بازاڕی دینی یان دینی بازاڕی؟

19/11/2022

ڕێبین ئەحمەد رەشید
سەعید حەجاریان ستراتیژیستێکی سیاسیی و  مونەویرێکی ئێرانییە، باوەڕی وایە کاتێک ئێمە پارچەیەکی زێڕ یا شتێکی گرنگ و مێژووییمان لە باوباپیرانمانەوە بۆ دەمێنێتەوە زۆر بەنرخە لامان چونکە بەتەنها پارچەیەک کانزا نایبینین، بەڵکو ئەو پارچەیە گرێدراوی دونیایەک یادەوەریی و ئیعتبار و ڕەهەندی خێزانیی جۆراوجۆری پڕ بەهایە بە نیسبەت ئێمە. بەڵام هەر ئەو پارچەیەی کە بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە کاتێک دەیبەینە بازاڕ بۆ لای زێڕنگەرێک ئەو زێڕنگەرە بەبێ ئەوەی حیساب بۆ ئەوە بکات ئەو پارچە کانزایە چ ئیعتبار و تایبەتمەندێتییەکی هەیە لای ئێمە کانزاکە بە گوێرەی بازاڕی ئەو ڕۆژە هەڵدەسەنگێنێت و  نرخێکی لەسەر دادەنێت. ئەو ناتوانێت لەوە بگات ئەو پارچەیە چەندە لای ئێمە بەنرخە، چونکە وەک مانا لە کانزایەک زیاتر ناگەیەنێت بۆ بازاڕەکە و لەباشترین حاڵەتیشدا ئەو وەک ماددەیەکی بێ شکڵ شێوە و خام دەیبینێت چونکە کە لە تۆی کڕی خێرا دەیتوێنێتەوە و بەگوێرەی بازاڕ و ڕۆژەکە و ویستی بازاڕ شکڵ شێوازی نوێی لێ دروستدەکاتەوە.
دۆخی سیاسی و  ژیاریی کۆمەڵگاکانیش زۆر نزیکە لەم بۆچوونەی حەجاریانەوە. زۆر جار دین، ئایدۆلۆژیا، زۆر بۆچوونی سیاسیی و فیکریی بە نیسەبت ئێمەوە مانا و دەلالەتی زۆر گرنگ و  نەجوڵاو و تایبەتیان هەیە، تا لەدەست خۆمان زیهن و دڵی خۆماندان زۆر گەورە و مانادارن، هەر ئەوەندەی ڕازی بووین بەوەی بیانکەینە کەرەستەی سەوداو مامەڵە و لاریمان نەبوو لەوەی بیانبەینە نێو بازاڕی ڕۆژ بۆ ئاڵم و ساتم و بوونە کەرەستەی دانوستاندن، ئەوا دەبێ قەبووڵی ئەوە بکەین وەک کاڵایەکی بێلایەن و موجەڕەدی ڕۆژەکە تەماشا بکرێن و هیچ جۆرە ئیعتبارێک بۆ ئەو مانا قوڵانە دانەندرێت کە ئێمە لەسەر ئەو بۆچوونە یا ئەو ئایدۆلۆژیایە هەڵمانچنیوە.
ترسناکترین شتێک بشێت مرۆڤ بیکات ئەوەیە ئەو شتە یا ئەو بۆچوونەی کە ئێمە بە پیرۆز و گەورە و ماناداری دەزانین "جا ئەوبۆچوونە بە تەحقیق پێی گەیشتبین یا بە میرات بۆمان مابێتەوە" ببەینە سەر سفرەی مەزادخانەکانی کۆمەڵگا و حەڕاجیان بکەین و بشمانەوێت بەو ئەندازەیەی ئەم بۆچوونە لای ئێمە مانادارە لای کڕیارەکانیش مانای هەبێت نرخی خەیاڵییان لەسەر دابنێین بۆ ئەوەی ئەوان بەونرخانەی ئێمە دەمانەوێت کڕیار بن نەوەک بەو نرخەی بازاڕ و ڕۆژەکە دەیدات.
