وریای مەرگی سپی بن

10/11/2022

كەنار قاسم
لەم سات و وەختەدا، کە بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر خەریکە دەبێتە دیاردە، پێویستە ترس لەناو خێزانەکاندا بهێنێتە ئاراوە، چونکە  ئاماری تاوانەکانی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان رۆژ بە رۆژ روو لە زیادبوونە و ئێستا مادەی هۆشبەر زۆر ئاسان  لە بازاڕ دەست دەکەوێت. 
ئەوحەبانەی  لە بازاڕ و هەندێک لە دەرمانخانەکاندا هەن،  لە یاسادا هەندێکیان بە مادەی هۆشبەر ئەژمار دەکرێن، بەڵام حکومەت کۆنترۆڵی بلاوبوونەوەی ئەو دەرمانانەی پێ ناکرێت، چونکە بەشێوازی نایاسایی دێنە هەرێمی کوردستانەوە.
کارەساتەکە ئەوەیە ئەو دەرمانانە بە هەرزان لە بازاڕدا دەفرۆشرێن.
سەرەڕای کۆنترۆڵنەکردنی سنوورەکان و بە ئاسانی هاتنە ناوەوەی مادەی هۆشبەر بۆ هەرێمی کوردستان، ساڵی  2021 یاسای نوێ دەرچوو،  سزاکانی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە کەمکرایەوە.
سزای کێشانی مادەی هۆشبەر لە 15 ساڵەوە کەمکرایەوە بۆ 2 ساڵ و بازرگانیکردن لە سێدارەدانەوە بۆ 5 ساڵ و 10 ساڵ و 15 ساڵ بەپێی جۆری مادەکە کەمکرایەوە.
ئەوەش ئاشکرایە نەبوونی ئیرادەی بەرەنگاربوونەوەی توند بەراورد بە چالاکییە تاوانکارییە مەترسیدارەکانی وەک قاچاغچێتی مادە هۆشبەرەکان، مەترسی زیاتر دروست دەکات.
کەواتە بۆ رێگرتن لە بڵاوبونەوەی مادە هۆشبەرەکان سەرەتا ئەرکی خێزانەکانە وریای منداڵ و گەنجەکان بن و ئاگاداریان بکەنەوە لە مەترسی ئەم جۆرە دەرمانانە کە بەرەو مەرگیان دەبات (مەرگی سپی).
دوای خێزان، کاری پارێزەر و رێکخراو و رۆژنامەنووسانە بچەنە دادگاکان و سەرژمێری بەکارهێنانەرانی مادەی هۆشبەر و جۆری تاوانەکان وەربگرن و بێدەنگ نەبن، ئاماژە بەو زیادبوونە خێرایەی ژمارەی ئالوودەبوان بدەن و هۆکارەکانی بڵاوبوونەوە و رێگە چارەسەرەکانیش بۆ رێگرتن لێی بخەنە روو. 
هەروەها لە رێگەی میدیاکانەوە رێکارەکانی خۆ پاراستن  و لە هەمان کاتیشدا رێگە چارەسەرەکانی ئالوودەبوان بڵاوبکرێنەوە.