دۆسیەی دوو مێرمنداڵەکەی کەلار و داوایەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان

16/11/2022

عارف قوربانی
شتێك كه‌ بیرمان له‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی نه‌كردووەته‌وه ‌و هه‌میشه‌ ئومێدی بۆ ده‌خوازین، سه‌ربه‌خۆبوونی دادگەكان و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌رییه‌ لە هەرێمی كوردستان. هۆكاری سه‌ره‌كیی پشت ئه‌م خواسته‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ناهه‌قی زۆر ده‌كرێن، زووڵم و سته‌می جۆراوجۆر له‌لایه‌ن به‌هێزه‌كانه‌وه‌ به‌رانبه‌ر به‌ لاوازه‌كان ئه‌نجام ده‌درێن. دادگە كه‌ پێویسته‌ پشت و په‌نای سته‌ملێكراوان بێت و مافی مافخوراو وه‌ربگرێته‌وه‌، زۆرجار به‌هۆی ده‌ستوه‌ردانی ده‌سه‌ڵاتداران و حیزب و ته‌نانه‌ت خێڵ و عه‌شیره‌ته‌وه‌ له‌ كاروباری دادگەدا، واده‌كات بڕیاره‌كانی دادگە له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی سته‌مكاره‌كان بێت. 

له‌ بادینانه‌وه‌ تا گه‌رمیان نموونه‌ی به‌رجه‌سته‌ی زۆر هه‌ن، كه‌سانی ده‌ستڕۆ و ته‌نانه‌ت ده‌ست و پێوه‌نده‌كانیشیان، له‌ ئازاردان و چه‌وساندنه‌وه‌ و ته‌عداكردنه‌ سه‌ر شه‌ره‌ف و داگیركردنی ماڵ و موڵكی خه‌ڵكه‌وه‌ تا كوشتن، زووڵمی جۆراوجۆریان كردووه‌، هیچ لێپێچینه‌وه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ نه‌كراوه‌. نموونه‌گه‌لی زۆریش هه‌ن له‌و دۆسێیانەی براونه‌ته‌ به‌رده‌م دادگە، ناڕه‌وایه‌تی گه‌وره‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی زاڵم و سته‌مكار له‌ بڕیاره‌كانی دادگەدا بیندراون‌. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هۆكاره‌كانی پشت ئه‌م نادادپه‌روه‌رییه‌ بەوە به‌ستراوه‌ته‌وه‌ كه‌ دادگەكان سه‌ربه‌خۆ نین، یاخود هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ گێڕدراوه‌ته‌وه‌ كه‌ حیزب و ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ده‌ست له‌ كاروباری دادگە وه‌رده‌ده‌ن. 

ئه‌مه‌ش وێنایه‌كی گشتی بۆ دادگەكان و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی دروستكردووه‌ كه‌ خه‌ڵك پێی وایه‌ هه‌ر ناڕه‌وایه‌تی و نادادپه‌روه‌رییه‌ك له‌ بڕیاری دادگەدا رووبدات، به‌هۆی ئه‌و هه‌ژموونه‌ زاڵه‌ی عێل و عه‌شیره‌ت و حیزب و حكومه‌ته‌وه‌یه‌ به‌سه‌ر دادگەوه‌، ئه‌گه‌ر ده‌ستی ئه‌وان له‌ دادگە دووربخرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ بڕیاره‌كانی دادگە ئه‌وه‌نده‌ دادپه‌روه‌رانه‌ ده‌بن (هه‌ق له‌ بزنی شاخدار به‌سه‌ر بزنی كۆڵه‌وه‌) وه‌رده‌گرنه‌وە، به‌ڵام ئایا سه‌روه‌رنه‌بوونی یاسا و نه‌چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ریی له‌ بڕیاره‌كانی دادگەدا، هۆكاره‌كه‌ی ته‌نیا ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌وه‌ی دادگەیه‌، یاخود په‌یوه‌ندی به‌ میزاج و ویژدانی دادوه‌رانیشه‌وه‌ هه‌یه‌؟

