دەربارەی هەڵتۆقین

12/11/2022

د. سەردار عەزیز
ئەو ساڵەی نور-ی تیادا لە دایکبوو، شەڕی نێوان عێراق و ئێران تازە دەستی پێکردبوو. شەڕ بە خەستی شارەکەی نوری گرتەوە، کە بەسرەبوو. نور لە باوانێکی هاکەزایی هاتە دونیاوە. باوکی  کە ناوی زوهێر جاسمە، وەک وەرگێڕ لە کونسوڵخانەی ڕوسی لە بەسرە کاری دەکرد. ڕوسەکان ساڵانێکی زۆر لە بەسرە کونسوڵخانەیان هەبوو، هەتا داڕوخانی سۆڤیەت بەردەوام بوو، پاشان لە ساڵی ٢٠١٣ جارێکی تر کرایەوە.  پاڵەوانەکەمان نور پاشان کە هەڵدەتۆقێت پەیوەندییەکی باش لە گەڵ کۆمپانیا نەوتییە ڕوسیەکاندا دروست دەکات. بە قسەی هەیسەمی هاوەڵی بەشی هەرە زۆری پارەکان کە نور بردیویەتی خاوەندارییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان، بەڵام دەبێت هەمیشە هەیسەم وەک درۆزنێک ببینین.
نور لە سەردەمی جەنگدا گەورە دەبێت، بەڵام هەتا ڕوخانی ڕژێم کەسێکی ئاسایی دەبێت لە نێو ئەو حەشامەتە ملیونییەی شارەکە و وڵاتەکە. ئەستێرەی بەختی نور لە گەڵ بە ئەندامبونی هەیسەم جبوریدا هەڵدەکشێت. هەیسەم خەڵکی کوتە، خۆی وەها دەبینێت کە جیاوازە لە ئەوانیتر بەوەی پێش ئەوەی بێتە سیاسەتەوە سامانی هەبوە، هەموو سامانی لە ڕێگای سیاسەتەوە کۆنەکردوەتەوە. کاتێک هەیسەم، کە بڕوانامەی دوکتۆرای هەیە، دەبێتە سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، نور لێی نزیک دەبێتەوە. دەنگۆ و قسەی زۆر هەیە کە نور لە نوسینگەی هەیسەم دەست بە کاربوبێت، بەڵام هەیسەم نکوڵی لێدەکات. هەرچەندە کەس گومانی لە درۆزنی هەیسەم نیە وەک سیاسییەک. بۆ سەرکەوتن لە سیاسەتدا درۆ پێداویستییە. جۆن مێرشمایەر لەمبارەوە نوسیویەتی و هەنا ئارنت و درێداش قسەیان دەربارەی کردوە. بەڵام هەمومان دەزانین کە کرۆکی سیاسەت پەیوەندییە. پەیوەندی لە نێوان دوو لایەندا کە یەکتریان پێویستە بەڵام بە شێوازی جیاواز. هەموشمان دەزانین کە هەموو پەیوەندییەک دەسەڵات بەرهەم دەهێنێت و هەموو جۆرێک لە دەسەڵات لە پەیوەندیدا بەرجەستە دەبێت، وەک فۆکۆ دەڵێت. هەروەها هەموشمان دەزانین بۆ نمونە هەموو ڕۆژێک ژن و پیاو، کە پێکەوە دەژین درۆ بۆ یەکتری دەکەن، بۆ ئەوەی پەیوەندییەکەیان درێژە پێبدەن. زۆرینەی خەڵک حەز دەکەن درۆ لە دەمی سیاسییەوە ببیستن و سیاسیش دەزانێت درۆ باشە، بۆیە سڵی لێناکاتەوە. کاتێک کەسێک گلەیی دەکات کە دەڵێت سیاسەت درۆیە، ئەوا هەر هەمان کەس ناتوانێت هەفتەیەک بەرگەی سیاسەتی ڕاستی بگرێت. بەشی زۆری درۆ دەچێتە خانەی پیاهەڵدان و فوو تێکردن و وەهالێکردنی ئەویتر کە هەست بە خۆشی بکات. هێنری فرانکفۆرت ئەم جۆرە درۆیانە ناو دەنێت قسەی قۆر. بۆ نمونە ئەگەر سوپای وڵاتێک تێکبشکێت، هیچ سیاسیەک ناتوانێت بێتە سەر شاشە و بڵێت، سوپا تێکشکاوەکەمان، بەڵکو دەڵێت سوپا قارەمانەکەمان. لە ڕاستیدا فرانکفۆرت دیموکراسی و قسەی قۆر تێکهەڵکێش دەکات.
