کەنداوی فارس

18/01/2023

د. دانا حه‌مه‌عه‌زیز
١- لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ دەزگای ڕاگەیاندن (ناوەڕاستی ئابی ١٩٩١)، مامجەلال وتی "ساڵی ١٩٨٦ چووم بۆ لای ئایەتوڵا خومەینی، وتم جەنابی ئیمام بەبێ ڤیزە و پاسپۆرت هاتوم، لە وەڵامدا وتی جنابی اقای تاڵەبانی در اسلام مرز نیست! منیش لە دڵی خۆم دا وتم تۆ سەیریکە لێرە چی ئەڵێ و لەولاشەوە لەسەر سێ دورگەی زۆر بچوك ئامادەیە گەورەترین شەڕ لەگەڵ موسڵمانانی ئیمارات و عەرەب هەڵگیرسێنێت، ڕیگە نادات جگە لە فارسی، مناڵانی کوردو ئازەر و بەلوچ بە زمانی دایکیان بخوێنن".

٢- لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی 60 minutes ی کەناڵی CBS ی ئەمریکا کە ساڵی ١٩٧٤ ئەنجام دراوە، موحەمەد ڕەزا شای ئێران بە توندی بە گژ ڕۆژنامە نوسی بەناوبانگی ئەمریکا "ماریۆن وەڵێس"دا دەچێتەوە کە لە پرسیارێکدا لە جیاتی کەنداوی فارس بە کورتی دەڵێت کەنداو، شا پێی ئەڵێ بۆ بەتەواوی ناوی ناهێنیت یانی لە قوتابخانە نەتخوێندوە ئەو شوێنە ناوی چیە؟ ئەویش دەڵێ بەڵێ کەنداوی فارس. هەر لەو دیدارەدا، شا دەڵێ من کەسێکی ئیماندارم، لە تەمەنی شەش ساڵیدا خەوم بەخودا وە بینیوە، من بە هیدایەتی ئەو، حوکمی ئەو جێبەجێ دەکەم" شا توڕە دەبێت کاتێك وەڵێس پێی دەڵێت شانشینی ئێران پەیوەندی تایبەتی لەگەڵ ئیسرائیل دا هەیە، شا دەڵێ ئەو قسەیە ناڕاست و ناڕەوایە، شا دەیەوێت بڵێ پەیوەندیمان لەگەڵ هەندێك وڵاتی عەرەبی (ناڕاستەوخۆ مەبەستی شیعەکانی لوبنان و سوریا)، باشترە وەك لەگەڵ ئیسرائیل. شا شیعە بوو، ئاینی فەرمی مەملەکەتەکەشی شیعەی دوانزە ئیمام بوو، لای شا و لای خومەینی و لای جمهوری ئیسلامی ئەمڕۆ، ئێران دەوڵەتێکی فارسی یە( ئەگەرچی ڕێژەی فارس ناگاتە نیوەی ژمارەی دانیشتوان)، لای ئەوان ئیسلامی شیعە، جگە لە ناسنامە و ڕەمزێك بۆ نەتەوەی فارس، هیچ نرخێکی نیە. بە کورتی شا لە خومەینی شیعە تر و خومەینی لە شا قەومی تر بوو.

لای سەدر و جەماعەتەکەشی عێراق و خەلیج، عەرەبین و، ئیسلام ئەوکاتە پیرۆزە کە عەرەبی بێت، بۆیە سەدام لە سەدر ئیسلامی تر و سەدریش لە سەدام قەومی ترە. لای ئەمان موسڵمانی ڕاستەقینە ئەوەیە عەره‌ب بێت، لای ئایەتوڵاکان و موحەمەد ڕەزا شاش، شیعە ی ڕاستەقینە ئەوەیە فارس یان لانیکەم ملکەچی فارس بێت.

کەنداوی فارس یان خەلیجی فارس Persian Gulf

ئەو دەریایە کە لە باکورەوە بە پارێزگای بەسرەی عێراق و دەوڵەتی کوەیت، لە باشورەوە بە پارێزگای موسەندەم ی سوڵتانشینی عومان و تەنگەی هورمز، لە خۆرهەڵاتەوە بە ناوچەی فارس نشینی ئێران و لە خۆرئاواشەوە بە هەریەکە لە ئیمارات و قەتەر و سعودیەی عەرەبی دەورە دراوە. قەشم و بەحرەین گەورەترین دورگەی خەلیج ن.

خەلیجی فارس کە هەندێك جاریش پێی دەوترێت خەلیج، ڕوبەرەکەی ٢٥١ هەزار کیلۆمەتر دووجایە ( زیاتر لە نیوەی عێراق)، تێکڕای قوڵیی ئاوەکانی خەلیج لە نێوان ٥٠ بۆ ٩٠ مەتر دایە.

خەلیج ی فارس، بەشێوەیەکی سروشتی و بە ڕونیی ناوچە شاخاویەکان ی نیشتیمانی فارسەکان لە بیابان و دەشتاییەکانی نیشتیمانی عەرەبەکان جیا ئەکاتەوە.

لە ماوەی ٤٥٠٠ ساڵی ڕابردوودا لە سەردەمی ئەکەدیی، بابلی، ئاشوری، ئیمپراتۆریەتی یەکەمی فارس و دواتریش لە سەردەمی ئەسکەندەر ی مەقدۆنیدا لە هیچ شوێنێکدا، ئەم دەریایە، ناوی عەرەب و عەرەبی پیوە نەبوە. بابلیەکان پێیان وتوە دەریای سەرو ئەکەد، ئاشوریەکانیش پێیان وتوە دەریای تاڵ، لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتی یەکەمی فارس و دواتریش لە سەردەمی کۆرش ی گەورە و ئەسکەندەری گەورە دا، هەر پێی وتراوە دەریا یان کەنداوی فارس.

ئێستا "کەنداوی فارس Persian Gulf" ناوی نێودەوڵەتی ئەم دەریایە و لە فەرهەنگی نەتەوە یەکگرتوەکان یشدا هەر بەم ناوە جێگیر کراوە.