بێدەنگیی بەرخەکان: مالیخولیای لێکۆڵەرێك

10/01/2023

 چرۆ عیزەت
س: ديدي من
بێدەنگی بەرخەکان، فیلمێکی دەروونی، ترسناکی، تاوانکارییە. کە بە ٢٢ەمین باشترین فیلمی مێژوو دادەنرێت لەنێو ٢٥٠ باشترین فیلمی مێژوودا بەپێی ماڵپەڕی (IMDB). فیلمەکە لە بەشی دووەمی زنجیرە ڕۆمانێکی (تۆماس هاریس)ەوە بە هەمان ناوی (The Silence of the Lambs/1988)ەوە وەرگیراوە و ساڵی ١٩٩١ فیلمسازی ئەمریکی (جۆناثان دێم) کاری دەرهێنانی بۆ کردووە.

بێدەنگی بەرخەکان تاکە فیلمی ترسناك بوو لە مێژوودا براوەی خەڵاتی ئۆسکار بووبێت و سێیەم فیلمە لە مێژوودا براوەی پێنج خەڵاتی ئۆسکار بێت بۆ باشترین فیلمی ساڵ و باشترین دەرهێنەر و باشترین نواندنکاری پیاو و باشترین خانمە نواندنکار و باشترین سیناریۆی وەرگیراو.

کۆی زنجیرە ڕۆمان و فیلمەکە لە بەدواداچوون بەدوای بکوژێکی زنجیرەییدا خۆی دەبینێتەوە کە پێستی قوربانییەکانی کەوڵ دەکات، هەروەها تیشك دەخاتە سەر کەسایەتی سێ کاراکتەری دەرووننەخۆش و مالیخولی.

[پزیشکێکی دەروونی کە ئەزموونەکانی لەگەڵ نەخۆشەکانیدا بە تێپەڕبوونی کات دەیگۆڕن بۆ مرۆڤێکی مرۆڤخۆر، هەروەها گەنجێکی دەرووننەخۆش کە زنجیرەکوشتنێك لەپێناو گۆڕینی ڕەگەزی خۆیدا ئەنجام دەدات و خانمە لێکۆڵەرێکیش کە ئەزموونەکانی تەمەنی منداڵی و مردنی باوکی و ترس و تۆقینی لە دەنگی بەرخەکان و یادەوەری لەگەڵ تاقە بەرخێکدا ئاڕاستەی ژیانی دەگۆڕن بۆ بوون بە لێکۆڵەر].

بە درێژایی ساڵان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە پلەی یەکەم دانراوە کە زۆرترین کوشتنی زنجیرەیی تێیدا ڕووبدات، بەپێی لێکۆڵینەوەکان ئەو کەسانەی ئەم کارە قێزەونە ئەنجام دەدەن بەزۆری کەسانێکی دەرووننەخۆشن [Psychopath]، جگە لەوەی کەسانێکی تر لەپێناو پارە و پلە و پایە و مەرامی تایبەت و سێکسیدا زنجیرە کوشتن ئەنجام دەدەن.

ڕۆماننووسی ئەمریکی (تۆماس هاریس) بۆ باسکردن لەم ڕووداوانە و دەروونی تاوانبارەکان هەڵدەستێت بە نووسینی زنجیرە ڕۆمانێك، کە تێیاندا کەسایەتییەکان بەدەست تێکچوونە دەروونییەکانیانەوە دەناڵێنن و گۆڕینی ڕەگەز و خواردن و لێنان و کوڵان و سورکردنەوەی گۆشتی مرۆڤ تاکە مەرامیانە.

پاش مۆڵەتی ڕۆماننووسەکە و قبووڵکردنی سیناریۆکە لە لایەن“نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی-FBI”ەوە ساڵی ١٩٩١ فیلمسازی ئەمریکی (جۆناثان دێم) بە هاوکاری سیناریۆنووس (تێد تاڵی) یەکێك لە باشترین فیلمەکانی مێژووی سینەمایان لێ بەرهەم هێنا.

