پیاو، مەرگ، زیندانی

2 مانگ پێش ئێستا

دلێر محەمەد نوری
بە پێی گەڕان و پشكینینەكان، بۆ پاشماوەی ئێسك و پروسكە دۆزراوەكان، بۆ دۆزینەوەی بنەچەی سەرتاكانی مرۆڤ، دەركەوتووە كە داپێرە گەورەی ئێمەی مرۆڤ و شەمپانزی دەگەڕێتەوە بۆ ٦ ملیۆن ساڵ بەر لە ئێستا. ئەپرسم ئاخۆ داپیرە گەورەمان، لەو كاتەشدا كێشەی جێندەری (ڕەگەزی)و فێمینی (مێینەیی) هەبووبێ لە گەڵ باپیرە گەورەماندا؟ باوەڕ ناكەم، چونكە هێشتا داپیرە و باپیرە گەورەمان، بەشێك بوون لە سروشت و وەكو ئەمڕۆ لە سروشت دوور نەكەوتبوونەوە، بۆ خەیاڵات و ڕەشباوەڕی و ڕوحانییاتی بێ بنەما. دوای ٣٫٥ ملیۆن ساڵی تر، لە داپیرەی ئێمە و شامپازییەوە، یەكەم مرۆڤی (هۆمۆ) ی پێشكەوتووی لێ پەیدا دەبێ، له ئەفریقیا و نیو ملیۆن ساڵ دوای ئەوە، بە ئۆڕاسیادا بڵاودەبنەوە و جۆری دیكەی مڕۆڤیش پەیدا دەبن. ١٫٥ ملیۆن ساڵ دوای ئەوەش مرۆڤی نیاندرتاڵ لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیدا دەبن. تا ئێرەش هیچ ئاماژەیەك بۆ چەوساندنەوەی لەتە نێرینەكەی مرۆڤ بۆ لەتە مێینەكەی مرۆڤ نەدۆزراوەتەوە. بەڵكو ئەوەی ڕەنگە هەبووبێ جەنگی هەردوو لەتەكەی مرۆڤ بووە، دژ بە پێدراوەكانی سروشت بۆ مانەوە، نەك دژ بە یەكتری.  
 پێنچ سەد هەزار ساڵ دوای ئەم مێژووە، ئیتر مرۆڤی هۆشمەند و ژیر گەشە ئەكات. لەم ساتەوەختەوە، مرۆڤ وردە وردە لە سروشتی خۆی دوور ئەكەوێتەوە، له بری ئەوەی بەشێك بێ لە سروشت، ئەم دژ بە سروشت ئەوەستێتەوە و زاڵ ئەبێت بە سەر سروشتدا.
هەتا وەكو مرۆڤ لە گەڕاندا بوو بە زەویدا بۆ ڕاوكردن و كۆكردنەوەی بەروبووم لە پێناو مانەوە، هەر مرۆڤەكەی ناو سروشت بوو. لەتە نێرەكە ڕاوی دەكرد و لەتە مێیەكەی مرۆڤیش بەروبوومی كۆئەكردەوە. یەكەم گۆڕانی ڕیشەییش لە ژیانیدا، ١٢هەزار ساڵ بەر ئێستا بوو، كاتێ قاچەكانی لە گەڕان وەستان و كەوتنە كاری كشتوكاڵ. پەیوەندی مرۆڤ بە گەڕان بەناو سروشت و زەویدا پچڕا و پەیوەندییەكانی بەسترانەوە بە جوگرافیایەكی زۆر بچووك كە ئەو پارچە زەوییانە بوو كە كاری كشتوكاڵی و ئاژەڵدارییان تیا ئەكرد. كۆبوونەوەی مرۆڤەكان بە ژمارەی زۆر بە دەوری یەكتریدا، بووە هۆی دروست كردنی دەیان داب و نەریت و یاسا و ڕێسای كۆمەڵایەتی و باوەڕی ئایینی  و سیاسی. ئەو یاسا و داب و نەریت و باوەڕانەی كە پەیوەندییەكانی  نێوان ژن و مێرد، باوان و مناڵ، مرۆڤ و زەوی، مرۆڤ و ئاسمان، وە مرۆڤ و دیاردەكانی دیكەی ڕێكئەخست. 
