ڕۆژهەڵاتی كوردسـتان لەبەردەم گۆڕانكارییەكی گەورەدا

19/11/2022

مژدە علی
بەشی سێهەم 
خۆبەڕێوبەری سیاسی و هەبونی خاكێكی یmكگرتوو لە دوتوێی دۆخێكی شڵەژاودا ، چۆن چارە دەبێ....!؟
گەربگەڕێینەوە بۆ باسكردن لەو خاڵەی كە تێیدا ئەو میكرۆبە كوشندەیەیی، تەشەنەی كرد و بونەهۆكاری ئەو دۆخە شڵەژاویی   و زوڵمگەراییەی كە نەك تەنها لە نێو كوردان ، لەتەواوی گەل و نەتەوە جوداكاندا هەیە، ئەویش هەڵە لەدوای هەڵەو لەیەكدی دانە لەناوخۆدا بەڵام كوردان نەیان توانیوە تەركی بكەن، یان بە واتایەكی دی بڵێ خودی مێژووی خۆیان لە ڕابردوو نەبوەتە پەند و بە ئاگاهێنانەوەیان.....
لە تەواوی دونیادا كاتێك لە بچوكترین پێكهاتە وە بیگرین تا ڕێخراو ، گروپ، حزب......هتد. ئەم دۆخە شڵەژاوییە تێدا تەشەنەی كردوە، دواجار وەك حانەیەكی شـێربەنجەیی وایە زیاتر لەهەركات و سەردەم و قۆناغێك ئێستا بەرۆكی كوردانی گرتوە
ئەمما ئەوەی لێرەدا پرسیار دنێتە گۆڕی
داخۆ  بیرو تێڕوانین و ئاستی نەتەوەیی و وشیاری كوردان گەشتۆتە ئەو ئاستەی كە هەوڵی بنبڕ كردن و لەناوبردنی خانە میكرۆبییە كان بدەن، كە بۆتە هۆی ئەو دۆخەی  تەواوی كورد وەك نەتەوە و ستانیش وەك خاكەكەی توشی گێژا و داگیركارییەكی بێوێنە كردۆتەوە....
هەڵبەتە  هەموو ئەو كێشمە كێش وململانێیانەی بۆ دەسەڵات، هەڵپەی ئابوری...هتد لەم ناوچەیە دەگوزەرێ ، جیا لەوەی هەمیشە خاكی كوردستان و كوردەكان، دەكەن بەقوربانی سیاسەتانی خۆیان، بەڵام سەرباری هەموو ئەو دوژمنكارییەی كە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و هەرێمی بەرامبەر بە كوردان هەیانە ئەژمار نەهاتووە ، لەگەڵ ئەوەشدا ناووشیاری و سیاسەتی چەوت و بنەماڵە گەری  و خۆ خۆری و یەكدی قبوڵنەكردن و لەیەكدی دان، ئەو دۆخە شڵەژاوییەی لە ناوخۆدا دروست كردوە، هەر ئەمەش هۆكاری سەرەكییە تا   چیرۆكی چاوچنۆكان و ئاسكە ئاڵتونیەكە بەسەر كوردان و خاكەكەی پەیڕەوو بكەن....
بۆیە  هەر هەوڵانێك بۆ خۆ بەڕێوبەری و هەبوونی سیاسەتێكی گشتگیر، لە هەرتاكێكی كوردەوە بگرین، تا  سیاسییەك، شۆڕشگێڕیك، كاربەدەستێك، هەمو ئەوانەی شەیدای  داگیركەرانن، پیان وایە، كاری ڕاست، تێكەڵبونە لەگەڵ  دوژمنانی خاك و گەل، داخۆ لەخۆیان پرسیوە 
 بۆ وا پەیوەستی داگیركەرانی كوردستانن، لەپێناو بەرژەوەندی كەسی و خێڵەكی، وەك نەریتێكی لێهاتووە و لە هارپاكۆسەوە نەوە بە نەوە دەیگوازنەوە، یانی تاكەی دەبێ هۆشیاری هێندە سست بێت لە ئاست هەق و ڕاستی؟
تا كەی دیكتاتۆرە سەردەست و خوێنڕێژەكانی سەردەم ناناسین..؟
بەبیرهێنانەوەی ئەم نەریتە قێزەونە، سەرنجتان ڕادەكێشم بۆ  ڕۆژهەڵاتی كوردسـتان ، هەڵبەت ناڕۆمەوە بۆ ڕابردوو، بەڵام بەسەرنجدان بۆ هەمان نەریت لە ڕابردوو، دەكرێ كۆتای پێ بێت  ئەو میكرۆبە كوشندەیه، كە ڕۆژ بە ڕۆژ سیاسەتی شەڕی تایبەتی داگیركەران لە نێو كۆمەڵگای كوردیدا بۆ هەمان مەبەست خەریكە تەواو جێگای خۆی دەگرێ، لەوپێناوەشدا چەندەهـا ساڵە  بە بیانوی جودا جودا، كۆمەڵگەی كوردسـتان، لە ڕۆژهەڵاتدا توشی قەیرانی سیاسی، نەتەوەیی، ئایدۆلۆژی تێكەڵ بە ناوشیاری بونەتەوە، كە  بێگومان هەمان ڕەوش لە باكوردا  دەگوزەرێ
باشوریش ئەوە كە دیارە وەك حاسیبەیەكی دەستی دوژمنان بەكار دەهێنرێ  و دوای تەواو بونی حساباتەكەیان  هەموان دەزانین كە چی دێتە گۆڕی.!
