كەی ئەردۆغان لە بری ئەسەدی بكووژ دەڵێت چۆنی برام

24/11/2022

كارزان گلی
لە مۆندیالی تۆپی پێی 2022 لە قەتەر، هەریەك لە رەجەب تەییب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا، هەروەها عەبدولفەتاح سیسی سەركۆماری میسر بەفەرمی داوەت كرابوون، دەرفەت بۆ هەردوكیان رێكخرا تا تەوقەیەك لەگەڵ یەكتریدا بكەن و لەیەكتری نزیك ببنەوە. ئەمەش لە كاتێكدایە، كە پێشتر ئەردۆغان سیسی پێ دكتاتۆر و كودەتاچی بوو.
ئەو تەوقەیەی ئەردۆغان و سیسی، چەند نووسەرێكی لە توركیا هێناوەتە دەنگ و دەڵێن كەی دەست دەخەیتە ناو دەستی بەشار ئەسەد.
پێشتر، ئەردۆغان ئەسەدی پێ دوكتاتۆر و بكووژی هاووڵاتی سووری بوو، بەڵام لە دوادیمانەیدا لەگەڵ چەند رۆژنامەنووسێكی توركیا، دەڵێت دوژمنایەتی لە سیاسەتدا هەتا هەتایە نییە و گەر پێویست بێت لەگەڵ ئەسەد كۆدەبمەوە.
ئەردۆغان، گۆڕانكاری لە سیاسەتی دەرەوەیدا كردووە، دەیەوێت لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانە ئاشت بێتەوە، كە پێشتر هەڕەشەی لێدەكردن و بەدكتاتۆر ناوی دەبردن.
سەرەتا، لەگەڵ ئیمارات و ئیسرائیل ئاشت بووەوە، پاشان رووی لە سعوودیا كرد و لەگەڵ ئەو وڵاتەش پەیوەندی خۆی ئاسایی كردەوە.
لەگەڵ میسریش هەوڵێكی زۆر هەیە كە لەیەكتری نزیك ببنەوە، چونكە پێشتر ئەردۆغان دانی بە سیسیدا نەنا و گوتی سەرۆكێكی كودەتاچییە و زوڵمی لە مورسی كردووە، بەڵام كاتێك لە قەتەر دەستی خستە ناو دەستی سیسی، ئیدی ئەوە روون بووەوە كە توركیا دەیەوێت لەگەڵ میسر پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی ئاسایی بكاتەوە.
وەكوو ئەردۆغان باسی دەكات، دەزگای هەواڵگری سووریا و توركیا ماوەیەكە لەسەر هێڵن و كۆبوونەوەیان كردووە، بۆ ئەوەی زەمینە خۆش بكەن توركیا و سووریا پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوە، یاخود زەمینە خۆش بكەن ئەردۆغان و ئەسەد لەگەڵ یەكتریدا كۆببنەوە، كە رووسیاش ئەمەی دەوێت و هەوڵی بۆ داوە.
محەمەد ئۆجاكتان، نووسەری دیاری رۆژنامەی (قەرار)ی توركیا، لە وتارێكدا دەنووسێت: ”لەدوای سیسی، ئاخۆ كاتی نەهاتووە دەست بخەیتە ناو دەستی ئەسەد و لەبری ئەوەی پێی بڵێیت ئەسەدی بكووژ، پێی بڵێت برام ئەسەد؟“