لەبارەی یادەوەرییەکانی "موسا عەنتەر" ەوە

12/11/2022

پەیڕەو ئەنوەر

سەرەتا:
تورکیا وەک دەوڵەت، دەزگا، جیۆپۆلەتیک و مێژوو یەکێکە لەو بوارانەی کە حەزدەکەم بەردەوام کاری تێدابکەم و لەگەڵیدا بژیم. تێگەیشتن لە دۆخی ناوەوە و دەرەوەی تورکیا پێویستی بە رامان و مەعریفەیەکی یەکجار قوڵ و نەبڕاوەیە. سامۆئێل هەنگتینگتۆن تورکیا وەک دەوڵەتێکی دڕاو و پەرت و زاڵ وێنا دەکات Torn Country دڕاو بەو مانایەی کە ناتوانێت لەڕێگەی دیزاینی ئیتنیکی و کۆمەڵایەتییەوە ببێت بە چەق و ناوەند لەناوچەکەدا.
ئەحمەد داود ئۆغلۆ لە کتێبی <قوڵایی ستڕاتیژی؛ پێگەی تورکیا لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا> دەیەوێت ئەو ئاڕگیۆمێنتە گەشە پێبدات کە تورکیا چیتر بە پەرتی نامێنێتەوە و رەگەزەکانی هێزی<گۆڕاو و نەگۆڕ> هاوکاردەبن بۆ بوون بە هێزێکی هەرێمی! بەکورتی: تورکیا لە سەد ساڵی رابردوودا یەکێک لە گرفتە دەزگایی و بنیادییەکانی قوتدان و ئەسیمەیلەکردنی ئەوانی تر بووە لەناویشیدا کوردانی باکوور.
لەڕاستیدا دەوڵەتی تورکیا وەک ئەو لیڤایەسانە دەرکەوتووە کە تۆماس هۆبس لە <پەیمانی کۆمەڵایەتی>دا وێنای دەکات! موسا عەنتەر لە یادەوەرییەکانی زۆر بە قوڵی باس لەو دۆخی ئەسیمیلەیشن/تواندنەوە دەکات کە لەوڵاتەدا بەئامراز، تەکنیک و کۆدەزگای مۆدێرنەوە هەمیشە ئامادە و کارایە بۆ گۆڕینی کورد بۆ تورک. یادوەرییەکان بەزمانێکی ئەدەبی باڵا دەردەکەون. هاوڕێمان کاک <محمد عیزەددین> وەرگێڕانێکی بێ ئەندازە جوان و بێ گرێی بۆ کردووە.
یادەوەری و دەوڵەت:
لەئەدەبیاتی ململانێی نەژادیدا Ethnic Conflict دەوڵەت بەکۆی ئۆرگان و ئامێرە بیرۆکراسیەکەیەوە کەناڵێکە بۆ تواندنەوە و ونکردنی ئیتنیکە ژێردەستەکان/چەوساوەکان. دەوڵەت هەمیشە بەدوایانەوەیە، بەڕێگەی سەرباز، بەشێوەی رەق، بەشێوەی سیمبولی، سەرخان و ژێرخانی دەوڵەت لەسەر بنەمای رەتکردنەوەی ئیتنیکی بەرامبەر داڕێژراوە. موسا عەنتەر بەدرێژایی یادەوەرییەکان باس لەو چیڕۆک و بەسەرهاتانەی دەکات کە دەوڵەت و سەربازەکانی تێیدا رۆڵی سەرەکی دەبینن و ناخەون نەک بۆ پاراستنی جەنگی هەمووان دژ بە هەمووان بەڵکو بۆ چەوساندنەوەی کورد بەدەستی دەوڵەت<دەستەبژێری تورک>.
یادەوەری ناوکی زیندوومانەوەی گڕووپەکانە. دەوڵەت هەمیشە دژ بە یادەوەری ناسنامەی ئەوانەیە کە لەخۆی ناچن. لەراستیدا، یادەوەری خۆی فۆڕمێکە لە دەوڵەتی نەرم بەڵام بەبێ سوپا و سەرباز و بیرۆکراتیەت. یادەوەری بۆ گەلانی ژێردەستە رۆڵی کەتیرە Glue دەبینێت بۆ گرێدانەوەی ئەندامان بەیەکتر، بۆ پەیوەندی و بەردەوامی و مانەوە. تێگەیشتن و وردبوونەوە لەم یادەوەرییانەی موسا عەنتەر فرە رەهەند و فرە بوارە، دەکرێت لەزۆر گۆشەوە لێکدانەوەی بۆ بکرێت بەڵام ئێمە کێڵگە و کەناڵی <زیندان> هەڵدەبژێرین بۆ رامان و چوونە نێو یادەوەرییەکان.
زیندان؛ ماڵێک بۆ ناسیۆنالیزم:
