ئایا ناوەکانی خودا هەموویان لەهەموو بارێکدا جوانن؟

12/11/2022

رێبین ئەحمەد رەشید

ناوەکانی خواهێندەی ژمارەی ئەتۆمەکانی بوونن، ناوەکانی خودا ناوی زات نین بەڵکو سیفاتن، سیفاتیش ئیعتیبارین نەوەک زاتی و حەقیقی بن و بوونی واقیعییان ئاوێنەی ڕاستەقینەی ناوەکە بێت. بۆ تێگەیشتن لە ئیعتباری بوونی ناوەکانی خودا دەبێت سەرەتا لە وشەی ئیعتبار تێبگەین.
ئیعتیبار بەو مانایە دێت لە شتێک مانایەکی گەورەتر لەخودی شتەکە بخوێنینەوە. ئیعتیبار زیاتر سەبجێکتیڤە نەوەک ئوبجێکتیڤ بێت تا لە دەرەوەی خۆمان هەمومان چونیەک هەستی پێ بکەین، ناوەکین زیاتر نەوەک دەرەکی بن. بۆ نمونە من کتێبێک دەخوێنمەوە، کارێکم بۆ دروستدەبێت، کاغەزێک لەنێوان کتێبەکەدا دادەنێم تا کارەکەم تەواو دەکەم و دواتر دێمەوە سەر خوێندنەوەکەم. لەچاوی بونەوەرێکی دەرەوەی مرۆڤدا دانانی کاغەزێک لە نێوان پەڕەکانی کتێبێکدا دەشێت هیچ مانایەکی نەبێت، بەڵام لەچاوی مرۆڤێکدا ئەم کارە کارێکی ئیعتبارییە، دەلالەتی تایبەت بە خۆی هەیە، ئەم کاغەز دانانە واتە من تا ئێرەم لەم کتێبە خوێندووەتەوە. کارەکە دەشێت خۆی لەخۆیدا زۆر بێ مانا بێت، ئەوەی مانا دەداتە کارەکە ئیعتباری منە وەک کەس بۆ ئەو کارە. یاخود تەماشای هەڵبژاردن بکە، من کاغەزێک دەخەمە نێو سندوقێک، دەشێت مەیمونێکیش کتومت وەک من ئەو کارە بکات، بەڵام ئەوەی من لەمەیمونەکە جیادەکاتەوە ئیعتیباری پشت کارەکەیە، ئەو کاغەزەی من دەیخەمە نێو ئەو سندووقە کەسێک دەکاتە پاشا و کەسێکی دیکە لە پاشایەتییەوە دەکاتەوە کەسێکی ئاسایی، بەڵام سندوقی لای مەیمونەکە وانییە، کارێکی تەواو بێمانایە.
بۆ تێگەیشتن لە ناوەکانی خوداو دواتر دوعاکردن پێیان ئێمە دەبێت لە بیرکردنەوەی سەلەفییانە و ئوبجێکتیڤیی بۆ بونیان دەرچین و زۆر بەباشێ لە ماناکانی ئیعتیبار و حەقیقەت تێبگەین.
لە سروشت و یاساکانیدا بەهچ شێوەیەک ئیعتیبار بوونی نییە، واتە لە دروستبوونییەوە تا ئەمڕۆ گەردون و سروشت بە یەک جۆر سوڕاون، هیچ دەلالەتێکی مێژووییمان نییە بڵێت ئەم یاسایانە ڕۆژێک لەڕۆژان وەستاون، یا بەشێوەیەکی دیکە کاریان کردووە. زانستە سروشتییەکان زیاتر سەر بەم باسەن، واتەئیعتیباری نین، هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە بەهیچ شێوەیەک "درۆ" لە سروشتدا بوونی نییە، ئەوەی وادەکات "درۆکردن" لەدایک بێت ئیعتیبارە نەک حەقیقەت، ئیعتیباریش شتێکی تەواو تایبەتمەنە بە ئێمەوە وەک ئەو بونەوەرانەی خاوەنی شعورو و ڕیسێپتەری ئیعتباریین.
