بەھار ھەردێت

22/11/2022

خەڵات عومەر
سەرەتای ئەمساڵ لە بەشی ((فیکر فۆرم))ی ئینستیوتی واشنتن بۆ لێکۆڵینەوە نووسینێکی ((کیسرا ئەعرابی وسەعید جولکارم)) خوێندەوە بەناونیشانی ((چۆن دەتوانرێت خۆ لەو بەدبینە لابدەین کەسەبارەت بە پلانەکانی خامەنەئیە)).
ئەعرابی گەورە توێژەرەوەی پەیمانگای تۆنی بلێری تایبەتە بە گۆڕانکاری جیھانی و شارەزای کاروباری ئێران و پەڕگیری ئیسلامی شیعەیە و((جولکار))یش ئوستازی یاریدەدەری زانستە سیاسیەکانە لە زانستگەی ((تینسی))ی و بەھۆی پسپۆڕی لە کاروباری ئێراندا لەگەڵ ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی ئەمریکایی دا سەروسەودای ھەیە.
نووسینەکە ڕەخنە لەو شێواز وکلیلە دەستەواژانە دەگرێت کەخوارئاوایەکان خوێندنەوەی پێدەکەن وتەنانەت خۆیانی پێی تەفرەدەدەن وبەھۆی ئەوەشەوە توشی بەدبینی دەبن وکورتدێنن لە وەدا کە پێشبینی ھێندێک ڕوداو بکەن کە سیستمە جیاوازەکانی نمونەی وەک ڕوسیای پۆتین وئێرانی خامەنەئی دروستی دەکەن.
نووسینەکە سەرنج بۆ ڕاگەیاندنێکی خامەنەئی ڕابەری کۆماری ئیسلامی ڕادەکێشێت کە لەساڵی ٢٠١٩ بڵاویکردۆتەوە وتیورەسازی بۆ قۆناغێکی نوێی شۆڕشی ئیسلامی دەکات و ڕەخنەش لەوەدەگرێت کە خۆرئاوا بەھیچ جۆرێک ناوەڕۆکی ئەم پەیامەی بەھێند وەرنەگرتووە.
ئەوەی ھانی دام ئەم پێشەکیە باس بکەم لایەنگریمە بۆ بۆچونی ھاوشێوە سەبارەت کورتھێنانی خۆرئاوا لە خوێندنەوەی ئەو پێشھاتانەدا کە ڕەنگە ڕوداوی مەترسی دار دروست بکەن.
سەبارەت بە پەیامەکەی خامەنەئی وئەوەی ئەم دوو نووسەرە لە نووسینەکەیاندا بە قۆناغی دووەمی شۆڕشی ئیسلامی ناویان ھێناوە، من دەمەوێت بیکەمە بەندوباوێک بۆ ئەوەی نووسینەکەی خۆمی دەسسپێبکەم.
سایتی فەرمی مەقامی رەھبەری وبێگومان زۆربەی ئاژانسەکانی ھەواڵی ئێرانی لە بەرواری ١١شوباتی٢٠١٩دا و بەناونیشانی ھەنگاوی دووەم بۆ شۆڕشی ئیسلامی وتارێکی عەلی خامەنەئی یان بڵاوکردۆتەوە کە بەبۆنەی تێپەڕبوونی چڵ ساڵ بەسەر ئینقلابی ئیسلامی ئێراندا ھۆنیویەتیەوە.
وتارەکە زیاتر ئاڕاستەی گەنج وجوانی ئێران کراوەو لە حەوت خاڵی رێنمایی ستراتیجی و حەوت ڕاسپاردەش برێتیە. ئێستاش کە لەدوای ڕوداوی خۆپێشاندانەکانی ئێران وکوردستان چوومەوە سەری وجارێکی ترخوێندمەوە، چەند سەرنجێکم لادروست بوو. 
یەکەم؛
ڕاسپاردەی حەوتەم کە کۆتایی وتارەکەی خامەنەئیە سەبارەت بەشێوازی ژیانەو وەک ئەوەی دەنگدانەوەی زرنگەی زایەڵەی ئەم ڕوداوانەی ئێستای ئێران بێت کە بە فڕێدانی لەچک وسەرپۆش دەستیان پێکردوە.
