سەردەمی بێغیرەتی!

16/11/2022

د.هەژار عوسمان مەعروف
ڕوداوی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی لە ژێر ئەشکەنجەی پۆلیسی ڕەوشتی ڕژێمی ئێران لە تاران لە ڕۆژی ١٦ ی ٩ ی ٢٠٢٢ بوبە ئەو کڵپەئاگرەی کوردستان و بلوجستان و هەمو شارە گەورەکانی ئێرانی گرتەوە. ئەم ڕوداوە هەمو دنیای بە جۆرێک جوڵاند کە لە پایتەختەکانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدا لە چەند ملیۆنێک زیاتر مرۆڤی هێنایە سەر شەقامەکان کە هەمویان بە یەک دەنگ دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی شەقامەکانیان دروشمباران دەکرد و داوای ڕوخاندنی ئەو ڕژێمەیان دەکرد. ژینا ئەمینی چوە مێژوی هەمو جیهانەوە و ئێستا لە ویکیپیدیا و گوگل بە هەمو زمانکانی دنیا باسی لێدەکرێ.

 

ڕۆحی نارەزایەتیەکانی کوردستان دژی ڕژێمی ئێران چارەسەرنەکردنی کێشەی کوردە لەو وڵاتەدا و چەوساندنەوەیەتی بە دڕندانە ترین شێوە لە ماوەی ٤٢ ساڵی ڕابوردوی تەمەنی ئەم ڕژێمە. چارەنوسی هەر بەشێکی کوردستانی گەورە بەندە بە بارودۆخی بەشەکانی ترەوە.لە سلێمانی خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە دژی ڕژێمی ئێران بە شێوەیەکی بێبەزەییانە سەرکوتکرا، لە هەولێر و دهۆک پارتی نەیهێشت کەس فزەی لێوە بێت.

هەر سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی کوردستان بەیانێکی فەرمیان بڵاونەکردەوە بەلای کەمەوە لە سەر کوشت و بڕەکان و زیندانی و ئەشکەنجەدانی پتر لە چەند هەزار خوشک و برای کوردمان لە ئێران. پاساوی ئەوەی ئێران بە درۆن و ساروخەکانی وەڵامی هەرێم دەداتەوە و باشوری کوردستان وێران دەکات و حکومەتی هەرێم دەڕوخێنێ پاساوێکی لاوازە بەم بەڵگانەی خوارەوە:

•باشوری کوردستان بۆ ئێران کە لە ژێرئابلوقەی ئابوریی خنکێنەری ئەوروپا و ئەمریکادایە، ئەو گەنجینە بەفەڕەیە کە ساڵانە چەند ملیارد دۆلارێکی لێ دەخوات و نەمانی هەرێم بۆ ئێران زیانی ئابوریی گەورەی پێدەگەیەنێ. .

•حیزبە کوردیەکانی ئێران لە هەرێم پابەندیی تەواویان هەیە بەو ڕێکەوتنە ئاشکرا و نهێنیانەی لەگەڵ پارتی و یەکێتیدا دەیکەن، بەمە هیچ بەڵگەیەک نادەنە دەست ئێران هەرێم داگیربکات.

•ئەگەری داگیرکردنی باشوری کوردستان ئەگەرێکی لاوازە بەم بەڵگانە:

٠١ئێران دەکەوێتە جۆرێک لە ململانێی سەربازیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی چونکە ئەمان بێدەنگ نابن لەو دەسدرێژیە.

٢ ٠کوردی ناو ئێران و عێراق لە ڕوی سیاسی و سەربازیەوە یەکدەخات بەرامبەر یەک دوژمنی هاوبەش کە ئێرانە.

٣ ٠ پەیوەندیی ئێران لە گەڵ حکومەتی عێراق دەشێوێ وعەرەبی نەتەوەپەرستی شیعە و سوننە دەکاتە دوژمنی خۆی و وڵاتانی عەرەبی بێدەنگ نابن.

٤ ٠ پێگەی ئێران لە ئاستی نێونەتەوەییدا لاوز دەکات و ئێران وەک وڵاتێکی دەسدرێژیکەر و هۆی ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەردەخات و لە بەرامبەردا دوژمنەکانی وەک سعودیە و وڵاتانی تری ناوچەکە بەهێزدەکات.

 

دەتوانرا بە ناوی حکومەتی هەرێمەوە بەیانێکی میانەڕەو بەم ناوەڕۆکەی خوارەوە بۆ خامینەئی و سەرۆک کۆمار بنێردرایە و داویان لێبکرایە:

•وەستاندنی دەسبەجێی توندوتیژیەکان دژی خۆپیشاندەران و ئازادکردنی هەمو ئەوانەی بە هۆی ئەو خۆپیشاندانانەوە گیراون و حوکمدراون .

•وەستاندنی دەسبەجێی بۆمبابارانەکانی ئێران بۆ سەر باشوری کوردستان و بنکەی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

•دەسپێکی وتووێژی فەرمی لەگەڵ وەفدێکی پێکهاتو لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ چارەسەری ئاشتیانە و بنەڕەتیی کێشەی کورد لە ئێران دا.

 

مامۆستایانی ئاینیی کورد لە ئێران هەڵوێستی جوامێرانەیان پیشاندا ، کوا هاوپشتیی ئیسلامی سیاسی (کۆمەڵ و یەکگرتو و بزوتنەوە..) و ناسیاسیی وەک سەلەفی و یا یەکێتیی مامۆستایانی ئاینییکوردستان بۆ هاوئاین و هاوزمان و هاومێژو و هاوخاکەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟ کوا هاوپشتی و هەڵوێستی ڕەسمیی بزوتنەوەی گۆڕان و حیزبی شیوعیی کوردستان و حیزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان و نەوەی نوێ و.... ؟

وتراوە: سەرمایە و سەرمایەدار ترسنۆکن، هەروەها وتراوە: پرۆلیتاریا لە خەباتیدا هیچی لەدەستناچێ جگە لە کۆت و زنجیرەکانی.توێژی دەسەلاتی کوردی و توێژی موعارەزەی درۆزنانە و بەرتیلخۆری پارتی و یەکێتی، لە سەر حسابی چینە نەدار و هەژارەکانی دانیشتوی هەرێم کە زۆرینە پێکدێنن، سامانێکی ماددیی بێشوماریان کەڵەکە کردوە یا لە بانکەکانی ئەوروپا و هەمو دنیا دایانناوە ، نایانەوێ و غیرەتی ئەوەیان نیە نەک هەڵوێستی مەردانە و جوامێرانە بەرامبەر ڕژێمی ئێرانی دەسدرێژیکەر وەربگرن، بەڵکو لایەنی هەرەکەمی بوێریی ئەوەیان تیانیە تەنانەت بەیانێکی دیبلۆماسیی میانەڕەویش دەربکەن چونکە دەترسن لەوەی دۆلارە بێشومارەکانیان لەدەست بدەن و ئەم حوکمە سوڵتانییەیان لەدەست بچێ.با خوێندکارە نازدارە هەژارەکانی زانکۆکانی کوردستانیش هەر خۆپیشاندان بکەن بۆ دەرماڵەیەکی چل هەزار دیناری! دەسەڵاتی کوردی و سودوەرگرە ڕەنگاوڕەنگ و هەلپەرستەکانی ئەم دەسەڵاتە شکستخواردوە نەک هەر غیرەت بەڵکو شەرم و ئابڕوشی نەماوە!