نور لە کاری لە گەڵ هەیسەمدا ووردە ووردە هەڵدەکشێت. لێرەدا پرسی سەرەکی ناونیشانەکەمان دێتە بەرباس، کە هەڵتۆقینە. هەڵتۆقین و هوڵتۆقیو، دەربڕینێکی نوێیە بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت کە لە ماوەیەکی کورتدا، سامانێکی زۆر کەڵەکە دەکەن. لە زمانی ئینگلیزیدا قارچکێتی یان وەک قارچک، بەکاردەهێنرێت، وەک دەزانرێت قارچک لە وەرز و جێگای گونجاودا، لە ماوەی شەو ڕۆژێکدا هەڵدەتۆقێت.
ئەم دیاردەیە هەتا ئێستا ڕەهەندە جیاوازەکانی وێستی لە سەر نەکراوە. ئەم دیاردەیە کاریگەری زۆری هەیە لە سەر خەیاڵی گشتی، دیدی خەڵک بۆ کار و سەرکەوتن و بەدیهێنانی سامان و لە ڕێگایەوە بۆ سیستەمی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و لە سەروی هەمویەوە  ئیش و کارەوە.
لە ڕوی ئابوری و کۆمەڵایەتییەوە بەم خەڵکانە دەڵێن سوپەر نوڤیو-رچ. یەکەم خەسڵەت لە چەمکی هەڵتۆقیودا روبەڕوی دەبینەوە چەمکی کاتە. هەڵتۆقیو لە کاتێکی کەمدا دەبێتە خاوەنی پارە. ئەم کاتە کەمە جێگای گومان و پرسیارە، چونکە پارە بە گشتی پێویستی بە کاتە و هەروەها کەڵەکەبونی لە یەک نەوەدا زیاتر گومان دروست دەکات. ئەمەشە وەها دەکات کە چەمکی تازە پێگەیشتوو یان هەڵتۆقیو وەک گومانلێکراو و نەرێنی ببینرێت، نەک تەنها لە کەلتوری خۆماندا بەڵکو لە سەردەمی ڕۆمانەکانەوە هەتا ئەمڕۆ. شیشرۆ لە سەردەمی ڕۆمانەکاندا باسیکردوە. ئەمە بەتایبەتی لە هەناو دۆخێکی وەک دۆخی عێراق، کە یەکێکە لە هەرە گەندەڵترین وڵاتانی دونیا، ڕاستەوخۆ پەیوەست دەکرێت بە چارەنوسی پارە یان داهاتی گشتییەوە. لە ڕوانگەیەکی ترەوە چەمکی هەڵتۆقیو ئاماژەیە بۆ خەسڵەتی خێزانیی پارە. پارە وەک دەسەڵات و پێگە و ناوبانگ خەسڵەتێکی بنەماڵەیی و خێزانی هەیە. کاتێک دەڵێن باوکی نور لە کونسوڵخانەی ڕوسی وەرگێڕبوو مانای وەهایە نور خاوەن پاشخانێکی کۆمەڵایەتی و ئابوری وەهانیە کە سامان و سەروەتی بۆ مابێتەوە. ئەم دیدە کێشەدارە، بە تایبەتی لە گەڵ سەرهەڵدانی ئەمریکادا. دەوڵەمەندبونی خێرا لە ئەمریکا مەحاڵ نەبوو یان مەحاڵ نیە، بە تایبەتی لە سەردەمی سیلیکۆن ڤالیدا. لە کاتێکدا دەوڵەمەندبون لە دەرەوەی پارەی کۆن یان پارەی بۆماوە، وەک دیاردەیەکی باش و بونی دەرفەت دەبینرێت، بەڵام لە دۆخی عێراقدا بە تەواوی جیاوازە. کاتێک کەسێک لە پاش داهێنانێک یان دامەزراندنی پیشەسازییەک دەبێتە خاوەنی سامان، لە گەڵ خۆیدا خەڵکانێکی تری زۆر سودمەند دەبن و هەروەها بەرهەمی کارەکە سود بە مرۆڤایەتی دەگەیەنێت وەک لە دیاردەی گەشەی تەکنەلۆجیادا بینیمان. بەڵام لە دۆخی عێراقدا تەواو بە پێچەوانەیە. کاتێک کەسێک لە عێراق دەوڵەمەند دەبێت، دەوڵەمەندبونەکەی دەبێتە مایەی هەژاربونی ئەوانی تر. (هەردوو جەیمس و حاتەمئۆغلۆ بە ووردی باسی