خودئەڤینی، نارسیسیزم، نەرجسییەت

2 مانگ پێش ئێستا

كەمال چۆمانی
کەسایەتی شێواوی خودئەڤینی یەکێکە لە چەندین جۆری شێواوی کەسایەتی- دۆخێکی دەرونییە کە تێیدا کەسێک بێئەندازە خۆی گرنگ و گەورە دەبینێت، لە رادەبەدەر پێویستییەکی قوڵیان بە سەرنجپێدان و سەرسامبون پێیان هەیە، پەیوەندییەکانیان پڕ کێشەن، و هیچ هاوسۆزییەکیان بۆ کەسانی دی نییە.
 کەسانی نارسیست هەمیشە پێیانوایە ئەوان راستن و هەقیقەتی رەها لای ئەوانە. ئەوان لە دروستبونی هەر کێشەیەکیشدا، لۆمەی ئەوانیدی دەکەن. خۆیان بەقوربانی نیشاندەدەن و هەمیشە یەک دونیا موئامەرە دروستدەکەن لە روبەڕوبونەوەی هەر رەخنەیەکدا.
لە هەرکەسێکماندا رێژەیەک لە نارسیسیزم هەیە. مێشکی ئینسان وا پڕۆگرامکراوە کە مەترسییەکان ببینێت چونکە ئینسان دەیەوێ بمێنێتەوە. بۆ مانەوەش، کەمێک خودئەڤینی پێویستە. ئەوەی مەترسییە، مەترسییەکی زۆر گەورەش، بەرزبونەوەی رێژەی ئەو نارسیسیزمەیە لەو رێژەیەی پێویستترە.
سیاسەتکارەکانی ئەمڕۆ زۆربەیان نارسیستن. وێرانەیەک دروستدەکەن و هێشتاش خۆیان گرنگ دەبینن و بە خۆیان سەرسامن. سیاسەتکاری تاکڕەو، دڵڕەق و دوژمنکارانەن چونکە ئەو خودئەڤینییەیان وایان لێ دەکات هەمو ئەوانیدی ناشیرین ببینن و تەنها خۆیان جوان ببینن.
هەرکاتێک سیاسەتکارێک هاتو قسەیکرد، ئەو وشانەی سەرەوەتان لەبیربێ -بێگومان ئەو پۆستە تەنها بۆ بەرچاوڕونییە ئەگەرنا من توانای نوسینم لەو بارەیەوە نییە مەگەر زۆر لێی بکۆڵمەوە-.  ئەو سیاسەتکارانەی دێن قسەدەکەن و خۆیان دەکەنە فریشتە، لە راستیدا ئەهریمەنن جا چ لە دەستەڵات بن بڕیاربێ کوردستانمان بۆ بەهێز و ئاوەدان و خۆشگوزەران بکەن، یان لەناو ئۆپۆزسیۆن بن پێیانوابێ چەتەگەرایی حوکمڕانیی ئێستا بە دیموکراسی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەگۆڕن.