بڕوانامە بۆ خۆبادانە؟

16/11/2022

 

نێرگز قادر
زۆربوونی بڕوانامە و دابەزینی ئاستی زانستی لە دوای پڕۆسەی ئازادی عیراق و دروستبوونی حكومەتی هاوبەشی هەرێمی كوردستان و گۆڕانکارییە خێراکانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەشدا ژمارەی زانکۆ و پەیمانگەکان روویان لە زیادبوون کرد.
رێژەی بەشداری خوێندکاران بەراورد بە رابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو رووی لە زیادبوون کرد، تائێرە ئەوەی روویداوە تاڕادەیەک ئاساییە، بەڵام شتێک زۆر مێشکی داگیر کردووم، ئەویش ئەوەیە ئێستا کە جیهان بە رووی هەرێمی کوردستاندا کراوەتەوە، بەتایبەت لە بابەتی خوێندندا.
لەو رێگەیەوە خوێندکاران دەتوانن زۆر بە ئاسانی بچنە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن و بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە و رۆژ بە رۆژیش ژمارە و رێژەی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا روو لە زیادبوون دەکات، کەچی  لە کاتی پێشبڕکێی زانستیی عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوه، بەداخەوە دەبینین وڵاتەکە و خودی زانکۆکانیشمان لە ریزبەندی دواكەوتووترین وڵاتانی دنیادا لە لیستی پێشەوەین و لەبری پێشەنگی زانستی، لەم رووەوە ریزبەندییەکانی پێشەوەمان گرتووە و تائێستا لە ئاستی پێویستدا نەبووین.
جا پرسیارەکە ئەوەیە: کاتێک بڕیارە ئێمە ئەو هەموو بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایەمان لە بواری هەمەچەشندا هەبێت، ئەی پێم ناڵێن کاریگەریی زانستیی ئەم بڕوانامانە چین و تا ئێستا چەندە توێژینەوەی ئەم دکتۆرە بەڕێزانەمان بۆ هاتوونەتە بەرهەم و کاریگەرییان لەسەر وڵات و بواری زانستیی هەبووە، ئەرێ پێم ناڵێن ئێستا کاتی ئەوە نییە وەزارەتی خوێندنی باڵا پێوەرێک یاخود سنوورێک بۆ ئەم بابەتە دابنێت!؟
یاخود بەدەستهێنانی بڕوانامە لە ئەمڕۆدا تەنها بووەتە وەسیلەیەک بۆ خۆهەڵکێشان و خۆدەرخستن یا تەنها و تەنها وەسیلەیەکە بۆ بەدەستهێنانی نان و پارە پەیدا کردن و شانازیکردن بە بڕوانامەیەکی بێ ناوەڕۆکی بێ خزمەت و بێ بەرهەمەوە.