سەرەڕای ترسناکی و ئاڵۆزی و چیرۆکی پڕ تاوانکاری فیلمەکە کەچی دیمەنی تووندوتیژی و خوێنڕشتن و تاوانکاریی تێدا نابینرێت، لەڕێگەی گرتەی نزیك و میوزیکی گونجاو و ڕەنگدانەوەی کۆی کاراکتەرەکان لە کاراکتەرێکدا و بەو سەرکەوتنە زۆرەی بەدەستیهێنا سەرەڕای ئەو ڕەخنانەی لە لایەن بزووتنەوەی فێمێنیزم و هاوڕەگەزخوازانەوە لێیگیرا (جۆناثان دێم) خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین دەرهێنەر بردەوە و پاراستنی سیناریۆکە و گەیاندنی بەبێ هیچ دیمەنێکی خوێنڕێژیی خەڵاتی ئۆسکاری بۆ (تێد تاڵی) مسۆگەر کرد.

دکتۆر (هانیباڵ لێکتەر) ماوەی هەشت ساڵە لە زیندانێکی تاکەکەسیدا بە تاوانی مرۆڤخۆری دەستگیرکراوە، یەکێك لە نەخۆشەکانی زنجیرە کوشتنێك ئەنجام دەدات و بە ئازادی دەسوڕێتەوە. بۆ دۆزینەوەی ئەم تاوانبارە (کلاریس ستارلینگ)ی تازە کارمەند لە FBI لە لایەن بەڕێوەبەرەکەیەوە دەنێردرێت بۆ چاوپێکەوتن و لێکۆڵینەوە لەگەڵ (هانیباڵ لێکتەر)دا کە ماوەی هەشت ساڵە هیچ ژنێکی نەبینیووە و پەیوەندییەکی سەیر و ئاڵۆز لەنێوانیاندا درووست دەبێت.

هانیباڵ لێکتەر، دەروونزانێکی مرۆڤخۆر.
(هانیباڵ)، پزیشکێکی دەروونی، زیرەك و ترسناك، پێشووتر لە کلینیکەکەیدا چارەسەری دەروونی نەخۆشەکانی دەکرد، بەڵام وردە وردە چیرۆك و بارودۆخی نەخۆشەکانی دەیگۆڕن بۆ دەرووننەخۆشێکی مرۆڤخۆر و چەندین تاوانی مرۆڤخۆریی [Cannibalism] ئەنجام دەدات، پاش دەستگیرکردنیشی بەهۆی ترسناکی و بەتواناییەوە لە ژوورە دوورە دەست و ژێرزەمینییەکانی زیندانەکاندا بەتەنیا زیندانی دەکەن.

هەرچەندە ڕۆڵی خراپەکارێکی دەگێڕا بەڵام (ئانتۆنی هۆپکینز) بە ڕۆڵگێڕانە ناوازەکەی “Hannibal the cannibal” هەمیشە لە یادی بینەرانیدا دەمێنێتەوە و کاراکتەرێکی خۆشەویستە!

بە تەنیا نزیکەی شازدە خولەك دەرکەوتنی لە فیلمەکەدا توانی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین نواندنکاری پیاو بباتەوە.

بەدرێژایی دەرکەوتنەکانی بە نیگا تیژ و وردە زەردەخەنەکەیەوە لە میوانەکەی دەڕوانێت، لە شوێنی خۆیدا نەبزووت و جێگیرە و هەستەکانی بەهێزن، لێهاتووانە دەروونی میوانەکەی دەخوێنێتەوە و کەسێکی دڵڕەق و سارد و سڕە، هەستی بۆنکردنی بەهێزە و گرتە نزیکەکانی ڕووخساری ئەوپەڕی متمانەبەخۆبوون و لێهاتوویی و خۆ بەکەم نەزانینی [Grandiosity] پیشان دەدەن.

سەرەڕای سارد و سڕی و بێباکییەکەی هێشتا بە کێشانی ئەو وێنانەی بە دیواری بەندینخانەکەدا هەڵیواسیوون دەیەوێت داوا بکات وەکوو مرۆڤ لێی بڕوانن. پاش هەشت ساڵ و بێباکی و مرۆڤخۆرییەکی زۆر، بۆ یەکەم جار دڵی بە ژنە لێکۆڵەرێك دەسووتێت و لە دۆزینەوەی تاوانبارێکدا یارمەتی دەدات کە پێشوتر نەخۆشی خۆی بووە، لە کاتێکدا بەر لە ناسینی (ستارلینگ) درکاندنی هەر زانیارییەکی سەبارەت بە(بوفالو بێڵ) ڕەت کردبووەوە.

