ڕازین بە قەدەری خوا

21/11/2022

دلێر محەمەد نوری
ئەم دەستەواژەیەش، وەکو زۆرێکی دێکە، بەرهەمی ئەم ساڵانەی دوایی هەرێمە ڕازییەکەیە بە هەموو کارەسات و کێشە و لێقەومانێک. ئەگەرچی ئەم دەستەواژەیە بۆ ئارامی بەخشین بە کەسی کارەساتبار سودێکی دەروونی هەیە، بەڵام هیچ شتێک هێندەی ئەم  دەستەواژەیە (ڕازیم بە قەدەری خوا) زەرەری لێ نەداوین. ئەگەر خودا خاوەنی کەون و کائیناتە، وای ڕێکنەخستووە، ژیان بەبێ کێشە و گیروگرفت بڕوا. بەڵێ ئەمە ژیانە کارەساتی لافاو و بوومەلەرزە و تەقینەوە و پێکدادانی ئۆتۆمۆبیل و شەڕ و ئاژاوە و تەقەکردن و یەکترکوشتن و دەستدرێژی کردنە سەریەکیشی تێدەکەوێ. بەڵام دیسانەوە لەبەر ئەوەی، گوایە خودا خاوەنی ئەم قەدەرانەیە، ئیتر ئێمە هەر ڕازی بین و بیر لە هیچ نەکەینەوە، ناڕەوایە. ئێ باشە، هێندە ڕازیت بە هەموو ئەم قەدەرانە، دە فەرموون کەمێکیش کار بە فەرمانەکانی دیکەی خودا بکەن (لعلکم تعقلون، لعلهم یتفکرون..هتد، بە واتای لەوانەیە هۆش بەکاربێنن، لەوانەیە بیربکەنەوە...).

ئاخر ناکرێت شۆفێرێک، بە هۆی تیژڕەویی، بەکارهێنانی مۆبایل، بە هەڵە هەڵسەنگاندنی دۆخی هاتووچۆ، بە هۆی مەست بوونەوە، خەڵکی بکات بە ژێرەوە، تۆ هەر ڕازی بی بەم قەدەرە و شۆفێر ئازاد بکەی بۆ کارەساتێکی دیکە. ئاخر ناکرێ تۆ کەسێکی نە شارەزا بێنی، ماڵەکەت بتەنێ بە بۆری غاز و بیڕوخێنی بەسەر خاوخێزانتدا و تۆ هەر ڕازی بیت بە قەدەری خوا و گوناهەکەی بخەیتە ئەستۆی قەزا و قەدەر و لێگەڕێی وەستا نەشارەزاکان، هەر خەریکی بەستنی سیستمی تەقاندنەوەی خانووەکان بن. ڕەنگە هیچ دەستەواژەیەکی هێنده ڕازیم بە قەدەری خوا لە قازانجی دەسەڵاتی سیاسی و حوکمڕانی و لە قازانجی سەلەفی و بانگخوازەکانیش نەبێت لە لایەکی دیکەوە. وە ڕەنگە هیچ دەستەواژەیەکیش هێندەی ئەم ڕازی بوونە بەو قەدەرانەی بە سەرماندا دێت، بە زیان بۆ لێقەوماوان تەواو نەبووبن.

ڕەنگە هیچ شتێکیش هێندەی ئەم ڕازی بوونە بە قەدەری خوا  کۆی گشتی سیستمی ژیانی ئێمەی تووشی تەمەڵی نەکردبێ، دەرهەق بە ڕووداوەکان. چونکە کاتێک لافاوێک گەڕەکێک ئەبات و زیان ئەگەیێنێ و تەرم، تا قەراخی شار ئەبات و ئۆتۆمبیل شەقشەقێنی کۆڵانان ئەکات، لەولاشەوە بەرپرسی حزبی و حکومی بە جزمەوە دێنە ناو خەڵکی و بە جورعەیەک بەنجی (قەدەری خوایە، دەربەست نایەین، شوکرانەی دەوێ...) ، هەرچی گەندەڵی ئاوەڕۆ و بیناسازی بێ بەرنامەو ڕێڕەوە ئاوییە سەرلێشێواوەکانی شارە، لە بیری لێقەوماوان ببەنەوە و قفڵی یەکەم لە دەرگای بیرکردنەوەی خەڵکی بدەن.

کاتێکیش کارەساتەکان ڕوو دەدەن، بانگحواز و سەلەفییە مۆدێلەکانی سۆشیاڵ میدیاش، باشترین هەلیان بۆ ئەرەخسێ تا ئەم لێقەوماو و کارەساتبارکراوانە، لە دەوری خۆیان کۆ بکەنەوە و ئەوانیش جورعەیەکی دیکەی بەنجی غەزەبی خوایە و دەبێ بگەڕێنەوە لای ئێمە، تا لە گەڵ خودا ئاشتتان بکەینەوە، ئەمانیش قفڵی دووەم لە هەمان دەرگای بیرکردنەوەیان دەدەن.

تەمەڵی و دەستبەرداری و جامبوونی عەقڵ لێرەوە دەست پێ دەکات. خۆ خەریک کردن بە قەدەرەوە، پڕۆسەی پێداچوونەوە بە هەڵەکان ڕادەگرێ و ڕێگای چارەسەریشمان لێ ون ئەکات. ئەگەر ئەم ڕازی بوونە نەبووایە بەم هەموو قەدەرە، دەبوو بۆ ئەوەی دەستت سوکانی ئۆتۆمۆبیل بگرێ، دەبوو بزانی ئۆتۆمۆبیل چیە و چۆن کار ئەکات و چۆن ئەوەستێ، هێماکان چی ئەگەیێنن، خێرایی جادە چەندە و مەترسییەکانی هاتووچۆ چین؟ دەبوو فیتەر و بیناساز و دارتاش و کارەباچی و غازچی لە ڕێگەی خوێندنەوە ببێ بە پیشەوەر تا ماڵی خەڵکی کاول نەکات. دەبوو بۆ هەر ڕووداوێک و کارەساتێک بە دوای هەڵە و کەموکوڕیدا بگەڕانایە و ڕێگەچارە دانرایە بۆ دووبارە نەبوونەوەیان. بەڵام بۆ دەسەڵات و ڕەعیەتی قەزاو قەدەریش، هەر ئەم تەمەڵییە باشە، هەر وەکو قوتابییە تەمەڵەکانی جاران حەز ئەکەن هەموو ڕۆژێک پشوو و مەراسیم بێ، تا تاوانی تەمەڵییەکەیان وەکو حکومەت و خەڵکی هەرێم هەمیشە بخەنە ملی قەزا و قەدەر.