گەشەی دانیشتوانی جیهان و فشاری دەرامەتە ئابوورییەکان

21/11/2022

فەیسەڵ عەلی
دوای ئەوەی ئیدارەی کاروباری کۆمەڵایەتی و ئابووری، لە پێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند کە ژمارەی دانیشتوانی جیهان هەشت ملیار کەسی تێپەڕاند، ئەوا جیهان بەهۆی بەرزبوونی ژمارەی دانیشتوانییەوە رووبەڕووی ئاڵنگاریی زۆر دەبێتەوە، هەروەها پێشبینیش دەکرێت ژمارەی دانیشتوانی جیهان لەم گەشەکردنەی بەردەوام بێت بەڵام بە رەوتێکی هێواشتر، لە ساڵی 2020دا رێژەی گەشەی دانیشتوانی جیهان بۆ کەمتر لە %1 دابەزی، ئەمەش یەکەمین جارە لە دوای ساڵی 1950وە رووبدات، هەروەها راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە دەشێ ژمارەی دانیشتوان تا ساڵی 2030 بۆ (8.5) ملیار بەرز بێتەوەو ساڵی 2050 بگاتە9.7 ملیار کەس، هەروەها راپۆرتەکە پێشبینی ئەوەشی کردووە، کە هەشتاکانی ئەم سەدەیە، ئەو ژمارەیە بگاتە نزیکەی 10.4 ملیارو تا ساڵی 2100 وەک خۆی بمێنێتەوە.
نێوەنجی مردن و لەدایکبوون
هۆکاری بەشێکی ئەو گەشەکردنەی دانیشتوان بۆ دابەزینی ئاستی مردن دەگەڕێتەوە، بەجۆرێک کە نێوەنجی تەمەنی پێشبینیکراو لە ساڵی 2019دا 72.8 ساڵ بوو، واتە نۆ ساڵ زیادی کردووە. پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی 2050 ئەو نێوەنجە بگاتە 77.2 ساڵ. راپۆرتەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە نێوەنجی تەمەنی مێ و نێر بەدوای یەکدا 73.8و 68.4 ساڵ بێت، واتە لەسەر ئاستی جیهان نێوەنجی تەمەنی ژنان بە 5.4 ساڵ لە تەمەنی پیاوان زیاترە. لەگەڵ دابەزینی نێوەنجی مردن، پێشبینی دەکرێت گەشەی دانیشتوان بەردەوام بێت، لە ساڵی 2021دا نێوەنجی پیتاندنی دانیشتوانی جیهان 2.3 بوو، واتە دوو منداڵ بۆ هەر ژنێک، دوای ئەوەی لە ساڵی 1950 نزیکەی پێنج منداڵ بۆ هەر ژنێک بوو. پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2050 پیتاندنی جیهانی بۆ 2.1 منداڵ بۆ هەر ژنێک بێت. لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بدرێت بەوەی، کە چەمکی دەستهاتی دیموگرافی، بۆ گەشەی خێرای ئابووریی دەوڵەتێک بەکار دێت، ئەویش بەرهەمی داشکانی نێوەنجی لەدایکبوون و مردن و ئەو گۆڕانەیە کە لە تەمەنی دانیشتوانەکەیدا روو دەدات، لەگەڵ کەمبوونی لەدایکبوون لە هەر ساڵێکدا، چونکە ژمارەی ئەو گەنجانەی کە دەوڵەت بەخێوکردنیان لە ئەستۆ دەگرێت، بەراورد بە ژمارەی دانیشتوان لە تەمەنی کارکردندا کەم دەکات، لەگەڵ کەمبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی کە دەبێ دەوڵەت باربوویان بکات، ئەوکات دەوڵەت دەرفەتێکی لەباری بۆ گەشەی خێرای ئابووری دەبێت، ئەگەر هاتوو بەشێوەیەکی دروست پەرە بە سیاسەتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بدات.
هۆشیاری و بەرپرسیاریی هاوبەش
پەرەسەندنەکانی بواری تەندروستی، نێوەنجی تەمەنی درێژ کردو بە فراوانی نێوەنجی مردنی دایکان و منداڵانی کەم کردەوە، لە هەمان کاتیشدا، ئەمە بە هۆشیاری بەرامبەر بە بەرپرسیارێتیی هاوبەش سەبارەت بە چاودێریکردنی ئەم هەسارەیەی لەسەری دەژین دادەنرێت. بەم ئاقارە، هەموو کەسێک پێویستی بە سوتەمەنی، دار، ئاو، شوێنی نیشتەجێبوون هەیە، لەبەر ئەوانە، پرسیار لەمەڕ ئەوەی ئایا دەرامەتەکان بەشی پێداویستییەکان دەکات.