لەسەرەتای دوا ڕاسپاردەی دا ئیمام نوسیویەتی" شێوازی ژیان؛ قسەی گرنگ لەم بارەیەوە زۆرەو بەجێی دێڵم بۆ دەرفەتێکی تر وتەنھا باس لە یەک خاڵ دەکەم، ئەویش ئەوەیە کە ھەوڵەکانی خۆرئاوا بۆ برەودان و پڕوپاگاندەکردن بۆ نمونەی شێوازی ژیانی خۆرئاوایی لە ئێران دا، گەل وڵاتەکەمانی دوو چاری زیانی زۆری ئەخلاقی وئابوری وئاینی وسیاسی کردووە...".
پێ دەچێت ئەوەی ئیمام لێی دەترسا کە ئەویش بێگومان لەلای کۆماری ئیسلامی بەتەنھا ڕەخنەگرتنە لە شێوازی ژیانی خۆرئاواو لە سەرپۆشکردندا بەرجەستە دەبێت، ئێستا ئیترلەدوای خۆپیشاندانەکانی ئێران، شتێکبێت کۆماری ئیسلامی چاوپۆشی لێبکات، بەو مەرجەی بمێنێتەوە.
دووەم؛ 
کاتێک کەژنان لەچک دەکەن مانای وانیە پابەندی شێوازی ژیانی ئیسلامین وشێوازی ژیانی مۆدێرن وخۆرئاوایی ڕەتدەکەنەوە.بێگومان لێرەشدا ولە بەرئەوەی دەرفەت نیە دەبێت بڵێم " تێبینیەکی زۆرم ھەیە لەسەرئەوەی کە بووترێت شێوازی ژیانی مۆدێرن وخۆرئاوایی نمونەییەو بەو پێیەش مەرجە پێڕەوبکرێت ولاسای بکرێتەوە".
لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٣٦دا ڕەزا شای پەھلەوی یەکەم، یاسایەکی دەرکرد کە ژنان ناچاردەکات سەرپۆشەکانیان فڕێ بدەن، بەو پێیەی ئەوە دیاردەیەکی کۆنەپارێزانەیە. ئەم ھەنگاوەش ئەگەرچی کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، بەڵام دواجار ھەربە زۆر سەپێنداروکاریشی پێکرا. ھەتا لە ساڵی ١٩٤٤دا و لە سەردەمی محمەد رەزای کوڕی دا یاساکە ھەڵوەشێندرایەوە.
ساڵی ١٩٧٩دا لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی دا جارێکی تر لەچککردن بەرۆکی ژنانی ئێرانی گرتەوە وبەپێی ڕێنمایەکانی ئیمام خومەینی دەبوو ((ژنان لەدەرەوەی ماڵەکانیان لە چک بپۆشن)) و بەتەنھا ڕۆژێک بەر لە ھەشتی مارس کە رۆژی جیھانی ژنانە بڕیاری لێدراو بەشێوەیەکی بەرفراوانیش ژنان دژی ئەم بڕیارە وەستانەوە.
سەیر لەوەدایە لەوەو بەرو کە لە ناوەڕاستی سیەکاندا پەھەلەوی یەکەم یاسای لابردنی سەرپۆشی دەرکرد، ئەوساش بەشێوەیەکی بەرفراوان ژنان دژی ئەم یاسایە وەستانەوە!
لەچک پێفڕێدان بەتۆپزی ئاسان نیە، بەڵام لەچککردن بەزۆرە ملێ گرانتربوو، بۆیە بەدوو قۆناغ ولە ساڵی ١٩٨١ و١٩٨٣دا کۆماری ئیسلامی بەفەرمی توانی بیسەپێنێت و بە پێی مادەی ٦٣٨ی یاسای سزادانی ئیسلامیش سەرپێچیکاران ڕوبەڕوی جەڵدەلێدان وھەتا زیندانیکردنیش بکاتەوە. 
سێ یەم؛
سەرتاپا پەیامەکەی خامەنەئی ستراتیجێکی ڕێنمایی ومۆچیاریەو ئاڕاستەی گەنجانی ئێران کراوەو ھەوڵێکە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئایدۆلۆجی بە بەھا مێژوویەکانی شۆڕش وکۆماری ئیسلامیەوە پەیوەستیان بکات. بێگومان ئەمە لە دێڕە نووسراوەکاندا بەرجەستەدەبێت وئەوەی نادیارە مەترسی گەورەیە لەو نەوەیەی کە ئیمام بەم پەیامەی بەتەنھا ھەوڵیان لە گەڵ دەدات و دەنا ھیچ دورنیە بەم دەسپێشخەریەشی بۆ قایلکردنیان بەرلە ھەمووان خۆی درکی بە بێھوودەی ھەوڵەکەی کردبێت، بۆیە لەناواخنی پەیامەکەدا ئەوە دەخوێندرَیتەوە کە ھەموو ئەوانەی لە ھەنگاوی دووەم دا لەگەڵ شۆڕشی ئیسلامی دا یەکناگرنەوە، دەبێت بچنە دەرەوەی!
مەترسی گەورەی قۆناغێکی مێژووی کەڵەکە بوونی ھەڵە، نکۆڵی کردن لە بوونی ھەڵە نیە، بەڵکو مەترسی کارەساتخوڵقێن ئەوە یە کە ھیچ تروسکاییەک بۆ بەخۆدا چوونەوە نیە. لێرەشەوەیە کە قۆناغی نوێ چارێکی تری نیە، جگەلەوەی کە ئەگەر لەناو جەرگەی مەتریسشەوە بێت، بەرجەستەببێت وخۆی بنوێنێت وبێتە کایەو ئەمەشە کە ئێستا لە ئێران ڕودەدات.
بەڕاست لە ئێران چی ڕودەدات؟!
ھەربەتەنھا لەچک فڕێدان وھەڵفراندنی مەندیلە بەسەری مەلاکانەوە؟!
لەسەرەتادا ناکرێت ئەوە بەکەم سەیربکرێت کەلەچک فڕێدەدرێت ومەندیلی مەلابە ئاسماندا دەبرێت.
دەربڕینی یەک لە چالاکوانە ئێرانیەکانیش پەسەنددەکەم کەلەچک فڕێدانی بە ڕوخانی دیواری بەرلین بەراوردکردووە. بێگومان ئەمە بەھایەکی سیمپولکی ھەیە و بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و ئایدۆلۆجیا داخراوەکەی ڕوداوێکی پڕگرنگە، بەڵام ھەمووشتیش نیە، چونکە ملیاران لەژنانی جیھان کە ناچاری سەرپۆشکردنیش نین، مەرج نیە کێشەی زۆر گەورەتریان نەبێت.
ھیچ گومان لەوەدا نیە کە دروشمی سەرھەڵدانی ئێرانیەکان ((ژن، ژیان، ئازادی)) پڕواتاو قوڵ وگرنگن ولەگەڵ خواست ویستی سەراپای مرۆڤایەتی دا یەکدەگرنەوە.
خۆسەرمەشقی ھاوڵاتیانمان لەشێرە ژنانی ئازای ڕۆژھەڵات و بەرلەویش ئازایەتی ژنانی خۆرئاڤاو ھا تنە مەیدانی بوێرانەی ژنان لەباکورو باشوری وڵات وای کردووە ئێمەی پیاوانی کورد لە نێوەندە نێودەوڵەتیەکاندا خۆمان بەژنانەوە بابدەین.
جارێکیان لە گەرمەی بەرخۆدانی خۆرئاوادا وکاتێک ژنانی شەڕڤان لە گۆڕەپانی جەنگدا داعشیان شڕکردبوو، لە بۆنەیەکدا ولە یەکێک لە پایتەختە عەرەبیەکان کەزانیان کوردم لێیان پرسیم " باشە گەلۆ ئێوە ژنەکانتان ئەوەندە ئازابن، ئەبێ پیاوەکانتان کە دێنەدەست چی بکەن"؟! 
لەوەڵامدا وتم " ئێمە گەلێکین ژنەکانمان لە پیاوەکانمان ئازاترن و ئەگەر پیاوەکانیشمان ئازابن ھەرلە بەرئەوەیە ژنی ئازا پەروەردەیان دەکەن".کە گوێم لەھارەِی چەپڵەی ئامادەبووان بوو، لەخۆشیا دوو فرمێسک لە چاوەکانمدا قەتیس بوون، ھەرزوو قوتمدانەوە بۆئەوەی کەس ھەستی پێنەکات.
لەپاش بەرچاوگرتنی ئەزموونە زۆرەکانی مامەڵەکانی خۆرئاوا کەپڕن لە خۆپەرستی ولوتبەرزی وپلانگێڕی وکورتبینی، ناھەقم نیە کەبڵێم تا ئەم ساتە خۆرئاوا بەتەنھا ئەوەندە لایەنگری دروشمەکانی ئێرانیەکانە کە سەدای بۆچوونی خۆی تێدا دەبینێتەوە ودەنابە تەواوی پشتی لە ئازاری ڕاستەقینەی ئێرانیەکانە.
ئەگەر ئەو دیمەنە بێنینە پێش چاو کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی ببێتە بە شێک لە ڕابروو و ژنان بە مافی زیاتریش بگەن وئازادیەکان زیاترببن وئاستی ژیاری وگوزەرانیش گۆڕانکاری بەسەردابێت، ئەوە ھەرناکاتە ئەوەی کە کێشەکان چارەسەربوون. بێگومان لە ھیچ شوێنێکی گۆی زەوی ولە سایەی ھیچ دەسەڵاتێکیش دا مرۆڤ بە ئاستێکی نمونەی ژیان ناگەن، بەڵام بەبێ ھێنانەزمانی کێشە سەرەکیەکان کەلەسەرئاستی جیھان ولە وڵاتەکانیشدا بوونیان ھەیە بارودۆخەکە باشترنابێت.
ئێران کێشەی قوڵی ھەیە، بەبێ باسکردنی ڕادیکاڵانەی ئەم کێشانە کە لە ڕاستیدا کێشەی شوناس و نەتەوەییە،کێشە باڵادەستی وسەردەستی فارس و قۆرغکردنی فەرھەنگی ئێرانی و بن دەستکردنی مافی گەلانی زیندووە کە ئەوان بە شیان لە پێکھێنانی ئێران دا زۆر لە پێش فارسەکانەوەیە، ئاسۆکە ڕۆشن نیە.
مرۆڤ لە سایەی تەکنۆلۆجیاو گۆڕانکاریەکانەوە بوونەتە ھاوبەش لە ھێندی خەمی جیھانی دا، خەبات لەم پێناوەدا گرنگە. ئێرانیەکانیش ھەموویان پێکەوە خەمی ھاوبەشیان ھەیە وخەباتیش لەم پێناوەدا پیرۆزە، بەڵام لەناو ئێراندا فارس وکوردو بەلوچ و ئازەرو تورک ھەریەکەو خەمی تایبەتیان ھەیە.
مافی ئەم جیاوازبوونە،مافێکی گەردوونیەو خۆرئاوا خۆشی سەرمەشقی برەوپێدانی بووە، ئێستا ئەگەر دژی بووستێت ونکۆڵیشی لێبکات ھەرناکاتە ئەوەی کە خاوەن ماف دەستبەرداری دەبن.
ساڵی ١٩٧٩ شۆڕشی ئیسلامی ھەموو ئەم جیاوازی وکێشانەی فەرامۆشکردو ڕەچەتەی دەرمانی ئیسلامبوون وشیعەگەری بۆ ئێرانی کافرو عیلمانی سایەی شا نووسی وئەمەی ئێستاش ڕودەدات دەرەنجامەکەیە.
ئیمام خومەینی دەیووت " شا بەھەشتێکی بۆئێرانیەکان دروستکردووە بۆیە خەڵکی بیری ئەو دنیایان نەماوە". لەڕاستیدا شۆرشی ئیسلامی دۆزەخێکی وەھای بۆ گەلانی ئێران دروستکردوە خەڵک جگە لە چونەدەرەوە لەو دۆزەخە باکیان بە ھیچ نیە.
مەترسیەکە لێرەوە دەست پێدەکات، خانە گومانیم لەخۆرئاوا و شارەزایم لەوەی کە بەتەنھا بۆ خۆ سەپاندن و شێوازی بیرکردنەوە و ژیان و بەرژەوەندی وپراگماتیزمی خۆی سەودا لەگەڵ ئێرانیەکاندا دەکات، وام لێ دەکات ئیستێک بکەم.
