شار

16/11/2022

پەنجەرەكە ڕووە و شاخەكە بوو ، ئێوارەیەكی ساردی زستان بوو، بەتەواوی دنیا تارێیك نەبووە ،شەشەم ڕۆژی خولی ڕۆژنامەوانیەكەبوو ، لە یەكێك لە ھۆڵەكانی كتێبخانە گشتی شار ،
ھەموو ڕۆژێك لە ھەمان ھۆڵ دائەنیشتین
لاورا ژنە مامۆستا ئینگلیزەكە بە زمانەكەی خۆی وانەكەی ئەوتەوە و لە دوای ھەر ڕستەیەك وەرگێڕەكە بۆی وەرئەگێڕاینە سەر زمانی كوردی ،ئێمەش دەستمان ئەكرد بە نووسین.
مامۆستاكە ھەندێ جار لە وانەكە لای ئەدا و باسی شتێكی تری بۆ ئەكردین ، ئەمڕۆ باسی شارەکەی ئەكرد، ئەو شارەی كە ئەو تێیدا ئەژی و مامۆستایە

بۆی باس ئەكردین كە ئەم شارە شارێكی جوانە ، خەڵكەكەی كەسانێكی میوان دۆستن و كۆمەڵایەتین
، بۆی باس ئەكردین كە ئەم شارە سروشتێكی ئێجگار جوانی ھەیە، لەھەر گۆشەیەكەوە سەیری بكەیت جوانیەكانی ئەبینین ،
بە دەستەکانی ئاماژەی بەرەوە پەنجەرەکە کرد ، پێی ووتین :«تەماشاكەن ، لە پەنجەرەكەوە سەیری شاخەكە بكەن چەند جوانە،سەرتاپای شاخەكە بریسكەی یەت ، ئەمڕۆ كەش و ھەوایەكی خۆشی ھەیە و ساردە ، بەتەواوەتی بەفر ھەموو شاخەكەی سپی پۆش كردووە» ...

كاتێك لە پەنجەرەكەوە سەیرمان كرد ، سەیر بوو ..ھەستێكی ئێجگار سەیر بوو ، سەرم سووڕما لە جوانی ئەو شاخە ، ھەرگیز بەو شێوەیە نەمبینیبوو ، سەیرم ئەكرد لە تابلۆیەكی ئێجگار جوان ئەچوو ،
ئەو ڕاستی كرد بێ ئەندازە جوان نەخشابوو ، بەفر تا دامێنی شاخەكە ھاتبوو ،كەمێك دەرەوە تاریك بوو ، ھێندەیتر ڕووناكی و دەرەوشانەوەی بەفرەكە شاخەكەی جوانتر دەرئەخست .

نابیت ، چۆن ئەبێت من ھەموو ڕۆژێك لەبەردەم ئەم پەنجەرەیە وەستاوم ، ھەموو ڕۆژێک ھەر لێرەدا دانیشتووم ، ھەموو ڕۆژێك ئەم شتانەم بینیووە ، ھەموو ڕۆژەكان بێ ئاگایانە سەیری دەرەوە و شاخەكەم كردووە، ئەمەم نەبینیوە ؟
، كەوتمە سەرزەنشت كردنی خۆم ، بۆ ؟
بۆ من ھیچ كاتێك نەمتوانی وەكو مامۆستاكەم ئەو شاخە وا بە جوانی ببینم ؟
بۆ من نەمتوانیبوو ئەو شارەی کە تیا دەژیم ، شەقامەكانی ، ئێوارەیەكانی ،كەش و ھەواو و سروشتەکەی ، وەكو ئەو كەسە غەریبەیە ببینم ؟
ئەبێت سروشتی فێرکردنی سەیرکردن بۆ شتەکان لە نێوان ئێمە و ئەواندا جیاواز بێت ؟

دوای ئەو ئێوارەیە ، گۆڕا...زۆر شت گۆڕا ،
سەیركردنی شاخەكە گۆڕا، ئتر ھەرگیز ئەم شاخەی ئەمڕۆ شاخەكەی دوێنێ و پێرێ نەبوو ،
گۆڕا ، ھەرگیز شەقامەكان ھەمان شەقامەكانی دوێنێ نەبوون ، ھەمان سروشت و كەش و ھەوا نەبوو ،
گۆڕا..تێڕوانینی من بۆ سەیركردن گۆڕا ، لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا زۆر شت گۆڕا ..
جیاواز لە دوێنێ, ئەمڕۆ ھەموو شتێکم بە جوانتر دێتە بەر چاو.

شەن بەھجەت