وه‌ك چۆن نموونه‌ی زۆرمان هەن كه‌ نادادپه‌روه‌ری بڕیاری دادگە ده‌سه‌لمێنێت به‌هۆی ده‌ستوه‌ردانی حیزب و حكومه‌ت و ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌ستڕۆیشتووه‌كانه‌وه‌، نموونه‌گه‌لی زۆریش هه‌ن ناڕه‌وایه‌تی بڕیاری دادگەمان نیشان ده‌ده‌ن كه‌ هیچ ده‌ستوه‌ردانێك له‌ كه‌یسه‌كانیان نه‌كراوه ‌و بڕیاره‌كانی دادگەش زۆر نادادپه‌روه‌رانه‌ بوون. ئه‌گه‌ر دۆسیەکانی به‌شێك له‌ زیندانه‌كانی چاكسازی گه‌وران و زیندانی نه‌وجەوانان وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ بخرێته‌ به‌رچاوی خه‌ڵك، تێگه‌یشتنی هاووڵاتییان زۆر ده‌گۆڕێت له‌باره‌ی دادوه‌ر و دادگەكانه‌وه‌. سه‌تان دۆسیەی له‌و جۆره‌ هه‌ن كه‌ هیچ ده‌ستوه‌ردانێك له‌ دۆسیەکان و هیچ گوشارێك له‌ دادوه‌ره‌كان نه‌كراوه‌، به‌ڵام ناڕه‌وایه‌تی گه‌وره‌ له‌ بڕیاری دادگە و له‌ جۆری سزاكه‌یان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رای گشتی ئه‌مه‌یان نابینێت، بۆیه‌ هه‌ر ناهه‌قییه‌كی دادگە و هه‌ر سزایه‌كی ناڕه‌وا، هه‌ر نادادپه‌روه‌رییه‌كی له‌ بڕیاری دادگە به‌رگوێ‌ كه‌وت، واده‌زانێت به‌هۆی ده‌ستوه‌ردانەوە‌ بووه‌. ئه‌م وێنا گشتییه‌ خزمه‌تی گه‌وره‌ به‌ ناڕه‌وایه‌تی و به‌رده‌وامیدان به‌ نادادپه‌روه‌ری له‌ بڕیاری دادگەكان ده‌كات، بێئه‌وه‌ی په‌نجه‌ بخرێته‌ سه‌ر خودی كێشه‌كه‌ كه‌ جگه‌ له‌ ده‌ستوه‌ردان، كێشه‌ی گه‌وره‌ له‌ خودی كه‌رته‌كه‌شدا هه‌یه‌.

پێشتر چه‌ند جارێك له‌ راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ باسی ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ له‌ زیندانی نه‌وجەوانانی سلێمانی مێرمناڵ هه‌یه‌ به‌ چه‌ندین ساڵ سزای زیندانی به‌سه‌ردا بڕاوه‌ له‌سه‌ر دزینی جووتێك كۆتر. یا له‌ زیندانی چاكسازی گه‌وران خه‌ڵك هه‌یه‌ به‌هۆی (دزینی 20 كیلۆ ئارد كه‌ برسێتی مناڵه‌كانی ناچاری ئه‌و دزییه‌ی كردووه‌)، چه‌ند ساڵێك حوكم دراوه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌م گێڕانه‌وانه‌ جێی باوه‌ڕی خه‌ڵكیش نه‌بووبن، به‌ڵام چیرۆكی ئه‌و مامۆستایه‌ی شاری كفری زۆر كۆن نییه‌ كه‌ له‌ سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی دارایی و نه‌بوونی مووچه‌دا (مامۆستایه‌ك له‌ ماركێتێك شیر و دایبی بۆ منداڵه‌كه‌ی دزی بوو) له‌لایه‌ن دادگەوه‌ چه‌ندین ساڵ حوكمی زیندانی به‌سه‌ردا درا. هۆكاری پشت ئه‌و بڕیاره‌ی دادگە هیچ ده‌ستوه‌ردانێك نه‌بوو جگه‌ له‌ ویژدانی دادوه‌ره‌كان.

هه‌فته‌ی رابردووش هه‌واڵی ئه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وە كه‌ له‌لایه‌ن دادگەیه‌كی گه‌رمیانه‌وه‌ سزای چوار ساڵ زیندانی بۆ دوو مێرمنداڵی كه‌لار (عه‌بدوڵڵا هیوا، 16 ساڵ و سابیر ئه‌حمه‌د، 17) بڕدراوه‌ته‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كه‌ ئه‌وكات ته‌مه‌نیان 14 ساڵ و 15 ساڵان بوو، له‌ خۆپێشاندانه‌كانی گه‌رمیان به‌شدارییان كردووه‌، گوایه‌ زیان به‌ موڵك و ماڵی گشتی كه‌وتووه‌. یه‌كێك له‌م قوربانییانه‌ نه‌وه‌ی ئه‌نفاله‌ و باوكی له‌ رۆژی هێنانه‌وه‌ی رووفاتی منداڵه‌كانی دیكه‌یدا دڵی وه‌ستاوه ‌و مردووه‌. ئه‌م نه‌وجەوانه‌ له‌ خانوویه‌كی هه‌ژارانه‌دا ده‌ژی، كه‌ هێشتا بلۆكه‌كانی له‌بغ نه‌كراون. ئه‌م منداڵه‌ مافی خۆیه‌تی كه‌ ئه‌و هه‌موو نادادی و گه‌نده‌ڵی و زووڵم و سته‌مه‌ ده‌بینێت رقی له‌ هه‌موو شتێك ببێته‌وه‌، مافی خۆیه‌تی به‌گژ سته‌م و نادادیدا بچێته‌وه‌. دادگە له‌ بری ئه‌وه‌ی مافه‌ زه‌وتكراوه‌كانی ئه‌م منداڵه‌ وه‌ربگرێته‌وه‌، له‌پای ئه‌وه‌ی داوای مافه‌كانی كردووه‌، ده‌یخاته‌ زیندانه‌وه‌. 

