ژنـەخزمەتکـارەکــە...

12/11/2022

«فیلمێک لە بارەی خیانەتـی پیـاوان و ئـیرەیـــی ژنــان و تۆڵـەی ژنانەوە».
«پـڵۆتی ئەو فیلمەی پێش زەمەنـی خۆی کەوتبوو».
«تـرسناکترین مرۆڤەکان، گوێ ھەڵخەرەکانـی پشت دەرگاکانەوەن».
The Housemaid 2010
Thriller / Erotic thriller
سینۆپس - پـڵۆت؛
«ژنە خزمەتکارێکـی کۆن و بە تەمەن و بەئەزموونـی ماڵە دەوڵەمەندێک کە خاوەنماڵەکە - بزنسمانێکی ساماندارە، ژنەکەیشی دووگیانە و لە ھەمانکاتدا خاوەن کیژێکی خنجیلانەیە، بۆ ئەوەی بە کارەکانی ڕابگات ناچارە ھەوڵبدات کیژە یاریدەرێک - کیژەخزمەتکارێکی لاو بھێنێتە نێو ئەو ماڵەوە وەک سەپۆرت و پاڵپشتیەک بۆ خۆی و ماڵەكەش، بەڵام دواتر ئارامی بەھەشتی دۆخی ماڵەکە، لە ھەموان دەبێتە دۆزەخ».
ئەم فیلمە سینەماییە، بەرھەمی وڵاتی کۆریای باشوورە، لە ڕووداوی ڕاستەقینەوە وەرگیراوە کە لە پەنجاکانی سەدەی رابردوودا ڕوویداوە. گەر چی تا ئیستا چیرۆکی ئەم ڕووداوە زیاتر لە دووجار کراوەتە فیلمی سینەمایی بە تایبەت لە ساڵی ١٩٦٠دا، بەڵام دواتریش و پاش تێپەڕبوونی (نیو سەدە) و لە ساڵی ٢٠١٠ سەرلەنوێ کراوەیەوە بە فیلم، بەڵام بە کەمێک دەستکاریی و گۆڕانگاری لە پڵۆتی فیلم بە گۆڕانگاری ڕۆژگار و ژیانی ئیمڕۆمانەوە.
ئەم فیلمە ھەڵگری ژانراکانی وەک؛«ھەستبزوێن و تاوان و درامی و ئیرۆتیکی»یەوە و لەگەڵیدا دەچێتە قاڵبی کۆمیدیای ڕەشەوە. سەرەتا، بە چوونی ئەو کیژەخزمەتکارە لاوە بۆ نێو ئەو ماڵە ھەموو شتێک نۆڕماڵ و ئاسایی دەچێتە پێشەوە، تەنانەت ھێندە ھاوکار وھەماھەنگی ماڵەکە دەبێت لە بەرێوەچونی کارەکەیدا، دەبێتە جێی سەرنجی سەرجەم خێزانی خاوەنماڵەکە، بەڵام ئەم باشبوون و جۆرە دڵسۆزییەی غیرە و ئیرەییەکی زۆر لەلای ژنەخزمەتکارەکە کۆنەکە دروستدەکات کە ئەو نادیدە و پەراوێز بگیرێت، ھەربۆیە چاوەرێی ھەلێک دەکات تاوەکو کچەلاوەکە ھەڵەیەک بکات و ئەوجا وەدەری نێن.
تا ئەوەی شەوێک کابرای خاوەنماڵ - پیاوی ساماندار و بزنسمانەکە لە میانەی قۆستنەوەی دۆخ و حاڵەتی دوگیانی ژنەکەی کە ناتوانێت وەک جاران سێکسی لەگەڵدا بکات، بەوەیش غەریزەی سێکسی پەلکێشی دەکات بۆ نێو دونیا و چێژی ژنەخزمەتکارە لاوەکەوە، بە مەرجێک زۆر شاراوە و پەنھانییانە پەیوەندییەکەی لەگەڵدا دروست بکات. ئیدی پاش قایلکردن و چەند خەوتن و سەرجێیەکی پڕچێژ ھەردولا دەگەنە پلە و حاڵەتی ھۆگربوونەوە. بەڵام وەک دەوترێت؛«ھیچ شتێکی پەنھانی تا سەر بە پەنھانی نامێنێتەوە».
ھەربۆیە ئەم نھێنیە شاراوەیە وا دەکات کە بزنسمانەکە گرنگی زیاتری پێ بدات و بەوەیش ناوبەناو (پارە و پاداشت و تەنانەت چەکی بانک)ی بۆ فەراھەم بکات بە جۆرێک تەواو شوێن بە بەخزمەتکارەکۆنەکە لێژبکات کە ئەزموونێکی دورمەودا و پڕوەفاداری لەو ماڵەدا ھەیە. بەوەیش ئیدی (گڕی غیرەی ژنانەی لێ بەردەبێت)، ھەربۆیە سەرەتا بە چاودێری وردەوە دەڕوانێتە پەیوەندی نێوانیان و دەبێتە گــوێھەڵخەرێکی باش ... وەک ھەمیشە وتراوە؛«ترسناکترین کەسەکان گوێھەڵخەر و کەسەکانی پشت دەرگا و دیوارەکانن کە بە بێ دەنگییەوە خۆیان مات دەدەن و ھەموو گیانیان دەبێتە گوێ»! لە ڕاستیدا پاش موتابەعەکردن و چاودێری وردی پەیوەندی نێوان ژنە لاوەخزمەتکارەکە و خاوەنماڵەکە ئیدی تەواو دڵنیادەبێتەوە لەوەی پەیوەندییەکی شاراوەی سێکسی و پەنھانیان ھەیە، بۆیە ئەمەیش دەکات تاوەکو ببێتە چەکێکی بەھێز بۆ خستنی کچەکە و وەدەرنانی لە کارەکەی. ھەربۆیە سەرەتا ناچارە دایکی ژنەی پیاوە ساماندارەکە لەو لایەنەوە ئاگاداربکاتەوە، بۆ ئەوەی بە تیرێک دوو نیشانە بپێکێت. دواتریش بە ھەرسێکیان واتا؛ بەدایکی ژنە دوگیانەکە - ژنەی پیاوەساماندارەکە و خزمەتکارە بەتەمەنەکە پلانێکی دۆزەخی بۆ کیژەلاوەکە دابنێن و بەوەیش دواتر ژیانی تەواو بەدبەخت دەکەن.