کلاریس ستارلینگ، لێکۆڵەرێکی مالیخولیی.
(کلاریس) کارمەندێکی نوێی “ئێف بی ئای”ە، کە لە ڕۆژە سەرەتاییەکانی مەشق و ڕاهێنانەکانیدایە کاتێك بەڕێوەبەرەکەی ڕایدەسپێرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ پزیشکێکی تاوانبار و ترسناکی دەرووننەخۆشدا بە ناوی (هانیباڵ لێکتەر) بۆ دۆزینەوەی تاوانبارێکی تری دەرووننەخۆش بە ناوی (بوفالو بێڵ)، کە زنجیرە کوشتنێکی یەك لە دوای یەك ئەنجام دەدات و پێستی قووربانییەکانی کەوڵ دەکات بۆ گەیشتن بە مەرامەکانی خۆی.

(کلاریس) لە تەمەنێکی کەمدا باوکی کە ئەفسەرێکی لێکۆڵەر بووە دەکوژرێت و هەرگیز وێنەی باوکی و پرسەی باوکی لە مێشك و پێش چاوی ون نابێت، پاش هەتیوکەوتنی دەینێرن بۆ کێڵگەیەك و باڕە باڕی بەرخەکانی نێو کێڵگەکە خەوی لێ دەتۆرێنن، هەر بۆیە شەوێك بڕیار دەدات دەرگای تەوێلەکەیان بۆ بکاتەوە و بەرەڵایان بکات، بەڵام هیچیان لە شوێنی خۆیان ناجووڵێن. ئیدی بەرخێك لەگەڵ خۆی دەبات و هەڵدێت، چونکە پێی وایە ئەگەر بتوانێت تەنیا یەك بەرخیش ڕزگار بکات ئەوا چیدی بەرخەکان دەنگە دەنگ و باڕە باڕ ناکەن، بەڵام سەرکەوتوو نابێت و ئاغای ناوچەکە پێی دەگات و بەرخەکەش سەردەبڕێت.

پاش ناردنی بۆ هەتیوخانە و گەورەبوونی لەوێ هەموو شەوێك باڕە باڕی بەرخەکان لە گوێیەکانیدا دەزرنگێنەوە و لەگەڵ کوشتنەکەی باوکیدا دەبن بە مۆتەکەی ژیانی و ئاڕاستەی ژیانی دەگۆڕن.

ڕۆڵی (کلاریس) وایکرد فیلمەکە لە لایەن فێمێنیستەکانەوە ڕەخنەیەکی زۆری لێ بگرێت، کە ڕۆڵی ژنێکە بەتەواوی مایەی چاوتێبڕینە، لە بەڕێوەبەرەکەیەوە هەتاکوو پۆلیس و مێرووناسەکان و خوودی زیندانییەکەشەوە. ئەمەش پیشاندانی وێنەیەکی ناشرینی ژنە لە کۆمەڵگەی پیاواندا، لەکاتێکدا ئامانجی فیلمەکە لەم بارەیەوە تەواو پێچەوانە بوو! بەو هیوایەی وێنە و پێگەی ژن بەشێوەیەکی دیکە پیشان بدات، بەوپەڕی هێز و خۆپێگەیاندن و متمانەبەخۆبوونیانەوە، لەکاتێکدا لە فیلمەکانی پێشووتردا ڕۆڵ و پێگەیەکی لەم جۆرە بە ژنی دیکە نەدرابوون.

بۆفالو بێڵ، ڕەگەزگۆڕاو یان هاوڕەگەزخوازێك؟
(بۆفالو بێڵ) کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانەکانی (تۆماس هاریس) و دەرووننەخۆشترین کاراکتەری “بێدەنگی بەرخەکان”، کە گۆڕانکارییەکی گەورە لە ژیانی (کلاریس)دا درووست دەکات و دیوێکی دیکەی دکتۆر (هانیباڵ لێکتەر) ئاشکرا دەکات.

(تێد لیڤین) لە ڕۆڵی (بوفالۆ بێڵ)دا سایکۆپاثێکی ئەشکەنجەدەرە، کە ڕقی لە ڕەگەزی خۆیەتی و زنجیرە کوشتن ئەنجام دەدات، سەرجەم قوربانییەکانی ژنن و دوای کوشتنیان پێستی قوربانییەکانی کەوڵ دەکات، بۆئەوەی بەرگێکی ژنانە لە پێستەکانیان بدورێت و خۆی بهاوێژێتە نێوی و لە بەرگی پیاو بێتە دەرێ و ڕەگەزی خۆی بگۆڕێت، دوای کەوڵ کردنیشیان لاشەکانیان لە ڕووبارەکان و ناوچەی جیا جیادا فڕێ دەدات. زیرەکانە ئەو ژنانە هەڵدەبژێرێت کە هەمان قیاسی پشت و قاچ و سنگ و قۆڵ و…هتد’ی (بێڵ)یان هەیە. (بێڵ) بۆ کوشتنی قووربانییەکانی جۆرە مێروویەکی بکوژیان دەرخوارد دەدات، مێروویەك کە پاش گۆڕینی بۆ قۆزاخە پەپوولەیەکی جوانی لێ دەردەچێت، لە دیمەنی سەردانیکردنی (کلاریس) بۆ ماڵەکەی (بێڵ) وێنەی پەپولەیەك دەبینین بەسەر دیوارەکەوە. ئەمەش هەر ئەو شتەیە کە (بێڵ) دەیەوێت، گۆڕان. گۆڕان لە قێزەونییەوە بۆ جوانی.

بەهۆی کاراکتەری (بوفالۆ بێڵ)ەوە فیلمەکە لە لایەن کۆمەڵەی هاوڕەگەزخوازانەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر و تووند بووەوە، بەوەی کاراکتەرەکە دیوێکی ناشرینی هاوڕەگەزخوازانی پیشانداوە چونکە ڕەگەزی خۆی گۆڕیووە، بەڵام فیلمسازەکە لێدوانی بۆ داون کە (بۆفالو بێڵ) نە هاوڕەگەزباز [Gay] و نە ڕەگەزگۆڕاو [transsexual] بوو، بەڵکو [Hetrosexual]ێك بوو کە بەهۆی سەختی ژیان و ئازارەکانییەوە هەمیشە ئاواتی ئەوەی خواستووە [مێ] بێت و ئەمەش بەرەو تاوانی کوشتنی یەك لە دوای یەك ئاڕاستەی کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا لە دیمەنی سەماکەی (بوفالو بێڵ)دا [کە ئەم سەمایە لە سیناریۆکەدا بوونی نەبوو، بەڵکو (تێد لیڤین) خۆی دەستیکردووە بە سەماکردن بۆئەوەی زیاتر گوزارشت لە دەروونی کەسانی سایکۆپاث بکات] ئەگەر وردببینەوە دەبینین ئەندامی مێینەی پێوەیە، کەواتە کاراکتەرەکە دووڕەگەز [Bisexual]ە و بە دەست کێشەی دەستنیشانکردنی ڕەگەزیی [Gender Identity Disorder]ەوە دەناڵێنێت.

(هانیباڵ) لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ (کلاریس)ی لێکۆڵەردا سەبارەت بە (بوفالۆ بێڵ) دەڵێت “(بێڵ) وەکوو تاوانبارێك لەدایک نەبوو، بەڵکو بەتێپەڕبوونی کات سەختییەکانی ژیان وایان کرد تاوان ئەنجام بدات”، (بێڵ) لە تەمەنی منداڵیدا ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر دراوە، هەمیشە چەوسێنراوەتەوە و ڕابردوویەکی تاڵی هەبووە، ئەمانەش هۆکار بوون کە هەمیشە ئاواتی خواستووە لەجیاتی پیاو ژن بووبا و حەزی پۆشینی پۆشاکی ژنانە [Transvestic Fetishism]ی هەبووە، هەربۆیە دووچاری کۆمەڵێك تێکچوونی دەروونی بووە. (بێڵ) کەسێکە [Anti-social personality disorder] هەیە و وەکوو گۆشەگیرێك لە کۆمەڵگە دوور دەکەوێتەوە و لە هەر کەسێك نزیك بکەوێتەوە بەدڵنیاییەوە ئازاری دەدات. لە لایەکی دیکەوە [Sexual Sadism] لەگەڵ قوربانییەکانی بەکاردەهێنێت و ئازاری سێکسی قوربانییەکانی پێخۆشە و بەهۆی ئەو ویستە زۆرەی بۆ گۆڕینی ڕەگەزی هەیەتی دووچاری دووکەرتبوونی کەسایەتی بووە و توانای زاڵبوونی بەسەر کەسایەتی خۆیدا [Depersonalized Disorder] نییە.

