گۆرانیی لە باشوور

13/11/2022

ئەحمەدی مەلا
هەرچەندە هونەری گۆرانیی پەیوەندیی بە چێژەوە هەیە، بەڵام، هونەری گۆرانیی لە باشوور هێشتا قۆناغی دیوەخانی دەربەگەکانی تەی نەکردووە، ئەگەر سروودە نیشتیمانییەکان بخەینە نێو دووکەوانەوە. لە ئەی رەقیب و سروودی نەورۆزەوە تاکو سروودەکانی کۆتایی حەفتاکان و هەندێ سروودی دیکەی ئەم بیست سی ساڵەی دوایی..کۆی ئەم سروودانەی قسەی زۆر هەڵدەگرن، لێرەش جێیان نابێتەوە..
هونەری دیوەخانیش گرنگە، لە مێژوویەکی دێرینەوە دێت، بەڵام مۆرکی ئەم هونەرە سەر بە دنیای لاوانەو و ئەڤینی لەدەستچوو و کروزانەوەی عاشقانە، هەندێ دیمەنی ئیرۆتیک کە حەیرانەکانمان دەیگەیەننە لوتکە. تەڕوپاراوی دەکەن بە نەغمەیەک کە سیساوە بە رەوانیی دەیڵێتەوە.
دیوەخان دیمەنێکی وەستا و جێگیریی هەیە، واتە، هەم گوێگرەکان دانیشتوون، هەم گۆرانییبێژ و مۆسیقاژەن دانیشتوون، دیمەنی دانیشتن، بە تەواویی رەنگی داوەتەوە لە ئەدا، لە مێلۆدی، تەنانەت لە دەقەکان، هەندێجار سەرلەقاندن، حەیف و ئاهێکی سارد دەشارێتەوە کە هەم خوێندنەوەی عەشقێکی لەبارچووە، هەمیش تێگەیشتنە بۆ دنیایەک کە لە ناو دەچێت، دنیایەکی فانی وەکو دەگوترێت.
گۆرانیی کوردیی لە باشوور، هێشتا ئەم قۆناغە بە تەواویی تێنەپەڕێندراوە تاکو بە تەواویی هونەری شاریی بە ئەدایەکی نوێ بۆ داڕشتنی گۆرانبی بێتەکایەوە...هێشتا دەقگەلی نوێ، تێگەیشتنی نوێ بۆ دنیای دەق، بۆ ئەوەی ئاوازی نوێ، گۆرانییبێژ بخاتە سەر تەختەی شانۆیەکی نوێ، لە ئاسۆوە دیار نییە یا هاوشان بێت لەگەڵ جووڵەکانی ئەم سەردەمە...
تێبینی : تەنانەت کلیپەکانیش کە لە ناو دیمەنی دەرەوە، بە سەماوە و جوڵەوە، ئەو دنیا وەستاو و جێگیرەی تەی نەکردووە.