پەیوەندیی نێوان گەشەی دانیشتوان و گەشەپێدانی بەردەوام زۆر ئاڵۆزە، گەشەی خێرای دانیشتوان پرسەکانی هەژاری و برسێتی و بەدخۆراکی ئاڵۆزتر دەکات، پێویستیی مرۆڤ بە سیستمی کاراو باشتری تەندروستی و خوێندن زیاد دەبێت، ئەمەش دەرامەتی زیاتر دەخوازێت تا بتوانرێ پارێزگاری لە سەرمایەی مرۆیی بەرهەمهێن بکرێت، زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی دەوڵەتێک بە مانای زیادبوونی سەرمایەی مرۆیی نایەت، ئەگەر ئەو زیادبوونە پێشکەوتنی تەندروستی و خوێندنی لەگەڵدا نەبێت، ئەمە ئەو پرسەیە کە دڵەڕاوکێی لای بایەخپێدەرانی بابەتەکە دروست دەکات، زیادبوونی ژمارەی خەڵک، زیادبوونی کێبڕکێی نێوانیان لەسەر ئاوو خۆراکی سەر گۆی زەوی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
مەترسییەکە لە ئەفریقا زیاترە
لەو راپۆرتەدا تێبینی ئەوە دەکرێت، کە دەوڵەتانی باشووری بیابانی ئەفریقا، تا ساڵی 2050 بەشداریی لە زیادبوونی نیوەی ژمارەی پێشبینی کراوی دانیشتوان دەکەن، گرفتەکەش لەو رووبەرە زەوییەدایە، کە نزیکەی 738 ملیۆن کەس بەبێ بوونی خۆراکی تەواو تێیدا دەژین، بەپێی پەیمانگای ئابووری و ئاشتی، پێشبینی دەکرێت تا ناوەڕاستی ئەم سەدەیە، ژمارەی دانیشتوان بە رێژەی 95٪ زیاد بکات.
ناوەندی توێژینەوەکان، لە راپۆرتێکیدا کە لە تشرینی یەکەمی 2022 بڵاوی کردۆتەوە، هۆشداری ئەوەی داوە، کە ناوچەکانی باشووری بیابانی ئەفریقا، تا ناوەڕاستی ئەم سەدەیە بەردەوامی نابێت، لەبەرئەوە دەبێ ئەو دەوڵەتانە وەبەرهێنان لە پەرەپێدانی سەرمایەی مرۆییاندا (خوێندن و چاودێریی تەندروستی) بکەن، تا بتوانن دەرفەتی کاری گونجاو بۆ دانیشتوانیان بڕەخسێنن، لەبەرئەوەی شارەزایان رایان وایە، فشاری سەر دەرامەتە ئابوورییەکان، بەتایبەتیش لە ئەفریقا زۆر مەترسیدار دەبێت، شایانی ئاماژە پێکردنە، مەترسی بەکارهێنانی خۆراک و وزە وەک مەترسی چەک وایەو لە ئارادایە، بەرپابوونی جەنگی نێوان روسیاو ئۆکرایین، رەنگە قەیرانێکی برسێتی لە جیهاندا لێبکەوێتەوە، خۆراک بە چەند رێگەیەک وەک چەک لەم جەنگەدا بەکاردەهێنرێت، داخستنی بەندەرەکان برسێتی و ناجێگیری و کۆچی بە کۆمەڵ لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان لێدەکەوێتەوە.
کێشەکانی داهاتوو
ئەو ئاڵنگارییە مەترسیدارانەی رووبەڕووی جیهان دەبێتەوە، خۆی لە فراوانبوونی بۆشایی نێوان دەوڵەتان لە بەدەستهێنانی خۆراک و ئاو و فەراهەمکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و کار دەبینێتەوە. لەبەرئەوە، دەبێ بەخێرایی پێشبینییەکانی کەمبوونی ئاو لە ناوچەکانی جیهان دیاری بکرێن و پلان بۆ ئاوەدانکردنی ناوچە دوورە دەستەکان دابڕێژرێت، بەهۆی زیادبوونی گەشەی دانیشتوانی شارەکانەوە، پێویستە ئاماژە بکرێت بۆ ئەوەی زیاتر لە 200 ملیۆن ژن لە جیهاندا رێنمایی دروستی لەمەڕ رێکخستنی خێزان پێنەدراوەو دەرفەتی خوێندنیشیان بۆ فەراهەم نەکراوە. هەروەها ئێستا زیادبوونی ژمارەی بەساڵاچوان یەکێکیترە لەو کێشانەی کە رووبەڕووی جیهان بۆتەوە.
دەکەونە تەڵەی هەژارییەوە
نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی لەم رەوشی زیادبوونی بەردەوامەی دانیشتوانی جیهان پیشانداوە، بەوەی خێرایی گەشەی دانیشتوان لە دەوڵەتە هەرە هەژارەکان، وەک ئەوەی باشووری بیابانی گەورەی ئەفریقا، نەوەکانی ئایندە دەخاتە نێو تەڵەی هەژاری و برسێتییەوە. لەگەڵ زیادبوونی پشتبەستنی جیهان بە بازرگانیی نێودەوڵەتی و بەندەرەکان، کەوتنەوەی جەنگ و ململانێی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، هەڕەشەی زیاترو فراوانتر لە گەیاندنی پێداویستییەکان دەکات، ئەمەش کاریگەریی لەسەر ژیانی ملیۆنان کەسی ناوچە جیاجیاکانی جیهان دەبێت.
بەبۆنەی گەیشتنی دانیشتوانی جیهان بەم ژمارەیەی ئیستا، پێویستە رێوشوێنی دروست بگیرێتەبەر بۆ رێگرتن لەوەی خۆراک و گەیاندنی، بە هەر بەهانەیەک بێت، وەک چەک بەکاربهێنرێت.