موسا عەنتەر بەشێکی زۆری ژیانی لە زیندان بەسەردەبات. هەرجارەی لەسەر چیڕۆکێک دەوڵەت دەستگیری دەکات. لەسەر فیکە لێدان گوایە بە کوردی فیکەی لێداوە. لەسەر زمانی کوردی، نوسین لە رۆژنامە، رەخنە لە دەوڵەت، کوردبوون، جوگرافیای کوردی، هاوڕێی کوردی، پیتەکانی OXY زۆر پرسی تر. زیندان بۆ موسا عەنتەر دواتر دەگۆڕێت بۆ ماڵ. ماڵ وەک چەقی ناسیۆنالیزم و مانەوە.
ئەم پڕۆسەی بە ماڵبوونەوەی زیندان جارێک دەگاتە لوتکە کاتێک موسا عەنتەر دەستگیردەکرێت و دەبرێت بۆ زیندانێکی شارە کوردییەکان بەڵام زیندانەکە زۆر پیس و پۆخڵ دەبێت چونکە دەوڵەتی تورکیای ئەوکات پێی وابوو زیندانیش شایستەی ئەوانە نییە کە کوردن و بە کوردی دەژین و بیردەکەنەوە. ئاپێ موسا داوادەکات لەسەر ئەرکی خۆی زیندانەکە نۆژەنبکاتەوە. دوای رێگەپێدان نۆژەنی دەکاتەوە. دیارە ئەم کردەیە لەڕووی سۆسیۆلۆژیای زیندانەوە مانابەخش و جێگەی تێڕامانە.
تێڕامان بەو مانایەی کە کورد لە تورکیا هەم درێژەپێدەری ناسیۆنالیزمی کوردی هەمیشە تورکییە. زیا گۆکئالپ و دکتۆر عەبدوڵا جەودەت وەک کوردێک دەبن بە باوکی ناسیۆنالیزمی تورکی، کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی دادەمەزرێنن دواتر ئەم کۆمەڵەیە تۆرانیزم بەرهەمدەهێنێت و دەوڵەت دەکات بە کەرەستە بۆ زاڵبوون بەسەر ئیتنیکەکانی تر.
ئاپی موسا هەمیشە لەنێوان دادگا و زینداندا دێت و دەچێت. هەمیشە سەرباز بەدواوەیەتی. لەڕاستیدا هیچ پانتایی و بازنەیەکی کوردییانە نەبووە ئاپێ موسا لەناوێدا بژی بەڵام هەر بە کوردیش ژیاوە، بەکوردی بیری لەخۆی، مێژوو و نەتەوەکەی کردۆتەوە. جارێکیان لەئیستەنبۆڵ لەکەنار دەریای مەڕمەڕە خەریکی مەلەکردن دەبێت، لەناکاو گوێی لە فیکەیەک دەبێت ئاوازەکەی کوردییە، بەخێرا دێتەدەرەوە بۆئەوەی بزانێت کێیە ئەم فیکەیە بە کوردی دەردەبڕێت. دواتر دەردەکەوێت <یەشار کەمال>ی گەورە نوسەر و رۆماننوسە. فیکە وەک کۆکردنەوەی ئەندامانی نەتەوە لە دەوڵەتێکدا کە فیکەلێدان بەکوردی تاوانە و سزاکەی زیندان و دادگاییکردنە. ئاپێ موسا هەرگیز ماندوو نابێت لە زیندان و دادگا. ئاپی موسا لە دوا ساتەکانی تەمەنی تیرۆردەکرێت بەڵام یادەوەری و لێگەسییەکەی لەگەڵماندا دەژی و زیندوو دەمێنێتەوە.
دوا پەیڤ:
ئەم یادەوەرییانە تێکستێکی خوێنراوەیە. دەکرێت خوێندنەوە، وردبوونەوە و گفتوگۆی زیاتری لەسەر بکرێت. رووداوەکان لەناوخۆی دەوڵەتێکدایە کە دامەزاروەکانی، چیڕۆکەکانی، ئەندام و هاوڵاتییەکانی لەدژی نەتەوەیەک بەکارهێناوە تاوەکوو خۆیان لەبیربچێتەوە، رەگەکەیان بشوێنرێت. کورد وەک تورکی چیایی، ناشارستانی و دابڕاو وێنابکرێت. موسا عەنتەر بەزمانێکی یەکجار سادە دەیەوێت ئەو چیڕۆکە بگێڕێتەوە کە دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت لە تاک بە تاکی کوردی بکات! چیڕۆکی تۆ کێیت؟ کێیەتی و چیەتی کرۆکی ناسنامە و جیابوونەوە و دابڕانە لە ئەوانی تر. ئەم کتێبە شایەنی خوێندنەوەیە. سوپاس بۆ ماندووبوونی وەرگێڕ.