لێرەوە تا ئەمڕۆ، ئیتر ژن وردە وردە ڕۆڵە گرنگەكەی خۆی لە دەست دەدات، تا پەیدابوونی ئایینە ئاسمانییەكان لە ٣ هەزار ساڵی پێشوو. ئیتر بە تەواوەتی  پیاو بوو بە خاوەن زەوی و ژن و بەروبووم و بوو بە بڕیاردەری ژیانی هەمووان. ئەگەر ئەمڕۆ تەماشای ژیانی مرۆڤایەتی بكەین دەبینین كە مرۆڤ لە چ ترس و دڵەڕاوكێ و مەرگبینییەك دەژی لە سایەی پیاودا. لە گەڵ هەموو ئەو پێشكەوتنانەی كە مرۆڤایەتی پێی گەیشتووە بەڵام مێژوویەكی پڕاوپڕ لە خوێن و ترسی داهاتووی جەنگی ئەتۆمی و قات و قڕی و گەرم داهاتنی گۆی زەوی و پیس بوونی ژینگە، بووە بە خەمی گەورە و ڕۆژانەی مرۆڤایەتی. هەموو ئەم ئەنجامانەی ئەمڕۆ پێی گەیشتووین، بەرهەمی عەقڵ و خەیاڵ و بڕیاری پیاوانن، بەرهەمی لەتە نێرینەكەی مرۆڤە. ئەمڕۆ لە سەر زەوی سەرمایەدارەكان، زاناكان، بڕیاربەدەستەكان، خاوەن دوگمەكانی ئەتۆم، …هتد هەموو پیاون، هەموو نێرینەن. لە ئاسمانیش خوداكان، پەیامبەرەكان، ئایینزاكان و ڕوحانییەكان،…هتد هەر پیاوانن، هەر نێرینەن. ئەپرسم ئاخۆ لە ١٢٠٠٠ ساڵی پێشووەوە (سەرەتای هەڵگیرسانی شۆڕشی كشتوكاڵی)یەوە تا ئێستا لە جێگەی پیاو ژن بڕیاردەر بووایە، خوداكان و پەیامبەران و سەرمایەداران و بڕیاربەدەستان و زانایان، لە ژنان بوونایە، ئاخۆ ئەنجامەكان چۆن و چی ئەبوون؟ خۆ ئەگەر بە گریمانەیەك بڵێین مادامەكی ڕۆڵی پیاو ونە، ئەوا باشتر لەمە نەدەبوو. باشە ئەدی بۆچی پیاو و ژن بە یەكسانی ئەم ڕۆڵەیان نەگێڕا!؟ چەندین هەزار ساڵ باڵا دەستی پیاو وای كردووە كە ژیان تارمایی مەرگی لێ بنیشێت، تا لە ساڵی ١٩٧٩دا ئەنجا پیاوانی ناو ڕێكخراوی جیهانی نەتەوە یەكگرتووەكان بە نیاز بوون بە دەرچوواندنی (پەیماننامەی ڕاگرتنی هەر جۆرە جیاوازییەكی ڕەگەزی دژ بە ژنان)، باڵانسی ئەو ستەمە مێژووییە ڕاست بكەنەوە. ئەو بڕیارە پیاوانەیەش، هەرگیز نەیتوانی هەموو گەلان و وڵاتانی جیهان ملكەچ بكات. بۆیە خەباتی ژنان بەردەوامی هەیە، هەر ڕۆژەی لە شوێنێك و بە جۆرێك. ئەمڕۆ دروشمە باوەكەی ژنانی كورد بووە بە دروشمێكی جیهانی (ژن، ژیان، ئازادی)، بۆ ڕوو بە ڕوو بوونەوەی باڵادەست و دەسەڵاتدار و بڕیاربەدەست و خودا پیاوەكان. ئەگەر ژنان لەم دروشمە ڕاستگۆ نەبن، ئەوا ئەنجامی بڕیارەكانی پیاوان لە مێژوودا بۆی سەڵماندووین كە دروشمی لایەق بە پیاوان (پیاو، مەرگ، زیندانی)یە. بەوپێیەی پیاو ژیان ئەبات بە ڕێوە، مەرگ سەرتاپای ژیانی گرتووە، ژن لە زیندانەكەی پیاودا دەستبەسەرە.