سەبارەت بە ناوەکانی خودا دەبێت لەم ڕوانگەیەوە تەماشایان بکەین، ئیعتباراتی ئێمە بۆ ئەو ناوانە ئەو ناو و سیفەتانە دێنێتە بوون نەوەک خۆیان لەخۆیاندا بوونی سەربەخۆیان هەبێت. جارێک نادانێک دێت بۆلای عیسا، پێی دەڵێت گەر تۆ پێغەمبەری خودای ئەو ناوەم فێربکە کە مردووی پێ زیندوو دەکەیتەوە. عیسا زۆری لەگەڵدەڵێت کە وشەکان گرنگ نین، نەفەسی پشت ئەو وشانەو ئیعتبارەکەیان گرنگە نەوەک جوڵاندنی دوو لێو و ئەنامدانی ورتە ورتێک، دیارە ئەم هەر سوورە و هەرتێناگات. خودا عیسا ئاگادار دەکاتەوە ئەو وشانەی پێ بڵێت کە مردوو زیندوو دەکاتەوە، کابرای نادان وشەکان فێردەبێت و دەڕواتە گۆڕستانێکی ئۆرشەلیم، هەرچی دەیڵێت هیچ مردوویەک لەگۆڕەکەی نایەتە دەرەوە، دێتەوە لای عیسا و دەستدەکات بە قسەی بەرز و نزم، عیسا سەری بۆ ئاسمان بەرز دەکاتەوە و دەڵێت:" خودایا تەماشای ئەم بەندەیەت بکە و ئاوڕێکی لێبدەرەوە. ئاخر من دەتوانم چی پێ بڵێم لە کاتێکدا خۆی مردووە و پێویستی بە زیندوو بوونەوە هەیە بەڵام داوای زیندووکردنەوەی مردووەکان دەکات"
لێرەوە تێدەگەین ئیعتیبار و ناوەکانی خودا دوانەیەکی چەندە لێکئاڵاو و پێچیدەن. بەدڵنیایی ناوەکانی خودا زیاتر لە نەوەدو نۆ ناون، ئەوە تەنها عەقڵێکی لەچوارچێوەنراوی سەلەفیزمە کە توانای دەرکی زات و سیفاتەکانی باری تەعالای نییەو پێی وایە خوداش دەبێت لە چوارچێوەی ژمارە بگیردرێت و لە نەوەد و نۆدانەدا حەسریان دەکات، چونکە خۆی توانی دەرچوونی لەو چوارچێوەیە نییە، بەعەقڵێی تەوا سروشتی نەوەک مرۆیی دەجوڵێتەوە. ناوەکانی خودا بەئەندازەی تەجەلیاتن لە گەردون و بووندا واتە ملیارەهان، "قل لو کان البحر مدادا لکلمات ربی لنفد البحر قبل ان تنفد کلمات ربی"
ڕۆچوون لەهەرناوێکدا و ئیستیغراق تێیدا هەرچەندە حوسناش بێ دەیکاتە شتێکی قەبیح، سیفاتەکانی خودا تەرازوو و میزانن، ئاماژەن بۆ شتێ لەخۆیان گەورەتر، هەرکەسەو بەقا گۆزەکەی دەستی دەتوانێ لەم دەریایە ئاو هەڵگۆزێت، دەریا ویستی و حەزی جێکردنەوەی هەموو دەریا لەگۆزەیەکدا دیارە چەندە شتێکی مەحاڵ و نەکردەیە. ویستی قوتدانی دەریا ویستێکی بەتاڵ و بێ جەدوایە. دەشێت ئیستیغراق لەنێو ناوێکدا بمانکاتە موشریکێکی تەمام عەیار.
هەموو گەردوون بە خێر و شەڕییەوە، بە باشە و خراپەیەوە، بە بوون و عەدەمییەوە، بە کوفرو ئیمانییەوە، بە جوانی و ناشیرینیەکانییەوە، تەجەلی و درەوشانەوەی ئەو ناوانەن. ئەو ناوانە خۆیان لەخۆیاندا بێ مانان، وەک حەرفی جەڕ لە زمانی عەرەبیدا وان، بە یارمەتی غەیری خۆیان"کە ئیعتباراتی ئێمەیە بۆیان" مانا پەیدا دەکەن. کاتێک جیلوە دەدەنەوە لە عالەمی بووندا کە دەدرێنە پاڵ شتێکی دیکە. دەقیق وەک ئەو تیشکە بێڕەنگە وان تا کاتێک بەناو ئاوێزە یا ئەڵماسدا نەیانبەین ناشکێنەوە بۆ حەت ڕەنگی شەبەنگی بینراو.
بە گوێرەی تەرمینۆلۆژی دینەکان خودا خۆی لە خۆیدا بێ فۆڕمە، کە تەجەلی دەکات و دەچێتە ناو فۆڕمەوە بەزات ناچێت، بەم سیفاتانەوە دەچێت، ئەو سیفاتانەش ئێمە و ئیعتیبارەکەمان مانایان دەداتێ. "المنتقم- تۆڵەسێن" دەتوانێ بە هەزاران جۆری جوان و ناشیرین تەجەلی بکات، تەجەلی"الرحیم- بەزەیی" خوا لە دایکێکدا بۆ مناڵەکەی شتێکی جوانە، بەڵام بۆ کەسێک کە بیهەوێت مناڵەکەی سەرببڕێت ئەم دایکە نابێت ڕەحیم بێت، دەقیق ڕەحیمیەت لە وەها دۆخێکدا ناشیرنیی و قەباحەتە، دایکیک دەبێت لە دۆخیکێی واا "الجبار-توند و سەختگیر" بێت، وەک ئەوەی لە مریشکێک بۆ جوجەڵەکانیدا دەیبینین کاتێک پشیلەیەک دەیەوێت بیانخوات، جەبارییەت لەم کاتەدا دەبێتە جوانی ڕەها.
