مزگەوت و زانكۆ

2 مانگ پێش ئێستا

ئەحمەدی مەلا
راستە، زانكۆ، لە سەرهەڵدانییەوە، وەكو پاشكۆی كڵێسا سەریهەڵدا، نموونەی سۆربۆن كە كاتی خۆی رۆمانەكانی رابلێی سانسۆركرد لە ساڵی ١٥٣٢، بەڵام دواتر، سۆربۆن دەبێ بە سەنتەرێكی مەعریفیی گرنگ و كڵێسا پاشەكشەدەكات بە تێپەڕینی كات، كڵێسا دەبێ شوێنی جێبەجێكردنی تەقسە ئاینییەكان و زانكۆ كاری رەخنەیی و لێكۆڵینەوە دەكات. لە مێژووی ئیسلامییشدا، خانەی حیكمە، بۆ ماوەی نزیكەی چوار سەدە، لە شاری بەغدا دەبێ بە سەرچاوەیەكی گرنگی زانستیی و ئەدەبیی، بە تایبەت كاری وەرگێڕان كە لە یۆنانییەوە بۆ سریانی، لە سریانییەوە بۆ عەرەبیی ئەنجام دەدرێت و دەبێت بە وەرچەرخانەی كە سەرهەڵدانی شارستانییەتی ئیسلامیی لێدەكەوێتەوە. بە بێ خانەی حیكمە، شارستانیی ئیسلامی سەریهەڵنەدەدا. بەڵام، ئیدی ١٢٥٨ بەدواوە، خۆری ئەم شارستانییەتە ئاوا دەبێت و ئیدی ئیسلام نابێتە بەرهەمهێنەری هیچ زانستێك كە بتوانێ شان لە شانی زانستەكانی ئەوروپای دوای رێنێسانس بدات، لەم سۆنگەیەوە رۆژ لە دوای رۆژ، حوجرە گرینگیی زانستی خۆی لەدەستدەدات و دەبێ بە سەنتەرێكی فیقهی و ئامادەكردنی مامۆستای ئاینیی بۆ راپەڕاندنی ئەركە ئاینییەكان.
كەواتە،
مزگەوت، ئیدی ئەو شوێنە نییە كە بتوانێت زانستییانە بیر بكاتەوە، قسەی لەسەر زانست هەبێت، چونكە كۆی ئەو مەرجەعانەی كە لەو سەنتەرانە دەخوێندرێن هیچ پەیوەندییەكیان بە دنیای زانستی هاوچەرخەوە نەماوە و هیچ بەرهەمێكیشیان لەو رووەوە نییە. بەرامبەر بە مزگەوت كە جیگای عیبادەتە، زانكۆ وەك مەرجەعێكی زانستی، هونەری، ئەدەبی ئەو رۆڵە دەبینێ، واتە هاندانی عەقڵی رەخنەیی، پرسیاكردنی عەقڵانی و داڕشتنی گریمانی زانستی لە هەموو بوارەكاندا، بە ئاینیی و ئەدەبی و زانستییەوە.
كاتێك، رۆڵەكانی ئەم دووە تێكەڵ دەكرێن، ئەمە پێی دەگوترێت كۆتاییهێنان بە ئەقڵی زانستی...
نموونەی رێگرییكردن لە لێكۆڵینەوەیەكی زانستی بە ناو ئاینەوە لە زانكۆی هەڵەبجە، ئەمە كۆتاییهێنانە بە ئیشی ئەقڵ و خۆ حەپسكردنە لە ناو جوغزی خۆوتنەوەدا...