پێم وانییه‌ هیچ كه‌س ده‌ستوه‌ردانی له‌ دۆسیەکەدا كردبێت، ئه‌م دوو منداڵه‌ نه‌ك له‌ حیزب و حكومه‌ت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ناو عه‌شیره‌ته‌كانیشدا ته‌نیا یه‌ك كه‌سێك پشتیوانیان بوایا و ده‌ستی له‌ كاروباری دادگە وه‌ربدایا، ئه‌و حوكمه‌یان به‌سه‌ردا نه‌ده‌درا. منداڵی هه‌ژار و بێكه‌سن، بۆیه‌ سزایان به‌سه‌ردا بڕاوه‌، جگه‌ له‌ ویژدانی دادوه‌ر باوه‌ڕ ناكه‌م هۆكاری دیكه‌ له‌ پشتی بڕیاره‌كه‌وه‌ بێت، ئه‌م بڕیاره‌ی دادگە پێویسته‌ رامان چڵه‌كێنێت له‌ به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، ده‌بێت هه‌ڵوه‌سته‌مان پێبكات له‌و خواسته‌ی هه‌مان بووه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆبوونی دادگەكان و بڕینی ده‌ستی ده‌ره‌وه‌ له‌ كاروباری ناوه‌وه‌ی دادگە، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ ناوه‌وه‌ی دادگە ده‌بێت دادپه‌روه‌ری بچه‌سپێنن. 

ئه‌و كاته‌ی بڕیاری سزای مامۆستاكه‌ی كفری بڵاوكرایه‌وه‌ و باسی منداڵه‌ حوكمدراوه‌كه‌ی كه‌ جووتێ‌ كۆتری دزی بوو، هاته‌وه‌ به‌رباس. هه‌ندێ‌ كه‌سیش هه‌بوون له‌نێو دادگەكان و نزیك به‌و كه‌رته‌، به‌رگرییان له‌ بڕیاره‌كانی دادگە ده‌كرد و ده‌یانگوت دزی هه‌ر دزییه‌، پاساو و هۆكاره‌كانی هه‌رچییه‌ك بن، پێناسه‌ی دزیكردنه‌كه‌ ناگۆڕێت. دوور نییه‌ ئێستاش دڵیان به‌ بڕیاری چوار ساڵ سزای ئه‌و دوو نه‌وجەوانه‌ی گه‌رمیان خۆش بێت و ره‌خنه‌ له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خه‌ڵك بگرن، به‌وه‌ی دادگە ئه‌ركی خۆی جێبه‌جێكردووه‌ له‌ سزای كه‌سانێك كه‌ ده‌ستدرێژییان كردووەته‌ سه‌ر ماڵی گشتی، به‌ڵام دادگە و ده‌سه‌ڵاتێكی دادوه‌ریی چاوی خۆی داخستبێت له‌ ئاستی ئه‌و هه‌موو دزیی و تاڵانییه‌ی موڵك و ماڵی گشتی و داگیركردنی زه‌وی و پارك و سه‌رچاوه‌كانی سامان و قووتی خه‌ڵك، به‌ڵام له‌سه‌ر سووتاندنی كابینه‌یه‌كی ته‌خته‌ بێته‌ ده‌نگ، ده‌بێت فاتیحا بۆ سه‌روه‌ریی یاسا و دادپەروەریی دادگەكان بخوێنین.

په‌یوه‌ست به‌م دۆسیەیەی كه‌لار و بڕیاردان له‌سه‌ر بڕینه‌وه‌ی چوار ساڵ زیندانی به‌سه‌ر دوو نه‌وجەوانی خێرله‌خۆنه‌دیوی گه‌رمیان، داوا ده‌كه‌م سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به ‌حوكمی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌یه‌تی ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری دادگە بكات و به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری دادگە، ئه‌م بێویژدانییه‌ رابگرێت.