((دکتۆر ھۆشەنگ نەھاوەندی)) وەزیری نیشتەنی ودواتر وەزیری زانست و دوایش سەرۆکی زانستگەی تاران کە لەدوای شۆڕشی ئیسلامی ئیرانی ئاوارەی فەرەنسا بووە و حەڤدەساڵێکیش لە زانکۆکانی پاریس مامۆستا بووە، بەزمانی فەڕەنسایی لە ساڵی ٢٠٠٩ دا کتێبێکی گرنگی داناوە،بەناونیشانی ((خومەینی لە پاریس)).
سەرەتا وکە دەیخوێنیتەوە مافی خۆتە گومان بکەیت لەوەی کە کتێبەکە ((سەڵتەنە تەڵەب)) ێک دای نابێت کە بەلای شای ئێران دا لایەنگیرە، بەڵام کاتێ بەرگاوبەرگ کتێبەکە تەواو دەکەیت، دەگەیت بەو ڕاستیەیەی کە خۆرئاواو ماشێنە پروپاگاندەییەکەی خومەینی لە شوێنێکەوە ھێناوە کە لە سەد ئاسماندا یەک ئە ستێرەی نەبووە و لەئاسمانێکی تری بەریندا کردوویانەتە ئەستێرەو بە سەرئێرانیەکاند چریسک و وھوڕی ئەستێرە ئاسایان درەوشاندۆتەوە.
لەدوو توێ کتێبەکەدا ڕاو بۆچوون ئەرزشی نیەو بەڵگەکان بۆت دەسەلمێنن،شۆڕشی ئیسلامی ئێران و درەوشانەوەی ئەستێرەی خومەینی، بەبێ ماشێنی پڕوپاگاندای خۆرئاوا جگە لە لە فیشاڵ ھیچی تر نیە. 
ئەو کتێبەی بۆ ئەم ڕۆژانەی کە ئێران دەرگیری گۆڕانکاریەو پێشنیاری خوێندنەوەی دەکەم ،جگە لەم کتێبە ھیچی ترنیە.
دەمێنێتەوە بێمەوە سەربەندوباوی کاری خۆم کە تەمەنم بۆتەرخان کردووەو پرۆژەی ((بیرکردنەوەیە بەکوردی))ە و بەتوندی ڕوبەڕوی پاشکۆیەتی وپاشکۆبوونی ھێندێک ئاڕاستەی کارتێکراوی ناکوردی ببمەوە کە لەباشورەوە سەرھەڵدەدەن وخۆ بەمەلاو واعیزدەکەن و جارێک تۆمەت دەبەخشنەوەو جارێکیش خەباتگێڕو ڕێکخراو وحیزب وھێزگەلی ئازاو خەباتکار تۆمەتباردەکەن، گوایا ئەمان زانان وئەوان نەزان.
نامەوێت ڕی بەخۆبدەم ڕێنمایی بۆکەس دەربکەم ودەمەو ێت ئەگەرشتێک فێربوبم لە ئەزموونی ژیان دا بەرچاوی بخەم بۆئەوەی سودی ھەبێت.
ئەگەر سودێکی ھەبێت بە خۆرھەڵاتیەکانی وڵات دەڵێم "گوی بنێن بە دڵی خاک ومێژوو و فەرھەنگ وکلتورو کوردبوونی خۆتانەوەو باکتان بە و نەخۆشیانەوە نەبێت کە نەزان ولوتبەرز ونەخۆش ولەخراپترین بارودۆخیش دا بەکرێگیراوی ئایدۆلۆژی دەیانەوێت لەباشورەوە بۆتانی بگوازنەوە"!
درێژەی پێدەدەم و دەڵێم " ڕەنگە خراپترین شت ئەوەبێت ئەم جارەش سەرنەکەون" بەڵام پەندێکی کرمانجی ھەیەو دەڵێت" ئەو وارە لێ ئەو نەبوھارە"!
خاکەکە خۆیەتی و ئەوپەڕی خراپی ئەوەیە بەھارەکەی بەھار نیە !
جا چیە مەگەر ((مامە ھێمن)) نەی وتووە؛
وەکو ڕۆژگارێک لێم ڕوونە،
بەھار ھەردێت لەدووی زستان.