 ئەم چاوەڕوانییە لە فرۆشتنی کاڵاکەت چاوەڕوانییەکی بێهودە و تا ئەندازەیەیکیش مەترسیدارە.  مەترسیدارە چونکە تۆ دێیت و دەتەوێت مارکێتینگێکی چونیەک بکەیت بۆ شتێکی وەک ئیعتیبار تا لای هەموو کڕیارەکانت وەک ئەوەی کە لای خۆت هەیە بەماوەیەکی کەم دروست ببێت و ویست و ئیرادەتی ئەوەت دەبێت بۆ ئەوەی کۆی دەستەجەمعی کۆمەڵگا بەو تێزەی خۆت ڕەنگڕێژ بکەیت، دیارە ئەم شتەش تا ئەندازەی مەحاڵ نەکردەیە، تۆ لە ساخکردنەوەی کاڵایەکدایت من ناتوانم بەو ئەندازەیەی کە بۆ تۆ کرنگ و گەورەیە لێی تێبگەم و بۆ من گرنگ بێت. لە وەها دۆخێکیشدا دوو ئەگەر دێنە پێشەوە:
یەکەم/ یان ئەوەیە تۆ بە دڵێکی شکاوەوە کاڵاکەی خۆت هەڵدەگریتەوە و دەگەڕێیتەوە ماڵەکەی خۆت و لەوە دەکۆڵیتەوە ئایا خەڵک بۆ لە گرنگی ئەم کاڵایە تێناگات؟ پرسیاری ئەوە دەکەیت کە داخۆ  کێشەکە لە کاڵاکەیە یا لە تێگەیشتنی خەڵک، لەخۆت دەپرسیت کە ئایا مارگێتینگی من باش نییە یا بەباشی نابیندرێت یا کێشە لەکاڵاکەدایە! ڕێگای تەحقیقکردن و خەڵوەتنشیی و دووبارە پێداچوونەوە دەگریتە بەر و ئەمجارە چاوەڕوانییەکی زیادە لەپێویست و گەورەی لە شێوەی چاوەڕوانییەکەی سەرەتات بە شانی خەڵکدا هەڵناواسیت.
دووەم/ ڕێگا مەترسیدارەکەی بەکار هێنانی زەبروزەنگ و بە زۆر قەبوڵکردن هەڵدەبژێریت، وا لە کۆمەڵگا دەکەیت لەڕێگای هێزەوە شتێکی ناسکی وەک  ئیمانی دینی، ئایدۆلۆژیای سیاسیی، یا هەر بۆچوونێکی دیکە کە خۆت خاوەندارێتی لێدەکەیت هەڵبژێرن. ئامادەیت بۆ ئەم کارە خوێن بڕژیت بۆئەوەی خەڵک ئەگەر چی لە ڕووکاریشدا بووە بەشان و باڵای کاڵاکەی تۆدا هەڵبدەن و ئیدیعای ئەوە بکەن بە ئەندارەی جەنابت لە گرنگیی و جوانیی و ماناداریی ئەو کاڵایە تێبگەن. لێرەوەیە ناشیرینترین جۆری نیفاقی دەستەجەمعیی کۆمەڵایەتی درووستدەبێت. ئەم  جوڵەیە هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی کۆمەڵگای مونافیقە.
 ئەمجۆرە مامەڵەیە لە دیندار داعشی عێراق و  و قاعیدە و تاڵیبانی ئەفغانستان و و بۆکۆحەرامی نەیجیریا و لە نمونە بەهێزەکەشیدا حکومەتە دینییە فاشیلەکانی وەک سوودان و ئێران و سعودیە زیاتر ئەنجامێکی دیکەی نابێت، هاوکات لە  سیکۆلاریزمدا لائێسیتەیەکی پەڕگیر و خوێنڕێژی وەک ئەوەی کەمالیزمی موستەفا کەمال ئەتاتورک و لە ناسیۆنالیزمیشدا عروبەیەکی مەترسیداری وەک ئەوەی سەدام و حافز ئەسەد زیاتر شتێکی دیکە بەرهەم ناهێنێت.
