ئیسلام وەک قوربانیی تەدلیلی دیندار و تەحریفی دژەدین!

11/01/2023

ڕێبین ئەحمەد رەشید
🔹کێ قسە دەکات گرنگ نییە چی دەوترێت گرنگە. شوناسی دینی و سیاسەتی دینی لەهیچ بەشێکی مێژوودا ئایەتی موحکەمی قورئان نەبوون و  نین کە لادان لێیان و ڕەخنەکردنیان لە دینت دەرکەن و بەقەولی ئەوانەی حەزیان لە تەکفیرکردنە کافرت بکەن، بە پێچەوانەوەی یەهوودییەتەوە زیندوویەتی فیکری شوناسی و  سیاسەتی دینی لە ئیسلامدا وزە لە گۆڕانی بەردەوام و دینامیکییەتەکەیەوە وەردەگرێت. نادیدەگرتنی ئەم جوڵە و دینامیکیەتەی لایەنە شوناسییەکەی ئیسلام لە لایەن هەردوو بەرەی عەقڵییەتی سەلەفی لەلایەک و و دژە دینلەلایەکی دیکەوە  وایکردووە بوارێک بۆ دیالۆگ نەمێنێتەوە. بەرەیەکیان دیوە شوناسییەکەی بە موقەدەس تەدلیل دەکات و بەرەکەی دیکەش سەرلەبەری موقەدەسی دینی و نا موقەدەس تێکەڵ و تەحریف دەکات. لێرەدا ئیسلام دوجار دەبێتە قوربانی ئەم دووبەرە تەدلیلکەر و تەحریفکەرە.
🔹 کاتێک دەمانەوێت لە سەرهەڵدان گەشەی دیاردەیەک تێبگەین ئەوا ڕەچاوکردنی میتۆدی دیاردەناسیی "فینۆمینۆلۆژیی" بۆیان بێ پێشگریمانەرین زانستیترین و کەم بایەسترین unbiased میتۆدێکە مرۆڤ بتوانێت کۆی دیاردەیەکی بە هەموو وردەکاریی و پێودانگەکانیەوە پێ بخوێنێتەوە. نەکردەیە ڕووداوێک لە مێژوویەکی دیاریکراودا بقرتێنیت و دواتر بیهێنیت کۆی سیستمێکی خاوەن مێژوویەکی چواردە سەدەیی پێ بخوێنیتەوە، ، نەک هەر پێی بخوێنیتەوە بەڵکو بە شێوەیەک کۆی سیستمەکەش لەبەرژەوەندی دیاردەکە بجەڕێنیت تا بکاتە ئەوەی بڵێیت ئەم سیستمە جگە لەمە شتێکی دیکە نییە، بوونی کۆی دیاردەکە تەسلیمی جوڵەیەک یا ڕوداوێکی مێژوویی ئەو دیاردەیە بکەیت. 
🔹بۆنمونە تۆ دەتوانیت بڵێیت زەوی لە ئاو دروستبووە، بەڵام هەرئەوەندەی گوتت زەوی جگە لە ئاو شتێکی دیکە نییە ئیدی قسەکە دەبێتە موغاڵەتە. یان دەشێ بڵێین فیل لوتێکی درێژی هەیە بەڵام هەر ئەوەندەی فیلمان یەکسان کرد بە لوتێکی درێژ و گوتمان لەوە زیاتر نییە ئەوە لە چەقی موغاڵەتەیەکی تەمام عەیارداین. ئەم مامەڵەیە نابێتە مامەڵەی دیاردەناسی بۆ زەوی و فیل، چونکە هاتووین گشتگیربوونی بوونەوەرەکەمان بۆ مەبەستێکی دیاریکراو لە کەمێکیدا کورتکردۆتەوە و لەڕێگەی ئەم ئامرازە کەمەوە هەموو بوونەوەرەکەی پێ هەڵدەسەنگێنین. بەقەولی نالی دیارە ئەم کارە گونجایش و تەسکینی نییە، بۆچی؟ چونکە زۆرە لەکەمدا.  بەهەمان شێوەی فیلەکە دیندارەکە دێت بۆ مەبەستێکی دیاریکراو کۆی شوناس و گۆڕاوە دینییەکانیش بە پێوەرە نەگۆڕ و موقەدەسەکان دەخوێنێتەوە لەلایەک، لەلایەکی دیکەشەوە دژە دینەکەش دێت کۆی نەگۆڕ و جیهانبینییەکە بە پێوەرە گۆڕاوەکان تەحریف دەکات، ئیدی لەم نێوانەدا ئەوەی ون دەبێت حەقیقەتی دیادەکەیە کە دەبێتە قوربانی تەدلیلی دیندار و تەحریفی بێدینەکە.
