منداڵ ئەبێ لە چ تەمەنێکەوە سەیری تەلەفزیۆن بکات؟

2 مانگ پێش ئێستا

 ڕۆژانە چەند سەعات سەیری تەلەفزیۆن  بکات؟
زیانەکانی زۆر سەیکردنی تەلەفزیۆن چیە   ؟ 
چۆن بتوانین ڕێگری بکەین لەو زیانانە؟
تا تەمەنی ۲ ساڵ باش نیە منداڵ سەیری شاشە بکات (تەلەفزیۆن ، ئایپاد ، مۆبایل ).
لەدوای ئەو تەمەنەوە تا تەمەنی شەش ساڵی منداڵ باشترە یەک کاتژمێر زیاتر لە ڕۆژێکدا سەیری ئەم ئامێرانە نەکات،لە تەمەنی شەش ساڵیەوە نابێت لە دوو کاتژمێر زیاتر سەیری شاشە بکات ئەویش بەو مەرجانەی کە لە خوارەوە باسمان کردوون، لە جیاتی ئەوە کاتەکانی بە یاری کردن بباتەسەر چونکە لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە کە مێشکی منداڵ باشتر گەشە ئەکات بە یاری کە خۆی بیکات لەوەی بە یاریەک کە لەڕێگەی ئەو ئامێرانەوە بیکات.
زیانەکانی یاری و سەیرکردنی ئەم ئامێرانە :
١. قسەکردنی دوائەکەوێ.
٢. ئەو منداڵانەی کە ئەگەری توشبوونیان بە نەخۆشی ئۆوتیزم هەیە (ئەو منداڵانەی کە لەڕێگەی بۆ ماوەییەوە و لەخێزانەکانیاندا ئەگەری توشبوون هەیە) ڕێژەی تووشبونەکە زیاد ئەکات. 
٣-قەڵەوی، کێشی زیاد ئەکات چونکە جوڵەی کەم ئەبێتەوە.
٤-شێوازی خەوی تێک ئەچێت و خەوی کەم ئەبێتەوە.
٥-کێشەی هەڵسوکەوتی بۆ دروست ئەبێت.
٦-لاوازبوونی لایەنی کۆمەڵایەتی، واتە گۆشەگیر ئەبێت و هاوڕێییەتی کەس ناکات.
٧-فێری ڕەفتاری توندو تیژ ئەبێت، بەتایبەتی کەسەیری فیلم و یاریەک بکات کە توندو تیژی تێدا بێت.
٨-کاتی بۆ یاری نامێنێت ، لەبەر ئەوەی زۆربەی کاتەکانی بەسەیرکدنی ئەو ئامێرانە بەسەر ئەبات.
هەندێک ڕێنمایی بۆ دایک و باوکان:
ا- هەوڵ بدە خۆت پێشتر سەیری ئەوکەناڵانە یان یاریانە بکە کە مناڵەکەت ئەیەوێ سەیریان بکە چونکە هەندێ کەناڵ و یاری زیانی زۆریان هەیە.
ب- هەوڵ بدە ئەو یاری و کەناڵانە لە شوێنێ بن لە ناو ئامێرەکە کە مناڵەکە بە ئاسانی دەستی پێ نەگات.
ج- هەوڵ بدە نزیک بیت لە مناڵەکە لە کاتی سەیرکردنی تەلەفزیۆن یان ئامێرە ئەلکترۆنیەکە.
د- ناوبەناو پرسیار لەمناڵەکەت بکە کە سەیری کام بەرنامە ئەکات کە لەماڵەوەیە، یان کام یاریە ئەکات.
ها-کاتێک لەگەڵ منداڵەکەو سەیری بەرنامەو یاریەک ئەکەیت هەوڵ بدە بۆی ڕوون بکەیتەوە ناوەرۆکەکەی.
چۆن بتوانین سنور بۆ بەکارهێنانی ئەو ئامێرانە دابنێین:
۱-ئەبێ کاتێکی دیاری کراویان بۆ دابنێین.
۲-هەوڵ بدەین بەرنامە بۆ ئامێرەکە دابنێین کە کات دیاری بکات بۆ بەکارهێنانی.
۳-نابێ لەژووری نوستن شوێنی شەحن کردنەوەی ئەو ئامێرانە بێت.
٤-نابێ لەژووری نوستن تەلەفزیۆن هەبێت .
د. پشدەر عبداللە اسماعیل
پزیشکی پسپۆری نەخۆشیەکانی منداڵان و گەشەی  منداڵان.