بەهەرحاڵ  ئەوەی هەیە و ئێستە  دەتوانرێ كوردان بە سود وەرگرتن لەو بارودۆخەی ئێستە تەواوی ئێرانی گرتۆتەوە، قازانج وەربگرن  تا بە خودی ئاسكە ئاڵتونیەی چەندەها ساڵە كە لێمان براوە بگەین نەك پاشماوەی ئاڵتونەكەی..!
ئەویش بێگومان  بە دەست خستنی چەند خاڵێك كە پێم وایە گرنگترینیان  :
1/گرنگە لەگەڵ شرۆڤەی ئەو ڕووداوانە، هەم لەسەر ئاستی جیهانی و هەرێمی و نێو خۆیی، چینی ڕۆشنبیران و خامە بەدەستان، لەم قۆناغە چارەنوس سازەو سەدساڵەی پەیماننامەی لۆزان و هاوشێوەكانی، بە ئەركی ئەخلاقی و ئینسانی، نەتەوەیی خۆی  هەستێت ، كە بە ئاگاهێنانەوەی  تەواوی چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردییە ، تایبەت گەنجان ، ژنان، ئەركداران، چونكە هۆشیاری گەل دەتوانێت پێ بە پێ هەموو ئەو پلان و شــەڕە تایبەتییەی كۆماری ئیسلامی لە ئێراندا  پەیڕەوی دەكات، مسۆگەر كۆتایی پێ بێنێت، و بێگومانیش  جارێكی دیكە فەشەلهێنانەوەی بەرنامەی وڵاتانی جیهانییە تایبەت ڕوسیا  و چین، كە بەرژەوەندییانە مانەوەی ئەو ڕژێمە تۆتالیتارو زاڵمە، كە بەردەوام و بێ وەستان لەوپێناوە كاردەكەن.
وڵاتانی هەرێمیش بێگومان دیارن.......
هەربۆیەهوشیاری گەل و  تەواوی كۆمەڵگە بێ جیاوازی(ڕەگەز، چین، ئایدۆلۆژی، نەتەوە....هتد)مسۆگەر هەم ڕێگای گەشتن بە ئـازادی گەلان لەناوچەكەدا فەراهەم دەكرێ، هەمیش هەموو ئەو چین و توێژانەی كە تا قۆناغێك و تائێستاش بەهۆی بەرژەوەندی مادیی بێت یان بێ ئاگاییی، دژی ڕەوتی خەبات و  بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی گەلان و تەواوی كۆمەڵگە بونەتەوە ،دەوەستن لە هاوكاری ئەو ڕژێمە و خەتی خیانەت بەردەدەن، بۆیە هۆشیاری خاڵێكی گرنكە بۆ ڕێگری كردن لە لاوازی ناوخۆی و وەستانەوە لەبەرامبەر زولم و داگیركاری دەرەكیش
2/ئەزمون و خوێننەوەی ڕووداوەكانی ڕابردوو، بەوەی گەیاندوین هیچ دەسەڵاتێك بە درێژای مێژووی حوكمڕانی لەم ناوچەیە  تابیەت ئەو وڵاتانەی كە لەچەندین نەتەوەی جودا پێك هاتوون، لەوانەش كورد، هەمیشە دەسەڵاتە لومپەن و خوێنڕێژەكان، باوەڕی و هەست و عاتفی ئایدۆلۆژی كوردانی  مسۆگەر كردوە بۆ خۆی، دواجاریش هەربەخۆمان ، خۆمانی لە لێواری لەناوچون و دۆخی دژوار گەیاندووە،سەرهەڵدانەكانمانی دژی ستەم و ناداتی كپ  پێ كردۆتەوە، بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیێەش نمونەیەكی مێژووی  دێنمەوە
لەدەورانی سەڵتەنەتی عوسمانیدا و بوونی هەندێك  قەوارەو دسەڵاتی ناوچەیی میرنشینە كوردیەكانی سۆران، بادینان،بابان.......هتد
كە تێیدا 33سەرۆك عەشرەت و  كەسایەتی ئاینی كورد...! لەپێناو بەرژەوەندی خێڵەكی  دەنگیان یەك خست و بۆ  دەوڵەتی عوسمانلیان نارد تا میرنشینی  سۆران لەناو ببات
خوێنەرانی هێژا ئەگەر ئەمە ماڵ وێرانی و پەرتەوازەیی و كەماسی ناوخۆییمان نەبێ چی ناودەنێن..!؟ هەمان ئەقڵیێەت، بە ناو   و ڕەنگی جیاواز  لە ئێستادا هەیە.....
