مام كوێخا و ئیجرائاتەكانی سلێمانی

17/11/2022

محەمەد رەئوف
بەپێی بەدواداچوونەكان، بەشێك لەوانەی دەستگیركراون لە سلێمانی لەسەر زەوی و زار یان چەكی بانكی، لەبەرامبەر بڕێك پارەی زۆر ئازاد دەكرێن (لەگەڵ ئەوەی هەموو ئیجرائات و لێپرسینەوەیەك گرنگە).
سەرۆكی شارەوانی هەیە (2) ملیار دیناری لێسەندراوەو ئازادكراوە، هەیە (ملیارێك) دینار، هەیە پێنج سەد ملیۆن دینار، ئێستا دەستگیركردن لە بازاڕی دۆلارەكەو جگەرەكەی سلێمانی بەردەوامە، هەیانە داوای (5) ملیار دیناری لێكراوە، هەیە بۆ ملیارێك دینار و دوو ڤێلا و دوو ئۆتۆمبێل ئازادكراوە، هەیە داوای (200) پارچە زەوی لێكراوە، ( جا نازانرێت ئەم پرۆسەیە دەگاتە وەرگرتنی قەل و قاز و مەڕو بزن یان نا).
واتا لێرەدا دادگا و یاسا نیە، پارە بدەو ئازاد دەكرێیت، پارە نادەیت لە زینداندای، هەیە 25 رۆژە لە زیندانە، بەشێكیان لەترسی دەستگیركردن هەڵهاتوون، ئەم پێی ناوترێت ئیجرائات و لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران، بەڵكو پێی دەوترێت سەرانە وەرگرتن.
كەسێك تاوانی (هەزاران پارچە زەوی بە نایاسایی دابەشكردبێت) یان ( دەیان چەكی بانكی بە نیوە قیمەت كڕیبێت و ساغی كردبێتەوە) دەبێت دادگا یەكلای بكاتەوە، چۆن دەبێت لەبەرامبەر بڕێك پارە ئازادبكرێت.؟ لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا بەرپرسە باڵا راستەقینەكانی پشت دابەشكردنی زەوی و فرۆشتنی چەكی بانكی دەستگیر نەكراون.
تا ئێستا چارەنووسی ئەو پارانەی وەردەگیرێن نازاندرێت چی لێدێت؟، بۆ گیرفانی حزب و بەرپرسەكانە یان دەخرێتە بانكەوە؟ بەرەسمی هیچ لێدوان و راگەیەندراوێك بڵاو نەكراوەتەوە لەسەر ئەو كەیسانە بەڵام هەموو دەزانرێت چی دەگوزەرێت.
واتا ئەگەر كەسێك تاوانێكی كرد پیاوی كوشت یان دزی كرد، بڕێك پارە بدات و ئازاد دەكرێت..؟؟
جا ئەوە كاتی خۆی كوێخایەك هەبوو لە گوندێكدا، هەر كەسێك لە گوندەكە دزی بكردایە دەیان برد بۆلای مام كوێخا، ئەویش بە بێ لێپرسینەوە دەیوت مادام دزیت كردووە، دەبێت ماوەی (10) رۆژ جوتم بۆ بكەیت، هەر كات دوو كەس شەڕیان بكردایە لە گوندەكە، كوێخا بانگی دەكردن دەیگوت مادام شەڕتان كردووە، تۆ یەك مانگ شوانیم بۆ بكەو، تۆش یەك مانگ دروێنەم بۆ بكە، خۆ ئەگەر شوانێك مەڕەكەی بچوایەتە ناو دەغڵ و دان و قەرسیلی كەسێكی ترەوە، مام كوێخا دەیوت مادام واتكردووە، بڕۆ دوو بزن و مەڕێك یان سێ قەل و دوو كەڵە شێرم بۆ بێنە.
مام كوێخا بەو شێوەیە سزای سەرپێچی كارانی دەدا، ئێستاش دەستگیركراوان لەسەر مەزهەبی مام كوێخا سزا دەدرێن.