حکومەتی نوێ،لەبەردەم تەحەدای گەورەدا

17/11/2022

پشتیوان جەمال
حکومەتەکەی سودانی لە هەلومەرجێکی تایبەتی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا سەری هەڵدا، پاشماوەکانی پەتای کۆرۆنا، شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، بەرزبوونەوەی نرخی وزە،نیگەرانی بەردەوام لە ئاڵۆزییەکان و کاردانەوەکانی شەڕەکە،لایەنە ئیقلیمی ونێودەڵەتیەکانی عێراقی سەرقاڵ کرد و وای لێکردن لەبیریان بچێت ئاگاداری ئەولەویەتەکان بن لەم وڵاتە.بەتایبەت سەرقاڵ بوونی ئێران بەگێژاوی ناوخۆ و مەلەفی ئەتۆمییەکەی،لەپاڵ ئەودا تورکیا بەدەست دابەزینی لیرە و خۆی ئامادەکردنی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.

ئەمە دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ سووککردنی ئەو فشارە دەرەکییانەی کە لە گۆڕەپانی عێراقدا هەبوون لە نێوان لایەنە دەرەکییە ناکۆکەکان لە نێوان خۆیاندا و ئەوانەی ئارەزووی بەرژەوەندییەکانیان لەم وڵاتەدا هەیە.، کشانەوەی تەیاری سەدری هێندەی تر دۆخی ناوخۆی گونجاوترکردو هاوکاربوون بۆ خێراپێکهێنانی حکومەتەکەی سودانی. ئەم دۆخە ئەرێنییەو،هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەقازانجی حکومەت بوو لە بنیاتنانی ستراتیژییەکەیدا.

ئەمانەی لەسەرەوەباسکران لایەنی ئەرێنین بۆسەرکەوتنی حکومەتەکەی سودانی،بەڵام ئەوتەحەدیانەش کەم نین کەچاوەڕوان دەکرێن بۆکورتی تەمەنی حکومەت،چونکە سودانی لە عێراق لەسەر خاکێکی تەختی خاڵی لەکێشە نەهاتە سەر دەسەڵات، بۆ ئەوەی گالیسکەی حوکمڕانی بەبێ گیروگرفت ڕاکێشێت، بەڵکو ڕووبەڕووی تەحەدای گەورە دەبێتەوە،هەندێک لەو تەحەددایانە پێشوەختە دەزانرێن و شایەنی ئەوەیە بەم شێوەیە وەبیریان بهێنینەوە: یەکەم: ناکۆکی سیاسی لە نێوان جەمسەرەکانی سیاسەتی عێراق و دروستکەرانی: چوارچێوەو،شەقامی سەدری، یەکێتی و پارتی دیموکرات، لەسەر هەڵوێستی سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار .

دووەم: هاتنەسەرشەقا موو ڕاپەڕین بەرامبەر هەموو بارودۆخێک بە ئۆکتۆبەرییەکان و خەڵکی مەدەنی و جەماوەری سەدرییەکان و بێکارەکانەوە.

سێهەم: ئەستەم بوونی ڕازیکردنی هەمووئەولایەنانەی بەشداربوون لەهەڵبژاردنی سەرۆکی حکومەت،بەوەی کەچاکسازی لەجومگەکانی دەسەڵاتدابکرێت و ببێتە هۆی لێدانی پشکەکانیان..

لەسۆنگەیەکی ترەوە حکومەتەکەی سودانی لەبەردەم تەحەدای گەورە و جیاوازدایە بەهۆی ئەوقوڵایی دابەشبوون و پارچەپارچەبوونەی کە پڕۆسەی سیاسی عێراقی گرتۆتەوە،ئەوبەرنامە حکومییەی کەسودانی پێشکەشی کردووە بۆ پێکهێنانی حکومەتەکەی گرنگە، بەڵام لەگەڵ ئەو کاتەدا ناگونجێت کە بۆ ئەم حکومەتە دیاری کراوە، مەگەر ماوەی دەستوری خۆی تەواو بکات و دواتر هەوڵی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بدات، چونکە ئەو کێشانەی عێراق پێیدا تێپەڕدەبێت، ناگونجێت لەگەڵ قەبارە و هێزی ئەم حکومەتە.بۆیە پێناچێت سودانی بتوانێت ئەم ڕاستیە بگۆڕێت کەسەرۆک وەزیرەکانی پێشخۆشی نەیان توانیوە ئەوفریاد ڕەسەبن بتوانن عێراق لەگێژاوی حوکمڕانی ڕزگاربکەن...