3/هەڵبەتە ناوەڕاستی دەیەیی سەدەیی بیستدا، چەندین ڕوداو پێشهاتی وەها هاتە ئاراوە  كە  كورد پێشكەشی  نەتەنها تەواوی كوردان و خاكەكەی كرد، تەواوی مرۆڤایەتیشی لەو ڕووداوە دروستكراوەنە لەلایەن وێنڕێژانی سەردەم بۆ لەناوبردنی كۆی مرۆڤایەتی و  نەتەوە دێرینەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەربۆیە ئەگەر ڕۆژگارێك ناوی كورد و كوردستان نەبیسترابێ، ئەوا ئێستا  تەواوی جیهان بە دۆزی ڕەوای ئەم گەلە  ئاگادارن و شۆڕشی كوردان لەدژی تاریكی  وا ئێستا لە  ڕۆژهەڵاتدا لە لوتكە كەدایە چونكە وردە وردە نەخۆشییەكانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە زۆربوندان، هەموو سیستمە دەسەڵات خوازو  ڕژێمە ستەمگەرەكان لە دۆخی پەلەقاژەی مەرگ و لە ناوچوندان...
4\لەم بارودۆخەدا  ئۆپۆزسێۆنی ئێرانی گرنگە ئەوە لەبەرچاوبگرن و كە حوكمەتی داهاتووی ئێران و تەواوی گەلانی ئێران لەسەر بنەمای یەكدی قبوڵكردن بێت و زۆرداری و ستەم بۆ گەلانی غیرە فارس نەمێنێ
5/حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ڕۆڵ و پێگەیان لەم كاتەدا دەردەكەوێت ، بەرنامەی كارو هەوڵدان بۆ گەشتن بە مافەكانی كورد لە ڕۆژهەڵات و ئێراندا دەبێ دەست بخری، سود لە ئەزمونی سەركەوتووی ڕۆژئاوا و هەڵە و كەماسییەكانی باشور وەربگرن و دوبارەی نەكەنەوە،  مێژوو مێژوی ڕاست و  هەق سەردەخات، و پرشنگدار دەكات
با ڕوی ئەم خاڵەم لە ناكۆكی و ناتەبایی  لایەنەكانبێت لە ڕۆژهەڵاتدا......!!!
6/هاوكات كورد دەبێ لەوبەشەی خاكەكەیدا  جێ سەنگی خۆی دیاری بكات و لە نێو هاوكێشە سیاسەكەیدا بونی خۆی  واتاداین بكات و  قەیرانە ئابوری و كۆمەڵایەتییەكانن كە دروست بوون، ڕێگە چارەسەری و ئەڵتەرناتیڤیان هەبێ و بێ بەرنامانە كار نەكرێ، تا خوێنی شەهیدەكانیش كە لەو پێناوەدا گیانیان بەخت كردووە ون نەبێ
دواجار   نە ڕەزا شایەكی دی دروست بێت، نە خومەینی و فكرەكانیان
ئەوەش بە هەوڵ و تێكۆشانی خەباتی تەواوی چین و توێژەكان دەبێ  بێ جیاوازی  لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا، تا نمونەیەكی جوانی خۆبەڕیوبەری بەرهەم بێت