گفتوگۆ لەبری سووکایەتیکردن

18/01/2023

هەرێم هادی
ئەوەی بە چاوێکی وردبینەوە لە میدیا و سۆشیاڵ میدیا بڕوانێت، ناتوانێت ئەو هەموو سووکایەتیپێکردن و هێرشەکردنانە نەبینێ کە رۆژانە لە پۆست و کۆمێنت و بگرە لە هەندێک لە بەرنامە تەلەڤزیۆنی و وتارەکاندا دەکرێنە سەر کەرامەت و کەسایەتیی مرۆڤەکان. پرسیارە سەرەکییەکە ئەمەیە: چۆن بە ناکۆکییە قوڵەکانمانەوە، لەبری ئیهانەکردن، مەدەنییانە ئارگۆمێنتسازی بکەین؟ سێ چەمکی سەرەکی لەو پرسیارەدا هەن کە دەبێت شیبکرێنەوە تاوەکو وەڵامی پرسیارەکەمان دەستبکەوێت، ئەوانیش: ناکۆکیی قووڵ، ئارگۆمێنتسازی و مەدەنیەتن.

سەرەتا با لە ئارگۆمێنتسازییەوە دەست پێ بکەین. ئارگۆمێنتسازی بە سادەیی واتە ئاڵوگۆڕکردنی ئارگۆمێنت، واتە گفتوگۆیەک کە راوبۆچوونەکانمان، بانگەشە و حوکمدانەکانمان بە بەڵگە و پاڵپشتییەوە بخەینەڕوو. ئەی بەڵگە چییە؟ بەڵگە بە سادەیی واتە بەهانەی قبووڵکردن یان رەتکردنەوەی حوکمدانێک، بانگەشەیەک. بۆ ئیماندارێک دەشێت ئایەتێک، فەرموودەیەک یان تەفسیری مامۆستایانی ئایینی سەرچاوەی بەڵگە بن؛ بۆ پزیشکێک ئامارەکانی هۆکار و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان، بۆ کۆمەڵناسێک داتای ناو راپرسی و چاوپێکەوتنەکان، بۆ دایک و باوکێک کە ئامۆژگاریی منداڵەکانیان دەکەن کە چی بکەن و چی نەکەن، ئەزموونی سەرکەوتن و شکستەکانی ژیانی خۆیان و کەسانی دیکە هتد... تا ئێرە وێنەکە روونە: بە نزیکەیی هەر هەموومان بە بەڵگەوە قسە دەکەین. ئەی ئەگەر وایە بۆچی سەرەڕای بەڵگەکان، ناکۆکیمان دەگاتە ئاستی سووکایەتیکردن بە یەکدی؟

وەڵامی ئەم پرسیارە دەمانگەیێنێتە سەر ئەو شتەی کە لە ئەدەبیاتی ئارگۆمێنتسازیدا بە "ناکۆکیی قووڵ" ناسراوە. ناکۆکی جیاوازە لە ناکۆکیی قووڵ. ناکۆکی دوای ئاڵوگۆڕکردنی ئارگۆمێنت ئەگەری گەیشتنە دەرئەنجام واتە سازان و رێککەوتن هەیە، بەڵام ئەم ئەگەرە ئەگەر مەحاڵ نەبێت، ئەوە نزیکە لە مەحاڵەوە لە دۆخی ناکۆکیی قووڵدا. سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین کە ناکۆکیی قووڵ ئەوە نییە کە دوو کەس رێز لە ئارگومێنت نەگرن و بیانەوێت خۆیان فەرز بکەن، یان یەکسەر بە ئیهانەکردن و لە کەسایەتیدانی یەکدی دەست بە گفتوگۆ بکەن. ئەوانەی وادەکەن، هێشتا لە دەرەوەی ئارگومێنتسازیدان. مەبەست لە ناکۆکیی قووڵ ئەوەیە کە لەگەڵ ئەوەی هەرکەسەو بەرمەبنای بەڵگەکانی خۆی بەرگری لە بۆچونەکانی دەکات، بەڵام هێشتا ناگەنە ئەنجام، واتە ناگەنە سەر بۆچوونێکی هاوبەش. 