🔹لەوە گەڕێ ئێمە پێش هاتنی ئیسلام بۆ ئەم ناوچەیە بوون و کەینونەی بوونمان چۆنبووە، ئایا هەبووین یاخود یان نا، سەربەخۆ بووین یا سەر بە کەسانی دیکە، مێژوو و کلتوور و ئەدەبیات و زانستمان هەبووە یان نا، ئەوەی کێشە و ژاوەژاو دروستدەکات ئەوەیە ئێمە بڵێین ئیسلام هاتووە ئێمەی لە خۆمان خستووە و کردووینیەتە کائینێکی هاوردەکراو لە دەرەوەی خۆمان، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەبێ گوایە ئێمە نوێژ و دوعاو تاعەت بە عەرەبی دەکەین، شوێن قورئانێکی عەرەبی کەوتووین و بووین بەبەشێک لە سیستمی بیرکردنەوە عەرەبی، عەرەب هاتوون لەسەردەمێکدا کە دەوران و عەهدی  قەومییەت نەبووە گوایە ئێمەیان  تەعریب کردووە! ئای خودایا ئەم پێوەرە سەر بە چ میتۆدۆلۆژیایەکی زانستی و مەعریفییە؟
 بەڕاستی ئەوەی قسەیەک لەم جۆرە دەکات هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەو تێزە نا حەکیم  و نەخوێندەوارانەیەی کە پێی وایە ئیسلام جگە لە داعش شتێکی دیکەی بەرهەم نەهێناوە، بۆچی؟ چونکە هاتووە لەڕێگای دیاردەیەکی لاوەکی وەک دروستبوونی گروپێکی تیرۆرستییەوە مەنزومەیەکی زۆر گەورەتر هەڵدەسنگێنێت کە لەهەناویدا دەیان گروپی لەم گروپە توندتریشی هەڵگرتووە، بەڵام هەرگیز یەکسان نەبووە بەم گروپانە.  زۆر هەوڵمداوە بگەڕێم بە شوێن بوون و هەبووەکانی کورد پێش ئیسلام بەڕاستی شتێکی وات دەستناکەوێت، ئەوانەی 
  هۆکاری ئەم جۆرە لە نووسین  دووە و سێیەمی نییە، یان ئەوەیە کەسی نووسەر بێخەبەرە لە میتۆدی دیاردەناسیی "فینۆمینۆلۆژیا" یان ئەوەیە حیقدێکی کوشندە زاڵە بەسەر مامەڵە زانستییە بێلایەنەکەیدا. ئەوەی یەکەمیان دەشێت مرۆڤ وەک پاساو وەربگرێت، بەڵام ڕق و دەغدەغەی ئایدیۆلۆژی و سیاسیی لە هیچ ناوەندێکی زانستی ئەم دونیایە کەس بە فلسێک نایکڕێت.
🔹گەر بەم میتۆدە تەحریفکەرە ڕێژەگەراییە Reductionism خوێندنەوە بکەین بۆ دیاردە مێژوویی و  تەنانەت نامێژووییەکایش ئەوا شتێکی دووهەزار ساڵەی وەک دیموکراسیش کە جوانترین میوەی درەختی بیرکردنەوی مرۆڤە، دەبێتە هەڵگری فاشیزم و نازیزم لە  هەناویدا، بۆچی؟ چونکە ئەمیش دێت ڕێگە بەکەسانی  ڕاسیست و فاشیی دەدات بەتەواوی هێزیانەوە بێنە مەیدانەکە  و بەو جۆرەی ویست هەواکەیان ئارەزووی دەکات هاوشێوەی ئەوەی ئیسلام تەدلیل و تەحریفی بکەن و ڕێڕەوی مێژووی پێبگۆڕن.  مێژوو نیشانی داوە بەشێکی زۆر لە دیکتاتۆرەکانی سەدەی نۆزدە و بیست بە سوود وەرگرتن لە فەزیلەتەکانی وەک دیموکراسی، عەدالەتی کۆمەڵایەتی، سۆسیالیزم و دەیان فەزیلەتی دیکە سواری کورسی دەسەڵات بوون و دواتر ملیۆنان خوێنیان ڕشتووە. 
