خوێنـەرەوەکــە...

10/11/2022

«خوێنـەرەوەکــە؛ گەرچی خوێندنەوەی کردە دەرەچە و تەنفیسێک بۆ ڕزگاربوونی ڕۆحـی دوو نەخۆشەکە، بەڵام دواجار تیماری دەردی ھیچیانی پێ نەکرد»!
- دێڕی (ئێکجار درەنگ) بوونی نییە، بەڵکو تەنھا (درەنگ)ھەیە و (درەنگ)یش لەھەموو حاڵەتەکاندا لە (ھەرگیز)باشترە...
ئەم فیلمە بەشێک لە پەیامە سەرەکییەکەی سەرەڕای قاڵبە تاوانە ھۆلۆکۆستیەکەی بە کـورت و پوخت ورک بینەرێک وات لێدەکات؛ ھەست بە خەمێکی قووڵ و غەمێکی ھەمیشەیی و نەبڕاوەی ناخمان بکەین، بە تایبەت لە بەرانبەر ئەوەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چ تاوانێک دەرحەق بە (دایک)ی زۆربەمان کراوە کە ھەرکامیان بە ھۆکارێک لە ھۆکارە جیاوازەکانی ژینگە و دۆخ و کەشی ژیانیان نەیانتوانیوە (بخوێنن، یاخود ببنە خوێندەوار و پاشانیش خاوەن بڕوانامە!)، بەوەیش ئێستاشی لەسەر بێت سەرەڕای تێپەڕبوونی زەمەنێکی دوور مەودا و ھەڵکشانی تەمەنیان ھێشتاکە باجی (نەخوێندەوارییان) بدەن و بەردەوام لە ناخەوە (ئاھـی پەنھانی) ھەڵبکێشن بەوەی ناتوانن تەنھا (خوێندنەوەی حەرفێک)بناسنەوە! ئاخر حاڵەت و دیاردەی (نەخوێندەواری) کوشندەترین (چەکی سپی و بێدەنگە) لای ژنان بۆ لاوازکردنی کۆمەڵگە بە گشتی! چونکە نەخوێندەواری یەکسەر (ھەستی خۆ بەکەمزانین) دەبەخشێتە مرۆڤ و زۆر خراپ نەخۆشی دەخات! تەنانەت دەیکاتە(شەرمنێکی تاوانبار)! ھەر ئەوەیشە وایکردووە ئێمەشیان(کوڕان و کچانیان) بەخۆیانەوە خستۆتە بازنە و جوغزی ئازاری خۆیانەوە کە سەرەڕای ھەبوونی چەندین شەھادەی جۆراوجۆر و پسپۆری و شارەزایی لە گشت کایەکاندا، ھێشتاکە لە بەرانبەر دایکماندا ھەست بە بێ شەھادەیی و نەخوێندەواری دەکەین!!
لە ڕاستیدا، پڵـۆتـی ئەم فیلمە سینەماییە پڕ و تەژییە لە شۆکـی لە ناکاو و ڕاچڵەکینی ھەمەچەشنە، وە بەدەر لە لایەنە ڕۆمانسی و دراماییەکەی، لە پاش نیوەی ڕووداوەکانی نێو فیلمکە لە ناکاو و بروسکەئاسا قڵبوونەوەی پڵۆت ڕوودەدات و بەوەیش تۆی بینەر ئارام و پشووت لێدەبڕێت، ئیدی ناچاریت بەو دۆخەوە تا دوانەفەس بەردەوام بیت و ھەنگاو بنێی و لەگەڵیدا ئازار بچێژیت.
The Reader 2008 ‧Romance/Drama
شــادمان محەمەد