دەوای زۆنی سەوز!

17/11/2022

سەردەشت حەمەساڵح
جارێ پێم دەڵێن گۆڕانە، جارێک پێم دەڵێن پارتییە، جارێ دەمکەن بە نەوەی نوێ و زۆرجاریش کراوم بە ئیسلامی! کێشە نییە خۆشحاڵم کە راپۆرتچییەکان نانێک لەسەر من پەیدا دەکەن. جاران لەناو یەکێتیدا باشەیەکی دکتۆر بەرھەمم بگوتبا دەیانکردم بە بەرھەمی، لەسەر کۆسرەت رەسوڵم بوتبا دەیانکردم بە کۆسرەتی و ھتد.. ھەموو ئەو تۆمەتانەش لەسەر ھەڵوێست و رەخنەکانم بوە دەنا ھەزار ساڵیتر لەسەر من بکۆڵنەوە ھیچیان دەستناکەوێ، مەسەلەکە گەمژەیی ئەوان نییە، بەڵکو ھیچم نیەو ھیچ لەوەی ئەوان دەیڵێن لەخۆما شک نابەم.
من لێرەوە رایدەگەیەنم کە پەیوەندیم بە ھیچ حزب و کەسێکەوە نییە وەک حزبی، بەڵام پەیوەندی ھاوڕێیانەم لەگەڵ ھەموو لایەنەکان ھەیە.
لەپاڵ رەخنە گرتندا زۆرجار چارەسەریشم خستۆتەروو، ھەر خۆی باوەڕم وایە ناکرێ پۆپۆلیستانە کار بکرێ، ھەروەک چۆن لەپاڵ خۆشەویستیدا رقیش پێویستە، بەندەش ئاوھایەو بەوجۆرە دەڕۆم.

کێشە حزبی یان حکومی یان بەڕێوەبردنەکان، لە راگەیاندنەکاندا چارەسەر ناکرێن، ھەرخۆی یەکێک لە گرفتی قەیرانە سیاسییەکانی ئێستا ئەمەیە. جا سیاسی لەم چەند ساڵەیا دەرسی لە راگەیاندن وەرنەگرتبێ و تێ نەگا لەوەی میدیا ریسەکەی لێ دەکاتەوە بە خوری، ئیتر با ھەرتێنەگاو عاقیبەتی بداتە دەست لایک و پیاھەڵدانی فەیسبوک.
کاتێک حزب سیاسەت و دیدو فکری تیا نەما، لە مەنتق دادەبڕێ وەک ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین، ئەمڕۆیەک کە لەبەرچاوی ھەموواندا دیارە لەبەردەرگای شکست و تەسلیم بوندایە.
نەزانی لەبەکارھێنانی کارتەکاندا، دۆخی پێچەوانەی بەدوادادێت، نەبون یان نەمانی کارتی سیاسی، کارتی ھەڵە بەدەستەوە دەدات.
تێگەشتن لە پێشھاتی نوێ، سیاسەت بەھێز دەکات. گرنگە لەگەڵ رۆژگار بڕۆیت و دان بەوەدا بنێیت کە ھەیە. ئەگەر لەم زۆنە کە پێی دەوترێ سەوز، کارێکی سیاسی یان ھەر جوڵەیەک بکرێ دەبێت لەگەڵ بافڵ تاڵەبانیدا بەرکەوتن بکەیت، ئیدی باش یان خراپ، چونکە ئێستا بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەو بۆتە ئەمری واقع. قسەم لەسەر ئەوە نییە شەرعییە یان نا، قسەم لەسەر ئەوەیە ئێستا ناوبراو ئەمری واقعە. دەی ئەم مامەڵەکردنەش بۆ زۆنی زەرد ھەمان شتە. ئێستا مەسرور بارزانی ئەمری واقعە، لە حزب و حکومەتدا باڵاترینە، دەبێ ھەڵکەی لەگەڵ ئەو واقیعەدا. 
یەکێک لەو گرفتانەی یەکێتی ھەیەتی ئەمەیە، دەبێ تەعامول لەگەڵ واقع بکرێت. نەگونجان لەگەڵ مەسرور بارزانی و رۆشتن بەلایدا بۆ لای مەسعود بارزانی و نێچیرەڤان بارزانی بۆ چارەسەر، نەک ھەر چارە نەکردنە، بەڵکو گرفت زیاد کردنە، وەک وتم بابەتەکە پەیوەندی بە ئەمری واقعەوە ھەیە.
مەسرور بارزانی، ئەو میتۆدو بەرنامەیەی دایناوە بۆ رێکردنی سیاسەت و بەرێوەبەری، ھەرئەوەیەو تەکلیف کردن نایگۆڕێ، بەڵکو پێکھاتن و گفتوگۆی سیاسیانەو مامەڵەکردن لەگەڵی، دەتوانرێت گونجان دروست بکات و کاری پێکەوەیی گەشە پێبدات. جا من قسەی خۆم کردو ئێوەش بۆ ھەموو گرفتێ روبکەنە مەسعود بارزانی و نێچیرەڤان بارزانی، ئەوانیش با ھەر تەکلیفتان بۆ بکەن. کوردی و کورتی، بە بۆچونی من مەسرور بارزانی، چارەسەرەو دەوای زۆنی سەوز لای ھەوە.
کابرایەک زۆر سەرسامی گۆرانی بێژێک بوو، ھەمیشە گوێی لە دەنگی دەگرت. وتیان ئەرێ ئەم ھونەرمەندە بۆ ئاوھا بۆتە جێی سەرسامیت، ئەویش وتی، "دەنگی زۆر لە موعین ئەچێ". یەکێکیش پێی وت جا کە موعین خۆی ھەبێ بۆ سەرسامی دەستی دویت.