🔹دەشێت ئێمە دیموکراسی و حوکمە سێکیولارەکەی تاوانبار بکەین مادەم لە هەناویدا هیتلەر و مۆسۆلینی و ئاتاتورک و ئاردۆگانی هەڵگرتووە؟ مامەڵەیەکی لەم شێوەیە لەگەڵ دیموکراسیدا چەند ڕاستبێت بۆ ئیسلام سەد هێندەیە، چونکە لێرەداو لە ئیسلامدا وەک دین لایەنێکی قوڵی ئیمانیش هەیە بەدەر لەلایەنە سیکۆلار و فیقهییەکەی.
🔹کێ دەتوانێت ئەمڕۆ بوێری ئەوە بکات بڵێت کەواتە با واز لەدیموکراسیی بهێنین دیموکراسیی چونکە دیموکراسی نازیزمی بەرهەم هێناوە؟ چونکە بواری داوە ئاردۆگان چارەگە سەدەیەک حوکم بکات؟  
یان بڵێت سۆسیالیزم هەڵگری محتەوای کۆمیونیزمە لەهەناویدا، ئەم ڕێگەدانە بە کومیونیزم ڕاستەوخۆ لەهەناوی سۆسیالیزمەوە هەڵدەقوڵێت و مێژووش دەڵێت لەسەر دەستی ستالین مرۆڤایەتی ڕەشترین ڕۆژەکانی خۆی ژماردووە، ئایا دەشێت ئێمە بڵێین مادەم  سۆسیالیزم کۆمیونیزمی بەرهەمهێنا کەواتە سیستمێکی باش نییە بۆ چەسپاندنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی؟ 
یان سێکیولاریزم هەڵگری محەتەوای  لائیسێتەیە، لائیکیەتیش جگە لە خۆی و ئایدۆلۆژیاکەی هیچ مەنزومەیەکی دیکەی قەبوڵ نییە لە ژیانی دەستەجەمعی کۆمەڵگادا. دەشێت بڵێین مادەم لائیکیەت و سیکۆلاریزم دەوڵەتێکی وەک ئەوەی تورکیای خستۆتەوە ئیدی بێکەڵکە؟ 
🔹 ئێمە وەک کورد یەکەمین قوربانی نەبوونی خوێندنەوەی دیاردەناسین چ بۆخۆمان چ بۆ دیاردەکانی دەرەوەی خۆمان، نەمانتوانیوە وەک دیاردەیەک خوێندنەوەی فینۆمینۆلۆژیانەی بۆ ڕووداوەکانی مێژووی خۆمان و دەرەوەی خۆشمان بکەین ، بێلایەنانە ڕەخنەیان بکەین سوودیان لێوەربگرین، بە هەواو هەوەسی کەسیی و ئایدیۆلۆژی نەیانجەڕێنین، ڕق و حەز بکەینە دەرەوەی مامەڵە مێژوویی و زانستییەکانمان، بەداخەوە  ئەو ڕوانینەی ئەمڕۆ هەیە بۆ ئیسلام ڕوانینێکی دیاردە ناسیی نییە. خوێنەر کە ئارگیومێنتی هەردوو بەرەی دیندار و دژەدین دەخوێنێتەوە هەست بە پێشداوەریی و هەوا و هەوەس و دەغدەغەی ئایدۆلۆژی لایەندار و مەبەستدار دەکات. 
خوێندنەوەی ڕوداوی مێژوویی وەک ئیسلام و ئیسلامناسی شیعری میللی و تەنز و شیعرەمۆبایلی موهەڕیجەکان نین، دەسبۆبردنیان ئاسان نییە، دەبێت بە وریایی و بێلایەنانە لەسەر ئاستی دامەزراوە و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە نەک مەبەستدارانە لێیان بڕوانین.