نامەوێت لەوە زیاتر سپۆیل بکەم، بەڵکو تەنھا دەمەوێت بڵێم؛ «پڵۆتی ئەم فیلمە وەک دەڵێن؛ پێش زەمەنی خۆی لە دایکبووە، چون باس لە ڕووداوگەلێکی کۆمەڵایەتی - خێزانی کۆمەڵگەیەکی کۆریای باشور دەکات کە پاش چەندین ساڵ لە نێو ماڵی زۆرێک لە ماڵە دەوڵەمەندەکاندا سەری ھەڵدا و بووە دیاردە و بە ھۆیەوە چەندەھا تاوانی یەک بە دوای یەک کێشەی قوڵ و گەورەی لە بن نەھاتووی وەک ھەڵوەشاندنەوەی خێزانی لێکەوتەوە. بە تایبەت لە ژێر سەقفی ماڵە دەوڵەمەند و بزنسمانەکانی وەک کۆمەڵگەی «سعودی و قەتەڕی و ئیماراتی .. ھد.. تەنانەت بە کوردستانی خۆشمانەوە کە ماوەیەک زۆرکەس بە ھۆیەوە گیرۆدەی کێشەی خێزانی ببۆوە. بێگومان ئەم دیاردانە جیھانین و وابەستەن نین بە یەک میللەتی دیاریکراوەوە.
جا لێرەدا، ئەوەمان لە لا ڕووندەبێتەوە کە سەرەتا و کۆتا ھەر ژنەکان قوربانی یەکەمن، چ ئەوەی ئەنجامی دەدات و چ ئەوەیشی دەبێتە قوربانی.. چون زۆرکات ژنەکارگوزار و خادیمە و پاکەرەوەکان لە ترس و بیم و لە دەستدانی سومعە و کارەکانیان زۆر شتی ناقۆڵا قبووڵ دەکەن بە تایبەت وەک لێدان و سەرزەنشکردن و سوکایەتی پێکردن و دەستدرێژی سێکسی و زۆر لایەنی قێزەوەنی تریش. ئەم فیلمە پێمان دەڵێت؛«بێدەنگـی و دڵرەقی تاوان دروستدەکات». چون لێرەدا ژنەی خاوەنماڵ گەرچی تەواو ڕاستیەکان دەزانێت، بەڵام ناتوانێت ڕووبەڕوو بە مێردەکەی بڵێت؛ کە بۆچی لەگەڵ خزمەتکارەکە پەیوەندی نافەرمی داناوە! بەڵام چون یەکەم منداڵ لێی ھەیە، لە ھەمانکاتدا بە دوانەیەک دووگیانە لێی و دوەمیش پیاوەکە بێسنوور دەوڵەمەندە! ئیدی ڕێگەی تری گرتۆتەبەر! تەنانەت خزمەتکارە کۆنەکەیش ھەر ناتوانێت بلێت؛ ئەوە پیاوەکەتە شەھوەتی زۆربووە و چۆتە لای کیژەلاوەکە خزمەتکارەکە! دواجاریش کچەی قوربانیش لە بەر ترس و حەیا و ھەژاری ناتوانێت فززە بکات، بەڵکو دوچاری ھۆگربوونیش بووە! ھەربۆیە زۆرکات لە کاتی خۆیدا و ڕووبەڕوو مرۆڤەکان سەرەڕای ھەڵە زەق و باو و تۆخەکانی ژیانیان لە بری تۆڵە گەر پێشتر نیقاشی کراوە و لە سەرخۆ بێننە ئاراوە و حاڵەت و دۆخ و پاڵنەرەکانیش باسبکەن ڕەنگە تاوانەکانیش ھێندە خراپتر نەبن و کە ئیدی ھەلی چارەسەرکردنی تێدا نەمێنێت.
ئەم فیلمە لە کۆتاییدا؛ پەردە لەسەر تاوانێک ھەڵدەمالێت کە لە ھەمووکات زیاتر لە نێو خەڵکیدا دەژی و بوونی ھەیە.
لە بیریشمان نەچێت ئەم فیلمە تەنانەت لە ڕووی سینەماتۆگرافییەوە زۆر جوان و نایاب وێنەی لێگیراوە، لەگەڵیدا ساوندتراک لەگەڵ وێنە و دیمەنی بێدەنگ و خامۆشدا یەکانگیر بووە و باڵـی بەسەر کەش و موودی فیلمدا کێشاوە.
شـادمان محەمـەد