لە لایەکی دیکەوە دووچاری ئەو وڕێنەیە بووە کە بە خەیاڵی خۆی کەسێکی ڕەگەزگۆڕاوە و سەرجەم ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی لەسەر ئەم بنەمایە ئەنجام دەدات. چونکە لە مێشکی خۆیدا ئەو وڕێنەیەی چەسپاندووە.

پاش تەواوکردنی دەروونناسی و لێکۆڵینەوەی تاوان (کلاریس) ڕوو لە یەکەکانی ئێف بی ئای دەکات و لە سەرەتاییترین ڕۆژەکانیدا (جاك کراوفۆرد) دواین هەوڵی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ (هانیباڵ لێکتەر)دا پێ دەسپێرێت.

(جاك کراوفۆرد) لەڕاستیدا بەڕێوەبەری بەشی زانستی “نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی”ی بوو، لە هەمان ڕۆژەکانی کاری وێنەگرتنی فیلمەکەدا بەدواداچوونی بۆ بکوژێکی زنجیرەیی دەکرد، ئەمەش یارمەتیدەر بوو لەوەدا کە ڕۆڵێکی ڕاستەقینە بەرجەستە بکات و زیاتر بچێتە نێو ڕۆڵەکەوە، لە کاتێکدا هەر بەم هۆکارە لایەنی دەروونی زۆر ڕووخابوو.

(چیڵتۆن) کە پزیشکی دەروونی “هانیباڵی زەلامخۆر”ە ڕەفتار و لایەنی دەروونی زیندانییە نەخۆشەکەی بۆ (کلاریس) ڕوون دەکاتەوە و دەینێرێتە لای، بەمجۆرەش یەکەم دیداری نێوان (کلاریس) و (هانیباڵ) ڕوودەدات.

لە بەرامبەر هەر زانیارییەکدا کە بە (کلاریس)ی دەدات (هانیباڵ) داوای لێ دەکات ترس و یادەوەرییەکانی منداڵی خۆی بۆ بگڕێتەوە و بەم جۆرەش لێکدانەوە بۆ دەروونی لێکۆڵەرەکەی دەکات، بێئاگا لەوەی (کلاریس)یش هەمان شت دەکات.

پاش گێڕانەوەی مردنی باوکی و یادەوەری بەرخەکان ئیدی پەیوەندییەکی سەیر و ئاڵۆز لەنێوان (هانیباڵ) و (کلاریس)دا درووست دەبێت، ئەگەرچی مرۆڤخۆرێکی خراپەکارە، بەڵام دڵی بە (کلاریس) دەسووتێت و نیگەرانە بۆ ڕابردووی، ئامۆژگاری دەکات و ڕکابەریشی دەکات، بە جۆرێك قسە دەکات کە (کلاریس) هیچی لێوە دەستگیر نەبێت [Manipulative] و یاری بە وشەکانی دەکات، هۆگری دەبێت و لێیشی هەڵدێت.

لە دیمەنی کۆتایی فیلمەکەشدا پەیوەندییەکی سەیر و ئاڵۆزی تەلەفۆنی لە نێوانیاندا سۆز و خۆشەویستییان بۆ یەکدی ڕوون دەکاتەوە.

دواین قوربانی (بوفالۆ بێڵ) کچی سیناتۆرێکی (ئەمریکا)یە، ئەمەش وا دەکات وەکوو زیندانییەکی ڤی ئای پی لە (لێکتەر) بڕوانرێت و قووڵتر و چڕتر لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت، هەربۆیە داوا دەکات بیگوازنەوە بۆ (مێمفیس) و لێرەوە زیرەکانە ڕێگەی هەڵاتن بۆ خۆی خۆش دەکات و دوای هەشت ساڵ تامی خوێنی یەکەم قوربانی دەکات.

بە زانیارییەکانی (لێکتەر) لەبارەی (بێڵ)ەوە (کلاریس) شوێنی مانەوەی تاوانبارەکە دەدۆزێتەوە و بە یەکەم فیشەکی (کلاریس) گیان دەکێشێت.
بەمەش (کلاریس) لە نووسینگەی “ئێف بی ئای”دا ڕێزلێنانی بۆ دەکرێت و بۆ هەمیشە بەرخەکان بێدەنگ دەبن.