قۆناغەکانی کێشەی خێزانی

19/11/2022

هێشوو کەریم
مرۆڤ بوونە‌وە‌رێكی كۆمە‌ڵایە‌تییە،‌ بۆیە‌ ژیان بە ‌تە‌نها قورسە‌،‌ ژیان بە‌ تە‌نها چێژێكی ئە‌وتۆی نابێت، بە‌پێی توێژینە‌وە‌كان دە‌ركە‌وتووە‌، ئە‌و مرۆڤانە‌ی پە‌یوە‌ندییە‌ كۆمە‌ڵایە‌تییە‌كانیان زۆرە‌ دە‌روونێكی ئاسوودە‌یان هە‌یە‌ و تە‌مە‌نیان درێژترە‌، بۆ بە‌ردە‌وامبوونی ژیان یە‌كێك لە‌ رێگەكانی دروستكردنی پە‌یوە‌ندییە‌ كۆمە‌ڵایە‌تییە‌كان(شووکرن و ژنهێنان)ە، کەواتە بۆ دروستكردنی ژیانێكی هاوبە‌ش و وە‌چە‌ خستنە‌وە‌ و بە‌ردە‌وامیدان بە‌ مرۆڤایە‌تی، مرۆڤە‌كان زەماوەند دە‌كە‌ن، بێگومان لە‌ ژیانی هاوسە‌ریدا لە‌گە‌ڵ خۆشبە‌ختی و چێژ بە‌دە‌ر نابێت لە‌ كێشە ‌و گرفتیش لە‌م نووسینە‌دا ئاماژە‌ بە‌ قۆناغە‌كانی دروستبوونی كێشە‌ دە‌کە‌م لە‌ نێوان هاوسە‌راندا، هە‌ر یە‌ك لە‌ ئێمە‌ دە‌زانین كاتێك خێزانێكی بە‌ختە‌وە‌ر و بێ كێشە‌ و تە‌ندروست لە ‌رووی مامە‌ڵە‌وە‌ دروست دە‌كرێ راستە‌وخۆ كاریگە‌ری لە‌سە‌ر كۆمە‌ڵگە دە‌بێت.

كاتێكیش ژن یان پیاوی ماڵ یان منداڵە‌كانیان كێشە‌یە‌كی خێزانی روویان تێدە‌كات كاریگە‌ری راستە‌وخۆی لە‌سە‌ر ژیانی خێزانی و ئە‌دای كاركردن و تە‌واوی سێكتە‌رە‌كانی ژیانیان دروست دە‌كات بۆ ئە‌وە‌ی بە‌رچاو روون بین و هە‌وڵ بدە‌ین كۆنترۆڵی خۆمان بكە‌ین و كە‌مترین كێشە‌ رووبە‌ڕووی خێزانە‌كە‌مان ببێتە‌وە‌ باشترە‌ زانیاریمان لە‌سە‌ر قۆناغە‌كانی دروستبوونی ناكۆكی  نێوان هاوسە‌ران هە‌بێت. 

یە‌كە‌م هۆكار بۆ دروستبوونی كێشە‌ یان ناكۆكی لە‌نێوان هاوسە‌راندا دە‌گە‌ڕێتە‌وە‌ بۆ میزاجی هاوسە‌ران كاتێك بە‌هۆی شتێك لە ‌دە‌رە‌وە‌ یان بە‌هە‌ر هۆكارێك بێت دە‌روونێكی ئاسوودە‌یان نییە‌، واتا ئە‌و كە‌سە‌ ئامادە‌یە‌ بۆ ئە‌وە‌ی زۆر بە‌ئاسانی كێشە‌ بخوڵقێنێت. 

قۆناغی دو‌وە‌م دروستبوونی شتێك یان رووداوێك كە‌ دە‌بێتە‌ هاندە‌رێك بۆ دروستبوونی كێشە‌كە‌ بۆ نموونە‌ منداڵە‌كە‌یان داوای شتێك دە‌كات دایكە‌كە‌ رە‌تی دە‌كاتە‌وە‌ بۆی بكات باوكی تەداخول دە‌كات.

قۆناغی سێیە‌م لێكتێنە‌گە‌یشتنی هاوسە‌رانە‌ لە‌سە‌ر رووداوە‌كە‌ هە‌ر یە‌كە‌یان بە‌پێی بیركردنە‌وە ‌و تێڕوانینی خۆی رووداوە‌كە‌ دە‌بینێت، كە‌سیان وە‌ك ئە‌وی تریان بیرناكە‌نە‌وە‌ دیارە‌ كە‌ بیركردنە‌وە‌ی خانمان و پیاوان جیاوازە‌ بۆیە‌ گرنگە‌ هە‌ردوولا بتوانن ئاشنابن بە‌ سایكۆلۆژیای رە‌گە‌زی بە‌رامبە‌ر لە‌ رێی خوێندنە‌وە‌وە.‌

قۆناغی چوارە‌م شڵە‌ژان و مناقەشەكردن دروست دە‌بێت و دواتر دە‌بێتە‌ کێشە بێگومان ئاشنابوونی ئێمە‌ بە‌م قۆناغانە‌ یارمە‌تی دە‌ردە‌بێ بۆ بچوكردنە‌وە‌ی كێشە‌كان.ئە‌م بابەتە‌ بە‌ردە‌وامی دە‌بێ.