بەنیسبەت خودی خوداوە ئەو ناوانە نە جوانن نە ناشیرین، چونکە لەڕاستیدا جوانی و ناشیرینیش هەر جیلوەی ئەو ناوانەن و ئیعتباریین، ئەمانە سیفاتن نەوەک زات بن واتە ئاماژە و ئیشاراتن بۆ زات. کوفر و ئیمان، ئاو و ئاگر ، شەو و ڕۆژ بۆ خوا نەباشن نەخراپ، نەجوانن نە ناشیرین، لەو ڕووەوە کە خالقی هەموویانە ئەو بەیەک دووری لەهەموو ئەوانە دەوەستێت، بە قەولی قورئان: "الرحمن علی العرش استوی"، عەرش دووریی چونیەکی زاتی خوایە بۆ تەجەلی و ڕەنگدانەوەی سیفەتەکانی، نەوەک کورسییەک بێت لە ئامان خودا ەسەری دانیشێت، بەڵام کاتێک ئێمە ئیعتیبار و ئیختیارمان دەدرێتێ بۆ ئەوەی جیلوەکان هەڵبژێرین، لێردایە فەرقەکە دروستدەبێت کە دەبێت جوانترینی جیلوەکان هەڵبژێرین. کوفر و ئیمان، ئاو و ئاگر، ڕووناکی و تاریکی وەک مەخلوق بۆ خودا یەک شتن، بۆ ئەو نەباشن نە خراپ، بەڵام کە لە دونیای فۆڕمدا بۆ ئێمە دەردەکەون ئێمە موکەلەف دەکرێین بەوەی ئیمان لەپێش کوفر و ڕووناکی لەپێش تاریکی دابنێین.
من و تۆ ناشێ لۆمەی ئەو کەسە بکەین کە بۆ یەکەمجار پارەی داهێنا، لەبەر ئەوەی بەشی زۆر دزیکردن پاش دروستبوونی پارە دروستبووە، نا، دزیکردن ئەنجام و جیلوەی ئیعتیبارێکە کە ئێمە بۆ پارەی دادەنێین نەوەک لەخودی ئەو پارچە کاغەزەدا هەبێت کە پێی دەگوترێ پارە. واتە گەر پارە ئیعتباری نەما دزیکردن ڕاستەوخۆ دەگوازێتەوە بۆ شتێک کە لای ئێمە ئیعتیباری هەیە. قسەکە نابێ وابکرلت گەر پارە نەبوایە ئەوا دزیکردنیش نەدەبوو، ئیعتیبار بۆ پارە دروستکەری دزیکردنە، بەڵام کەس نایەت نکۆڵی لێبکات. هەموو شتەکانی دیکەش هەر بەم جۆرەن.
سیفاتەکانی خودا زیاتر لە کیتابی مەنشوردا "گەردوون"دا دەردەکەون نەوەک لە کیتابی مەستووردا "کتێبە ئسمانییەکان"". ئەوە سەلەفیەتە پێی وایە تەنها یەک قورئانمان هەیە. گەردوون قورئانێکی تەواو بینراوە کە "کل یوم هو فی شٲن" دەقیق ئەمە دەسەلمێنێت. بەنیسبەت ئێمە مانادارن نەوەک بەنیسبەت خۆی. تەماشا شەفەقەت و ڕەحیمیەتەکەی لە دایکێکدا بۆ کۆرپەکەی دەدرەوشێتەوە، بەڵام جەبەروتەکەی لە هەورە بروسکەیەکدا دەردەکەوێت، "السلام" لە ئاوی ڕوبارێک و "المنتقم" ەکەی لە تۆرنادۆیەکی تەکساسدا، ئەمان بەگوێرەی مانا "من حیث المعنی" بۆ ئێمە مانادارن چونکە خاوەنی گۆکنیشن و زیهن و عەقڵ و دڵ و ڕۆح و گیان و دەیان ئامرازی دیکەین کە ئیعتیبار دروستیان دەکات. ناوەکانی خودا هەمیشە بە گوێرەی ئیعتیبار حوسنان، نەوەک بۆخودی خوا خۆی حوسنا بن.