كوشتنی ژن، شكست و سەركەوتن

17/11/2022

دێكان عەلی
ڕۆژ نیە بەهەواڵی کوشتنی ژنێک یاخوود سوتانی ژنێک بەئاگانەیەین. تەنانەت بۆتە ڕووداوێک یا هەواڵێکی ئاسایی.
پاش ڕووداوەکە، هەر کەسێک لە ڕوانگەی خۆی شیکار بۆ ڕووداوەکە دەکات. یەکێک دەڵێ کوشتیان،یەکێک دەڵێت خۆیکوشت، یەکێک دەڵێ لەداخی هاوسەرەکەی یەکێک دەڵێت خۆشەویستەکەی بەجێیهێشت......هتد بەکورتی هەر کەس لەگیرفانی خۆی زانیاری بڵاودەکاتەوە، بەبێ گەڕانەوە بۆ دروستی و چۆنێتی ڕووداوەکە.
لەم ڕۆژانە پاش بڵاوبوونەوەی کوشتنی خانمێک لەلایەک براکەی، وەک هەمیشە کۆمەڵێ لەژنان کۆبوونەوە، بەکۆمەڵێ فلێکس و کۆمەڵێ قسەی ڕەنگاو ڕەنگ کە وەک ناوی سیانی خۆمان لەبەرمان کردووە، کاردانەوەیان دەنوێنن، یا کاردانەوەیان نواند.
من وەک خۆم پاش ئەوەی لەهۆکاری کووشتنی ئەو خانمەم لەلایەن براکەی کۆڵیەوە، گەیشتمە هەندێک دەرئەنجام‌:
ئەو خانمە پاش سێجار هاوسەرگیری، ئێستا بەتەنیا دەژیا( خوادەزانێت چۆن شەو و ڕۆژی بردۆتە سەر، ڕەنگە سەدان شەو نانی  شەوی نەبووبێت).
پاشان ئەو خاتوونە چەندین جار هانای بۆ خەڵک و چەند لایەنێک بردووە، تا هاوکاری بکرێت و دەستی بگرن، بەڵام وەک هەموو ژنانی پێشووتر نائومێد بووە و بەدەستی خاڵی بەڕێکراوە.
.
خاڵێکی تر کە هەمیشە دڵگرانم دەکات، بەدەگمەن ژنانێکم بینیووە پاش جیابوونەوە، بەهێزەوە گەڕاونەتەوە بۆ مەیدانی جەنگی ژیان.  جەنگی ژیانیان بە توانا ژنانەکانیان کردووە.
بۆچی بەشێکی زۆر لەو ژنانەی جیادەبنەوە، لەبری ئەوەی بەهێزبن، خۆڕاگربن، دووبارە خۆیان ژیانێکی نوێ بنیات بنێنەوە، هەوڵبدەن لەسەر پێیەکانی خۆیان ڕاوەستن، دەستوپێ سپی دادەنیشن، بەوهیوایەی کەسێک بەزەیی پێیدابێتەوە.
کەوایە دەکرێت زۆرجار شکستێک لەهەر قۆناغێکی ژیان یاخوود لەکارێک، هۆکارێک بێت بۆ سەرکەوتنێکی گەورەتر….....
لەهەموو بارودۆخێکدا، ڕەشبینییەکانت بگۆڕیت بۆ بڕووابەخۆبوون و گەشبینی. هیوات بەداهاتوو هەبێت.