ئەمە بۆچی وایە؟ ئەگەر دوو مرۆڤ بە رێزەوە بەرمەبنای ئارگومێنت و بەڵگەکان ئارگومێنتسازی بکەن، چۆن دەکرێت نەگەنە ئەنجام؟ وەڵامی سادەی ئەم پرسیارە ئەوەیە کە ئەوەی لای ئەلف بەڵگەیە، لای با بەڵگە نییە، یان لانی کەم بەڵگەی یەکلاییکەرەوە نییە. بۆ نموونە: ئەلف و با گفتوگۆ لەسەر وتارێکی رۆژنامەوانی رەخنەیی دەکەن کە نووسەر رەخنەی تووندی ئایینی یان سیاسی گرتووە. ئەلف بەرگری لە وتارەکە دەکات بەوەی کە نووسەرەکەی ئازادیی ویژدان و ئازادییەکانی خۆی بەکارهێناوە کە دوو شامافی سیاسیی هەر مرۆڤێکن. با دژی بڵاوبوونەوەی وتارەکەیە، چونکە رەخنەی لە پیرۆزییە ئایینی یان سیاسییەکان گرتووە. ئەلف و با هەردووکیان خاوەن ئارگومێنتن، چونکە بەرگری و دژایەتیان لە وتارەکە بە بەڵگە پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام هێشتا ناکۆکن، چونکە بەڵگەکانیان تەنیا بۆ ئەوانەی وەک خۆیان بیردەکەنەوە هێزی سەلماندنیان هەیە. ئەگەرچی لە سەرەتاوە ئەلف و با بە رێزەوە گفتوگۆ دەکەن، بەڵام رەنگە ناکۆکییان بگاتە ئاستی ئیهانە و لەکەدارکردنی کارەکتەری یەکدی. بۆ ئەلف ئازادیی بیرکردنەوە و بەیان لە سەروو هەموو شتێکەوەن و ئەوەی دژیان بووەستێت "دواکەوتوو، کۆنەپارێز یان کۆیلە و ماستاوچیی حیزبە،" بۆ با ـش ئەوەی رێزی پیرۆزییەکانی ئایین یان سەرکردەکان نەگرێت "بێئەخلاق یان جاش و خیانەتکارە لە نیشتمان." ئەم دۆخە بەم زمانەوە، ئیدی ناکۆکیی قووڵیش جێ دەهێڵێت و دەبێتە سووکایەتیپێکردن، چونکە ناکۆکیی قووڵ هێشتا چالاکییەکی ئارگومێنتسازییانەیە، واتە لانی کەم لە سەرەتادا هەردوولا رێز لە کارەکتەری یەکدی دەگرن و لەبری هێرشکردنە سەر کارەکتەری یەکدی، بەڵگە دەخەنەڕوو و بەڵگە هەڵدەسەنگێنن. 

ئەی مەبەست چییە لە مەدەنییەت لە چوارچێوەی ئارگومێنتسازیدا؟ زۆر بە سادەیی: ناکۆکی هەرچەندە قووڵ بێت، تائەو شوێنەی کە ئارگومێنتسازەکان، رێز لە کارەکتەری یەکدی دەگرن، ئێمە لە دۆخی ئارگومێنتسازیی مەدەنیداین، بەڵام ئێمە چۆن ببینە ئارگومێنتسازی مەدەنی؟ بە سادەیی چوار چەمک گرنگن بۆ تێگەیشتن لە ئارگومێنتسازیی مەدەنی بە تایبەت کە لە کایەی ئارگومێنتسازیی سیاسی و گشتیدا.

