لەجێی سندان، قوزەڵقورتە !

12/11/2022

سەردار مەحمو
دەزانم، پەڕاندنی عەمامەی سەری پیرە ئاخوندێکی کۆنەپەرست، دڵی پڕمیهری زۆرێکتان و (منیش) ئازار دەدات، هەر وەک چۆن ئەو بەیانییەی کەلاکی کەمتیارە پیری بێ ڕەوشت (سەدام حسەین) یان هەڵواسی، زۆرێک لە خەڵک، هەموو ئازارەکانی ڕابردوویان لە بیرکرد و سۆزیان بۆ تەمەنی پڕ لە تاوان و ڕیشە چڵکنەکەی سەددام جوڵا و کار گەیشتە ئەوەی، موفتی گەورەی جیهانی ئیسلامی یوسف قەرەزاوی سەددام بە شەهید ناو ببات.

برایینە، خوشکینە....
ئەوە کۆماری کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێران و ئاخوندانی پارێزەریەتی، چل وسێ ساڵە، تەداخول لە جلوبەرگ و ئازادییەکانی خەڵکی گشت ئێران دەکەن.
ئەوە ئەوانن، ژینا ئەمینی لەسەر شل پێچانی حیجاب‌ دەکوژن.
ئەوە ئەوانن بە زۆر حیجابی ئیسلامی فەرز دەکەن.
هەر بۆیە ئەمڕۆ، کچ و کوڕە گەنجە ئازاکان عەمامەی پیرە ئاخوندان تووڕ هەڵدەدەن.


ئاخر بە درێژایی چل و سێ ساڵ...
کەی جارێک ئاخوندێک هات، دژی ئیعدامی لاوەکان نوزەیەکیان لێوەهاتبێ؟!
تکایە لێیانگەڕێن. وەک چۆن ئەوان ژن و کچان لەسەر نەپۆشینی حیجاب دەکوژن، با خەڵکیش کارێک بکەن، ئاخوندان نەوێرن بەعەبا‌و عەمامەوە بێنە بازاڕ.
کورد جوانی وتوە: لەجێی سندان قوزەڵقورتە.
ئەرێ بیرتان چوو ژینایان لە سەر چی کووشت ؟!