ئەم بوارەیان کردوە). پارەی کۆن نەک تەنها ڕەهەندی ئابوری بەڵکو رەهەندی مەعریفی و هونەریی و کەلتوریی زۆری هەیە. گەر لە زانکۆکانی دونیا بنواڕیت دەبینیت چۆن پارەیەکی زۆر تەرخان دەکرێت بۆ بواری توێژینەوە و هونەر و لێکۆڵینەوە. ئەمە دەمانبات بۆ خەسڵەتێکی تری کەسانی هەڵتۆقیو. هەڵتۆقیو کەسێکە کە دەیەوێت پارەکەی بەکاربهێنێت بۆ پلە و پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی. هۆکاری ئەمە زۆرن. جارێک بێرلسکۆنی، کە هەڵتۆقیوێکی ئیتالییە، بە ڕاشکاوانە گوتی من بۆیە هاتمە سیاسەت هەتا خۆم و سامانەکەم بپارێزم. جگە لەمە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە هەڵتۆقیو بە گشتی نمایشکار و لاساییکەرەوەیە، چونکە لە هەناویدا هێشتا ئەوە نەبوەتە واقیع کە ئەو کەسێکی نوێیە. بۆیە یوناییەکان بە تازە دەوڵەمەندیان دەگوت مرۆڤی نوێ.
ڕێچکەی هەتۆقین گەچی کورت بێت بەڵام پڕیەتی لە ڕوداو و نهێنی و زۆرجار تاوان. نور سەرەتای سامانە زۆرەکەی لە بەندەری فاوەوە دەست پێدەکات. لەوێ بەشێکی سەرەکی بەندەرەکە دەکەوێتە ژێر دەستییەوە و لە ئەنجامدا بە خێرایی دەبێتە ملیاردێری دۆلار. (لە عێراق و کوردستان دەروازە و بەندەر و مەرز، شوێنی پارەن، ئەمە بۆخی دیاردەیەکی ئابوری سیاسی سەرنجڕاکێشە، هەتا ئێستا کەس نەویراوە دکتۆرایەکی لە سەر بنوسێت). بەندەری فاو یەکێکە لە هەر گرنگترین جێگا بازرگانییەکانی عێراق، هەربۆیە کارکردن تیایدا نەک لە ناوخۆدا بەڵکو بوەتە مایەی مشتومڕی نێودەوڵەتی. ئەمەش بوو بو بە هۆکاری کوشتنی بەڕێوبەرەکەی کۆمپانیای دایوی کۆریی، پاشان پێشاندانی وەک ئەوەی خۆی کوشتوە. 
هەڵکشان و داکشانی نور، وەک بەرجەستەکەری دیاردەی هەڵتۆقیو لە عێراقدا ئەوەمان پێناڵێت کە چۆن وەرچەرخانێک لە سیستەمی ئابوری وڵاتدا ڕویداوە، وەک سکۆت فیتزجێڕاڵد لە وەرچەرخانی سیستەمی ئابوری ئەمریکیدا لە گاتسبی مەزندا پێمان دەڵێت، بەڵکو دووپاتکردنەوەی ئەو ڕاستییە کە ئابوری عێراق دەوڵەتییە، بۆ دەوڵەمەندبون دەبێت کون و کەلەبەر و ڕێگا و ڕێچکە بدۆزیتەوە هەتا شیلەی سیستەمی دەوڵەت بمژیت. لە ئەنجامدا حکومەت هەمیشە لاوازێکی بێ گیانە. لە دۆخی کوردستاندا ئەمە لە جەستەی لاوازی حکومەتدا دەردەکەوێت. ئەمە وەک پێشەکییەک بوو بۆ دیاردەی هەڵتۆقیو کە دەکرێت کاری زۆری زۆری تری لە سەر بکرێت چونکە لە ئێستا و داهاتوودا، نەک هەر دیاردەیەکی سیاس و ئابوری و کۆمەڵایەتی دەبن، بەڵکو کاراکتەرێکی ناو کۆمەڵگا دەبن کە خەڵکێکی زۆر خۆزگەیان پێدەخوازن، ئیرەییان پێدەبەن، وەک مۆدێل دەیانبینن، ئەوانیش خۆیان وەک مۆدێل بۆ ئەوانیتر نمایش دەکەن. ئەوەنییە یەکێکیان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا هیوای دەخواست کە هەموان وەک ئەو ببنە ملیونێر.