لەبەرکردن

2 مانگ پێش ئێستا

ئەحمەدی مەلا
گرنگ نییە چی لەبەر دەکەی، پرسیار ئەوەیە سوودی لەبەرکردن چییە؟
لە بواری پەروەردەدا، ئەوەی چاخەکانی ناوەند لە جیهانی نوێ جیا دەکاتەوە، سنوورێکە کە لەبەرکردن لە هەرسکردن جیا دەکاتەوە، هەرسکردن بە واتای ئەوەی دەخوێندرێ دەبێتە بابەتێک بۆ قسەلەسەکردن، هەڵسەنگاندن، تاوتوێکردن ئامانجەکەشی تیژکردنی زیرەکییە، بەرزکردنەوەی لێهاتووە، دواجار  جێهێشتنی شوێنپەنجەی تاکەکەسە لە بابەتی خوێندراوە.
ئەمە بە پێچەوانەی لەبەرکردن کە هەموو قۆناغەکانی چاخەکانی ناوەند، پشتی بە گواستنەوەی وەکو خۆی دەبەست، نەبوونی کتێب، کەمبوونی پەڕاو و قەڵەم، وای لە قووتابی دەکرد تاکو زاکیرەی بخاتە گەڕ و هەرچییەک دەگوترێ بیقۆزێتەوە و لەبەری بکات. ئەوانەی زاکیرەیان تیژە، ئەوان زاناترن، ئەوان زۆرزانترن، هەر ئەوانن دەتوانن بە دەقی لەبەرکراو ئەنجەت بهێننەوە، وەکو دوو کەڵەشێر بەرامبەر بەیەک ئەوەی زۆرتری لەبەر بێ ئەو دەیباتەوە.
لە شارستانییەتی ئەوروپا، وردتر لە فەڕەنسا، رۆمانەکانی فرانسوا رابلێ، لە سەدەی پانزەم، یەکەم کەس بوو کە پەنجە لەسەر ئەم برینە پەروەردییە دادەنێت و دەڵێ لەبەرکردن مرۆڤ گەمژەتر دەکات، چونکە دواجار هەر وەکو تووتی قسەی وتراو، نووسراو دەڵێتەوە.
کۆی پەروەردەی سەردەم، پشت بە لەبەرکردن نابەستێت، چونکە نیازی ئەم پەروەردەیە ئەوەیە کە گەشە بە لێهاتووییەکانی قووتابی بدات، بۆ نموونە لەبەرکردنی رستەیەکی رێک و پێ خەوش، گرنگیی نییە، بەڵکو بەکارهێنانی لە هەلومەرجی دروستدا گرنگە. ئەمە بۆ کۆی زانیارییەکانی دیکەش راستە...
دواجار، لەبەرکردن ئافاتی پەروەردەییە و دواجار لە رووی کردەییەوە هیچ سوودێکی نییە، ئەگەر لەم بوارە قورئانیش بێ هەر هەمان شتە، ئەوەی سوودی نەبێ، خێریشی نییە...