دەستتێوەردان و بێزاركردنێكی بێ كۆتایی

22/11/2022

بەنان فاروق
دەستتێوەردان بریتییە لە دەست خستنە ناو ژیانی تایبەتی كەسانی دی و ئەو شتانەی كە تایبەتن بە كەسێكی دیاریكراو، كە هیچ پەیوەندییەكی بەو كەسەوە نیە كە دەستێوەردان دەكات.
دەستتێوەردان یەكێكە لە كێشەكانی كۆمەڵگا و كەم كەس هەیە دەست لە ژیانی وەرنەدرابێت و بەوەش بێزار نەبووبێت، ئەو كەسانەشی ئەم خاسیەتە لەدەرونیادا هەیە و خۆیان هەڵدەقورتێننە ژیانی تایبەتی دەوروبەریان،  گەر خۆشی دەست لە ژیانی وەربدرێت بێزار دەبێت پێی و بەڵام هەر دەسبەرداری ئەم خووە ناشرینە نابێت.

دەستتێوەردان لە ژیانی هەركەسێكدا بوونی هەبووە و هەیە زۆرجار دەست لە تەمەنی منداڵییەوە دەست وەرئەدرێتە ژیانی منداڵەكە چ دایك و باوكی بن یان كەسی خزم یان بێگانە بێت، ئەمەش وا لە منداڵەكە ئەكات پشت بەخۆی نەبەستێت و ئامانج دانەنێت و هەوڵ بۆ ئامانجەكانی نەدات، ئەمەش كێشەیەكی زۆر گەورەیە كە منداڵێك پەروەردە بكرێت كە پشت بەخۆی نەبەستێت و ئامانجی نەبێت بەهۆی ئەوەی كە هەمیشە دەست لە ژیانی وەردراوە و ڕێگا نەدڕاوە بە خواستی خۆی بجوڵێتەوە و ئامانج دابنێت بۆ داهاتووی..

زۆرجار دەستوەرئەدرێتە ژیانی گەنجان و كە زۆر گەنج هەن پێی بێزار و جاڕس ئەبن، پێیان ئەوترێت ئەوە بۆ ئیشێك ناكەی؟
بۆ هەر دانیشتووی ئیشێك نادۆزیتەوە؟
ئەوە خوێندنت تەواو كرد ئیتر بەتەمای چیت.؟
 ئەتەوێت كەی هاوسەرگیری بكەی؟
وا تەمەنت ئەچێتە سەرەوە كەی هاوسەرگیری ئەكەی؟
دوو ڕۆژی تر كەس نایەوێت هاوسەرگیریت لەگەڵ ناكەن بەتەمای كەیت؟
ئەمانە و چەندین پرسیاری تر كە بەم پرسیارانە دەستوەرئەدرێتە ژیانی تایبەتی كەسانەكان و قسەی خەڵكی دەستتێوەردەر هیچ كاتێك تەواو نابێت و هەر بەردەوام ئەبێت، دوای ئەوەی كەسەكەش ئیشی دەست ئەكەوێت و هاوسەرگیری ئەكات ئەڵێن بۆچی مناڵت نابێت بۆ مناڵێك ناخەیتەوە، دیارە نەزۆكی و مناڵت نابێت و هیچ هەستی كەسی بەرامبەریان لا گرنگ نییە، دواتر كە منداڵێكی ئەبێت ئەڵێن بۆچی كچت بووە دیارە ئەوجاخ كوێری، ئاخر كچ واتە ئەوجاخكوێری !؟
دواتر كە كوڕێكیشی ئەبێت ئەڵێن دوو منداڵ كەمە بۆ نایكەی بە دوو سێ؟
 كە مناڵێشی زۆر ئەبێت ئەڵێن ئەهـ برا ئەو هەموو مناڵەی بۆچییە؟ چۆن بەخێوئەكرێن و چەندین قسە و دەستێوەردانی دیكە، ئەو جۆرە قسانە نە سوود بە كەسی دەستێوەردەر ئەدات نە سوودیش بەو كەسە ئەگەیەنێت چونكە گەر تۆ بتەوێت سوودێك بە كەسێك بگەیەنیت ئامۆژگاری ئەكەیت نەك دەستوەربدەیتە ژیانی تایبەتی خەڵكی..
زۆر جار دراوسێ خەریكی تەداخولكردنی ژیانی تایبەتی دراوسێكەیەتی كە ئەمەش دیاردەیەكی زۆر بڵاو و ناشرینە.
ئەو كەسانەی كە فێری دەستتێوەردانبوون ئاسان نییە دەستبەرداری بن چونكە ڕاهاتوون لەوەی كە هەمیشە دەستوەربدەنە ژیانی خەڵكی، پێویستە خەڵكی هۆشیاربكرێتەوە و چیتر توانج لە بەرامبەرەكەی نەدات و وریایانە قسەبكات و بیر لە هەستی بەرامبەرەكەی بكاتەوە و دوو جار بیر لە قسەیەك بكاتەوە جا بیكات..