بانكی ناوەندی، یەكەی 20 هەزار دیناری چاپ دەكات
8 مانگ پێش ئێستا
سەركۆ یونس*
بانكی ناوەندی ئێراق بەرەو دەركردنی یەكەیەكی نوێی دراوی ناوخۆیی هەنگاو دەنێت بەمەبەستی زیاتر دەستاودەستكردنی دینار، ئەم هەنگاوە دوای دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دێت سەرەڕای هەڵاوسانی نرخەكان، ئەمەش جارێكی تر دەبێتە هۆی زیادبوونی نرخەكان.
ئامانج لەم هەوڵە باشتركردنی ئەدای سیستەمی پارەدانی نەختینەیە لەوڵاتدا بەدراوە مامناوەندییەكان كەخزمەت بەخێرایی ئاڵوگۆڕی دراو دەكات و ئاسانكاری بۆ یەكلاییكردنەوەی مامەڵەكان و شێوازەكانی پارەدان دەكات. ئەم هەنگاوە لەسەر زاری پارێزگاری بانكی ناوەندییەوە ئاشكرا ورایگەیەندرا، لەماوەی ئایندەدا چاپی 20 هەزار دیناری (13دۆلار)دەخەنە بازاڕەوە وكاری پێ دەكەن بەووتەی ناوبراو، ئەم هەوڵە دوای لێكۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی پسپۆڕانی بانكی ناوەندی جێ بەجێ دەكرێت، بەتایبەت بەبەرارودی دراوی وڵاتانی ناوچەكە.
پسپۆڕانی ئابوری ودارایی تێبینی لەسەر ئەگەری چوونە ناو قۆناغێكی تری داڕمانی دراوی ئێراقی دەكەن بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی، كەلە 2020 دا بەپلانی بانكی ناوەندی و وەزارەتی دارایی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار كەمكرایەوە. لە ماوەی ساڵانی دوای 2003دا، دیناری ئێراقی بە قۆناغی ناجێگیری قورسدا تێپەڕی كرد و بەهای ناوخۆیی و كاریگەریی بازاڕی لەدەستدا، هەروەها كەوتە بەرئەوەی كە دەتوانرێت بە "نیوە داڕمان" وەسف بكرێت لە 21ی كانوونی دووەمی 2020 كاتێك بانكی ناوەندی نرخی دراوی ناوخۆیی لە 1190 دینارەوە بۆ 1450 دینار بەرامبەر بە یەك دۆلار كەمكردەوە بە ئامانجی باشتر بەڕێوەبردنی پارەدان و چارەسەركردنی كورتهێنانی دارایی ونەختینەیی، بەتایبەت دوای ئەوەی حكومەتی ئێراق ناچار بوو قەرزی دەرەكی وناوخۆیی بكات بەمەبەستی دابینكردنی پارە بۆ پێدانی مووچە، هەروەها دینار بەهای دراوی ناوخۆیی لە بازاڕدا بەنزیكەی 22%ی بەهای پێشووی لەدەستدا.
لەزانستی دارایی ونەختینەدا پێویستە بەرامبەر دەركردن وچاپكردنی دراو بەبەهای شمەكە گرانبەهاكانی وەك زێروزیو یان سەروەت وسامانی ناوخۆیی وبیانی دراو بەهادار بكرێت، بۆئەوەی خەڵك و وڵاتانی تر متمانە بەدراوەكە وبەهاكەی بكەن و مامەڵەی پێوە بكەن، بەڵام لەئێستادا ئاستی ئابوری وبەهێزی پێكەی ئابوری و سیاسی و تەنانەت سەربازی وڵات دەبنە پێوەر بۆدیاریكردنی ئاستی بەهای دراوەكان، بەداخەوە هەموو ئەم تایبەتمەندییانە لەواقعی ئێستای ئێراقدا لاوازو بێهێزن، بەپێ ی ئەم ستاندارانە وبەبەراورد بەئابوری وڵاتانی ئیقلیمی هێشتا دیناری ئێراق بەهاكەی لەئاستێكی باشدایە وبەرزە.
ئاشكرایە ئابوری ئێراق، ئابورییەكی فشەڵە، پشتبەستن بەتاك سەرچاوەیی داهاتی نەوت هەمیشە ئابوری ئێراق دەخاتە بەرمەترسییەكان، بەتایبەت كاتێك نرخی نەوت دادەبەزێت بودجەی گشتی وڵات بەڕێژەی 90% لەسەر داهاتی نەوت وەستاوە، ئەمەش مەترسیدارە. لەلایەكی ترەوە، لەبەرئەوەی كەرتەكانی تری ئابوری ئێراق بەتایبەت كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی، لەنزمترین ئاستدان كاڵاوبەرهەمی ئەم كەرتانە توانای پڕكردنەوە و وەڵامدانەوەی خواستی گشتی ئێراق ناكەن، ناچار پەنا دەبرێتەبەر هاوردەكردن.