بەداخەوە ئەمڕۆ دین بە گشتیی و ئایینی ئیسلامیش بە تایبەتی لە کۆمەڵگادا لەبری ئەوەی سەرەتا وەک شتێکی فەردیی و تەحقیقیی لێی بڕواندرێت، کراوەتە کاڵایەکی سەودا و مامەڵە و لە حەڕاجخانەکانی دونیادا زۆر بە خراپی بۆ یار و نەیار نمایش دەکرێت و ڕیکلامی ئاست نزمی بۆ دەکرێت. دیندارەکان لەسەرێکەوە ڕازین بەوەی دین بکەنە کاڵایەکی بازاڕیی و لەسەرێکی دیکەشەوە ڕازی نین ئەهلی بازاڕ و وەک کاڵایەکی بێلایەن تەماشای بکەن، ئەمە خۆی لەخۆیدا موفارەقە و پارادۆکسێکی زۆر بێمانایە. لەسەرێکەوە دەیانەوێت ئەهلی بازاڕ بەهەمان ڕێژەی ئەو تەحقیق و وەهم و گرێ و پێشداوەریی و پێشگریمانانەی کە ئەمان بە تەمەن و پاشخانێکەوە دەستیانکەوتووە بۆ دینەکە، کڕیارانیشی ڕاستەوخۆ بێ چەندوچوون هەیانبێت بۆی، لەسەرێکی دیکەشەوە ناتوانن لەوە بگەن کە ئەم کاڵایە مادەم هاتۆتە نێو بازاڕەوە دەبێت لێگەڕێین ئەهلی بازاڕ خۆیان نرخی لەسەر دابنێن، سەودای بکەن و هەندێکجار بەدڵیشیان نەبێت و بیدەنەوە بەسەر خۆتدا. بەڵام ئەمان هەرگیز ڕازی نین بە وەها قەزاوەتێک. تۆ دەبێت یان هەر لەسەرەتاوە ڕازی نەبیت ئەم کاڵایە کە نرخێکی زۆر گەوەرەی لای خۆت هەیە بێتە بازاڕەکەوە و سەودای پێوە بکرێت، یا کە هێناتە بازاڕەکە دەبێت ڕازیبیت کاکی زێڕنگەر لێی بکۆڵێتەوە و بێلایەنانە بە بێ ئەوەی حیساب بۆ ئیعتبارەکەی لای تۆ بکات لێبکۆڵێتەوە و بەنرخی ڕۆژ و بازاڕ نەوەک بەونرخەی تۆ لەسەری دادەنێیت لێتی بکڕێت.. 
لەم سەردەمە ئاڵۆزەی عەقڵی مرۆڤ و زانستدا کاڵایەکی"گرنگی" وەک دین بەبۆچوونی بەندە نابێت بهێندرێتە بازاڕەکانی سیاسەت و بەڕێوەبردنەوە، بەڵام کە هێنرایە ئەو بازاڕەوە دەبێت خاوەندارێتی لە سێ پایەی زۆر گرنگ بکات دەنا قڵپ دەبێتەوە بەسەر خاوەنەکەیدا وبەتەواوی نائومێدی دەکات، ئەو پایانەش:
یەکە/خاوەندارێتی لە لانێکی کەمی لۆژیک وعەقڵانییەت بکات. نەکەوێتە پارادۆکسی بازاڕە و ئیعتبارەوەو، کە هاتیتە بازاڕ دەبێت ئوبجێکتیڤیانە مامەڵە بکەیت و بە یاساکانی بازاڕ ڕازیبیت و ئیعتیباراتە کەسییەکەن نەکەیتە چەقی ململانییەکانت.
دووەم/ بتوانێت ئاسوودەیی ڕۆحیی و ویژدانیی و دەروونی لە دەرەوەی وەهم و خۆشباوەڕیی و ببەخشێت بە خاوەنەکەی و گارەنتی ئەوەش بکات هەمان ئاسوودەیی دەدات بە کڕیارەکەی.
سێیەم/گارەنتی بدات کە زیانی بۆ کۆی کۆمەڵگا نابێت بەهەموو ڕەنگەکانییەوە و ئازاری خەڵک  نادات.
کورتەی هەموو ئەم باسە لای مەحوی تەنها دوو نیوە دێڕ زیاتر نییە:
لە سوقی دەهردا، دووکانی هەر کەس موددەتی عومرە
گوهەردانە بە پشکڵ دانە "مەحوی" مامەڵەی مەخلووق!