچی ئانی ئێرنۆ نووسەرێكی مەزنە؟ (چونكە لە ناخی خۆی و لەو دونیایەی تێیدا گەورە بووە، بۆ حەقیقەت دەگەڕێت.)

گەلێك نووسەری مەزنی ئینساندۆستی لە چەشنی تۆلستۆی، هەنریك ئیبسن، مارك توین و كازانزاكی نۆبڵیان بە نسیب نەبوو، كەچی ئەكادیمیای سوێد ٢٠١٩ ئەو خەڵاتەی بە نووسەری نەمسایی: (پیتەر هاندكە)ی دیكتاتۆردۆست بەخشی، ئاخر هاندكە داكۆكیكارێكی سەرسەخت بوو لە (سلۆبۆدان میلۆشڤیچ)ی دیكتاتۆری سەربیا.