بەهۆی گەورەیی قەبارەی هاوردەكردنەوە كەڕێژەكەی زیاتر 90%ی سەرجەم پێداویستییەكان دەگرێتەوە، ئێراق ساڵانە بەملیار دۆلار زیانی دارایی بەر دەكەوێت، چونكە راستەوخۆ دراوی قورس دەبرێتە دەرەوەی وڵات بەگشتی وڵاتانی كەنداو و توركیا وئێران،هەروەها جارێكی تر بەهۆی زۆری هاوردەكراوەكانەوە، كەرتە ئابورییە ستراتیژییەكانی وڵات زیاتر دادەڕمێن و بەرهەم كەمتر دەكات، لەم دواییانەدا بەهای دیناری ئێراقی بەرامبەر بە دۆلار دابەزی و لەبازاڕدا كاردانەوەی لەسەر بەرزبونەوەی ئاستی گشتی نرخەكان دروستكرد.
دابەزینی بەهای دیناری ئێراقی بەرامبەر بە دۆلار كاردانەوەی بەرچاوی لێكەوتەوە، ئەمەش بووە هۆی بەرزبونەوەی نرخی زۆربەی كەرەستە و خزمەتگوزارییەكانی بەكاربەر و هاوڵاتیان بەتایبەتی بەڕێژەی زیاتر لە 45% بەپێی خەمڵاندنە ئابوورییەكان، ئەمەش بووەتە هۆی كەمبونەوەی خۆشگوزەرانی ئابووری دراوی ناوخۆیی بەرامبەر بە دراوەكانی تر و دۆلار بە تایبەتی. لەلایەنە باشەكانی دەركردنی یەكەی 20هەزار دیناری، ئاسانكاری نەرمی و سیولەی زیاتر لەلای تاك و دەستەو بانكە بازرگانییەكان دەكات، هەروەها بۆ هەڵگرتن وگواستنەوە و پاشەكەوتكردن لەلای تاك وخێزانەكان گونجاو ولەبارە، بەڵام ئەوەشمان لەبیرنەجێت، چاپكردنی یەكە نوێ یەكەی دینار تێچونی دەوێت، كەبێ گومان لەدەرەوەی وڵات چاپدەكرێت، بانكی ناوەندی پێویستە كۆی تێچوونی چاپكردنەكە بگرێتە ئەستۆ.
لەڕووی ئابوری و نەختینەییەوە، زۆر گرنگە خستنەبازاڕی ئەم چاپە لەیەكەی دینار بەشێوەی بچوك بچوك و قەبارەی كەم بخرێتە ناو بازارەوە، بەماوەی جیاواز كەلەیەك نزیك نەبن، بۆئەوەی كاریگەری لەسەر هەڵاوسان كەمبێت و دراوەكە بەشێوەیەكی گشتی متمانە لەدەست نەدات. هەرچەندە لەڕووی ئابوری وداراییەوە باشتر بوو بانكی ناوەندی یەكەی دراوی بەها بچوكی وەك 150 و 100 دیناری چاپبكردایە، بەڵام بەهۆی لاوازی ئابوری ئێراق و بەرزی ئاستی هەڵاوسان، شمەك وكاڵای بە نرخی كەم بوونیان لەبازاڕدا نەماوە ومامەڵەكردن بەووردە لەئێراقدا كاری پێ ناكرێت.
قەبارەی نەختینەیی دینار، لەئاستێكی بەرزدایە وئەگەری هەیە نزیكەی 70 ترلیۆن دینار لەسەرجەم یەكەكان چاپ بكرێتەوە. بێ گومان ئەمەش جارێكی تر یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرزتركردنەوەی ئاستی گشتی نرخەكان ودەستاودەستكردنی پارە زۆر دەبێت و مەترسی ئەوەی لێ دەكرێت كەدراوەكە بەها ومتمانە لەدەست بدات، چونكە گەورەبوونی قەبارەی نەختینەیی هەر دراوێك بەبێ پاڵپشتی ئابورییەكی بەهێز و سیاسەتی نەختینەیی گونجاو ئەستەمە بتوانرێت بەردەوام بێت بەبەهای بەرزو متمانەی بەرز.
سەرجەم یەكەكانی دیناری ئێراقی كەلەدوای 2003 ەوە چاپكراون بەم شێوەیەن:
250 دینار یەكسانە بە 17 سەنت.
500 دینار یەكسانە بە 34 سەنت.
1000 دینار یەكسانە بە 68 سەنت.
5000 دینار یەكسانە بە 3.5 دۆلار.
10000 دینار یەكسانە بە 6.8 دۆلار.
25000 دینار یەكسانە بە 17 دۆلار.
50000 دینار یەكسانە بە 33 دۆلار.
هەرێمی كوردستانیش وەك بەشێكی گرنگ لە ئێراق هەمان كێشەو قەیرانی هەیە هەرگۆڕانكاریەك لەبەهای دیناردا ڕووبدات ڕاستەوخۆ لەئابوری و بازاڕەكانی هەرێمیشدا ڕەنگدەداتەوە بەبەرزبونەوە یان بەدابەزین.
هیوادارین چاپكردنی یەكەی 20 هەزاری دیناری كاریگەری پۆزەتیڤی بەرچاوی هەبێت لەسەر ئابوری و دارایی و نەختینەیی ئێراق، نەبێتەهۆی دابەزینی بەهاكەی، لەهەمانكاتدا هەنگاوێك بێت بەئاراستەی پەرەپێدانی ئابوری و كەرتەكانی.
*ئابوریناس
Write to Sarko Youns