تەحلیلی سیاسی و تەحلیلی وەرزشی...

4 مانگ پێش ئێستا

نەوشیروان حسێن سەعید
بۆ ئەوەی کەسێک تەحلیلی سیاسی بکات، بە بڕوای من دەبێت دوو مەرجی گرنگی تێدا بێت. یەکەم، پاشخانێکی مەعریفی و فیکری بەهێزی هەبێت لە بواری سیاسەت. دووەم، سەرچاوەی زانیاری هەبێت، ئەو جۆرە زانیارییانەی کە بۆ زۆرینەی خەڵک بەردەست نییە. لەبەرئەوەی زۆرینەی موحەلیل و چاودێرە سیاسییەکانمان ئەو دوو مەرجە یان یەکێک لەو دوو مەرجەیان تێدا نییە، بۆیە تەحلیلەکانیان زیاتر دەچێتە چوارچێوەی ڕمڵلێدان و فاڵگرتنەوە و گۆترەکاری و قسەی گیرفانی. 
دۆخی شیکەرەوە وەرزشیییەکان زۆر باشتر نییە لە شیکەرەوە سیاسییەکان. ئاخر لە وەرزش بەگشتی و یاری تۆپی پێ بە تایبەتی، دەکرێت وردەکاری زۆر بچوک، ئەنجامەکە بگۆڕێت. بۆ نمونە، لەم مۆندیالەدا دەکرا لە جیاتی فەرەنسا و ئەرجەنتین، هەریەکە لە ئینگلتەرا و بەڕازیل یان پورتوگال و هۆڵەندا یاریی کۆتاییان بکردایە. ئەوەی ئیسپانیا و ئینگلتەرا و هۆڵەندا و پورتوگال و بەڕازیل نەگەیشتنە یاری کۆتایی، هەڵەیەکی بچوکی ڕاهێنەر یان یاریزانێ یان لەدەستدانی پەنارتییەک یان نەقۆستنەوەی هەلێک بووە. بۆیە دەکرا ئەنجامەکە بگۆڕایە و موحەلیلە وەرزشییەکان ئێستا شتێکی تریان بگوتایە!
شیکردنەوەی سیاسی و وەرزشی خۆی لە خۆیدا یانی هاوکێشەیەک هەیە و هەموو کەسێک بە ئاسانی لێی تێناگات. ئیشی ئەو موحەلیلانە ئەوەیە ئەو هاوکێشانەمان بۆ شیبکەنەوە تا ئێمەش وەکو ئەوان لێی تێبگەین. ئەوەش  بەوە دەبێت ئەوان دیوە نەبینراوەکەی ململانێ سیاسییەکە یان پێشبڕکێ وەرزشییەکەمان پیشان بدەن. ئەوەش تەنها بەوە ناکرێت کە داتا و زانیاری زۆرت لەسەر حیزب و حکومەتێک یان هەڵبژاردە و یانەیەک هەبێت، بەڵکو بەوە دەبێت کە توانای خوێندنەوەی ئەو داتا و وردەکارییانەت هەبێت و ئەو پەیوەندییە شاراوانە بدۆزیتەوە کە بینەر و بیسەر و خوێنەری ئاسایی هەستی پێناکەن.
سیاسەت و وەرزش ئەو دوو بوارەن کە زۆرترین شرۆڤەکار و موحەلیلیان هەیە، بەڵام زۆرینەی ئەو تەحلیلانە فاڵگرتنەوە و گۆترەکاری و قسەفڕێدانن. ئەمە هەر بۆ کوردستان نا، بۆ زۆرینەی وڵاتانی دیکەی جیهانیش ڕاستە، بەڵام ئەمە مانای وانییە تەحلیلی سیاسی و وەرزشی پێویست نەبن و موحەلیلی سیاسی و وەرزشی باشمان نەبن.