هەستی نەتەوەی و ئایين
4 مانگ پێش ئێستا
سامانی وەستا بەكر
لەگەڵ بردنەوەی مەغریب بەرامبەر پرتوگال زۆربەی سەرۆک و سەکردە و خەڵکی عەرەب لە پەیامی پیرۆزبایان بۆ تیمی مەغریب دەستەواژەی (مبارک للعرب، امة عربیة، العروبة) بەکارئەهێنن لەناویشیانا سیاسیە دیارەکانی عێراق نمونەی سەدر و حەلبوسی و سودانی.
کەچی کاکی کورد ئەڵێ پیرۆزە لە ئومەی ئیسلام! هەڵبەتە ئەمش پەیوەستە بەوەی کە کورد هەستی ئايینی زاڵترە لە هەستی نەتەوەیی هەندێک کورد.
خاوەن ماڵ خۆی ئەڵێ پیرۆزە لە عەرەب لەکاتێکا کە خۆشیان بە خاوەنی ئایينی ئیسلام دائەنێن بەڵام ناڵێن پیرۆزە لە ئومەی ئیسلام چونکە ئەمە شەڕی ئاین نییە بەڵکو کێبڕکێکی نەتەوە جیاوزەکانە بۆ بەدەستهێنانی جامی جیهانی.
بەدیوێکیترا عەرەبەکان هۆشیارترن و ئەزانن کە هەر نەتەوەیەک نوێنەرایەتی خودی نەتەوەکەی خۆی ئەکا نەک ئایين، بۆ نمونە ئەوروپا و ئەمریکا مەسیحین ناتوانن دوای بردنەوە بڵێن پیرۆزە لە مەسیحییەکان چونکە لەیەکاتا دوو نەتەوەی جیا بەڵام دوو وڵاتی ئاین مەسیح ڕکەبەرایەتی یەک ئەکەن، بۆیە فەرەنسیەکان دوای بردنەوە نەئەکرا بڵێن پیرۆزە لە گەلی مەسیحی بەریتانیا.
هەندێک لە بانگخوازە کوردەکان ئەڵێن تەماشاکردنی یاری و تۆپی پێ حەرامە کەچی دوای بردنەوەی وڵاتێکی عەرەبی بۆ نمونە سعودیە ئەڵێن پیرۆزە لە (خادم الحرمین الشریفین) ئیسلام سەرکەوت بەسەر کافرانا! بانێکەو دوو هەوا کت و مت بۆ دوو شتی وا ووتراوە، ئەگەر حەرامە چۆن و ئەی بۆ دڵ خۆشە و پیرۆزبای لە بردنەوەی کارێکی حەرام ئەکەی؟
وەرزش دوور و نزیک پەیوەندی بە ئايینەوە نییە، ئەکرێ هەر کەسێک هاندەری تیپێک یان هەڵبژاردەی وڵاتێک بێ ئەمە شتێکی باوە لە جیهانا بەڵام کاتێک لەبەر ئایينی هەڵبژاردەکە ببیتە هاندەر، لەکۆتاییا تێئەکەوێ کاتێ دوو ووڵاتی ئیسلامی ڕووبەڕووی یەک ئەبنەوە، خۆناکرێ کاتێ یەکێکیان دۆڕا بڵێی ئیسلام سەرکەوت بەسەر کفرا!