یەکەم چەمک بریتییە لە رەوایەتیی ناکۆکی. رەوایەتیی ناکۆکی واتە مادام لە کایەی سیاسەتدا، جیاواز لە کایەکانی دیکە بۆنموونە کایەی زانست، گفتوگۆکان زۆربەی کات دەربارەی سیاسەتنما، واتا دەربارەی ئەوەی کە چی بکرێت و چی نەکرێت دەرهەق بەم یان بەو پڕۆژە یان کێشە، نەك ئەوەی وەڵامی زانستی و رەهای پرسیارێک چییە. کەواتە بەرژەوەندی نەک حەقیقەتی موتەڵق بابەتی سەرەکی ئارگومێنتسازیی سیاسییە، مادام لە کۆمەڵگەدا حیزب و گرووپ و چینی جیاواز هەن، کە زۆرکات بەرژەوەندیی جیاواز بگرە دژبەیەکیان هەیە، کەواتە ناکرێت هیچیان بە ناوی حەقیقەتی موتڵەقەوە قسە بکەن، چونکە هەریەکەیان بەرگری لە بەرژەوەندیی خۆی دەکات و ناتوانێت زمانحاڵی حەقیقەتی موتەڵق، یان نوێنەری بەرژەوەندیی گشت کۆمەڵگە بێت. هەر لێرەوە بەناچاری ناکۆکی رەوایەتی هەیە لە کایەی ئارگومێنتسازیی سیاسی و گشتیدا، چونکە هەرکەس و گرووپێک بەرگری لە بەرژەوەندیی خۆی دەکات و ناتوانێت بەناوی بەرژەوەندیی هەموو کۆمەڵگەوە قسە بکات، جا با بەناوی بەرژەوەندیی گشتی یان ئەخلاقی گشتییەوە قسە بکات. هەر لێرەوە، هیچ کەس و گرووپ و حیزبێک، لەژێر هیچ بەهانەیەکدا، جا سیاسی بێت، یان ئایینی ناتوانێت مافی ناکۆکی لەوانە بسێنێتەوە کە ناکۆکن، بەڵام ئەم پرەنسیپە لەسەر چی دامەزراوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دەمانباتە سەر چەمکی دووەم: یەکسانیی سیاسی.

یەکسانیی سیاسی چییە؟ زۆر بە سادەیی، واتە مرۆڤەکان لە بەها (کەرامەتتدا) یەکسانن. سەرەکیترین دەرکەوتەی ئەم پرەنسیپە بریتییە لە دۆکترینی یەک کەس یەک دەنگ. ئەوە پرەنسیپی یەکسانیی سیاسییە کە وادەکات کاتێک حیزبەکەی تۆ زۆرترین دەنگ دەهێنێت، من دەبێت رێزی بگرم، وەك چۆن کە حیزبەکەی منیش زۆرترین دەنگی هێنا تۆ دەبێت رێزی بگریت، چونکە هەریەکەمان وەک یەک، واتە تەنیا بە دەنگێک بەشداریمان کردووە. رێزگرتن لەم پرەنسیپە لە ئارگومێنتسازیدا وادەکات پرەنسیپی سێیەم لەدایک ببێت کە بریتییە لە ئارگومێنتسازی بەهۆی قسەکردن لە ئارگومێنت نەک لە ئارگومێنتساز بە خاتری رێزگرتن لە یەکسانیی سیاسی، واتە لە کەرامەتی هاوبەش.

واتای چی قسەکردن لە ئارگۆمێنت نەک ئارگۆمێنتساز؟ بە سادەیی واتە ئەو وشانەی بەکاریان دەهێنین کاتێک لە گفتوگۆیەکی گەرمداین لەگەڵ بەرامبەردا دەبێت بە خاتری هەڵسەنگاندن و حوکمدان بن لە ئارگومێنت، بۆ و چونکەکانی بەرامبەر، نەک ئاراستەی کەسایەتی و کارەکتەری بەرامبەر بن. بۆ نموونە لەبری بڵێم تۆ کەسێکی خراپیت، زاڵمیت، گەندەڵیت، درۆزنیت هتد.. دەتوانم بڵێم ئارگومێنتەکەت یان بۆچوونەکەت بەم یان بەو شێوازە بەهەڵدا چووە، لاوازە، هەڵەی لۆژیکی تێدایە. 

بۆچی ئەمە گرنگە؟ چونکە بۆ ئەوەی وەک دوو هاووڵاتی ناکۆکیمان هەرچەندە قووڵ بێت، بتوانین رێز لە مەدەنیبوونی خۆمان بگرین، ئەوا دەبێت بە بیری خۆمانی بهێنینەوە کە یەک: ناکۆکی رەوایەتی هەیە؛ دوو، هەموومان خاوەن هەمان بەها و کەرامەتین؛ سێ، ئارگومێنتێک چەندێک خراپبێت، ناتوانێت بەها و کەرامەت لە ئارگومێنتساز بسەنێتەوە، هەر بۆیە؛ لەباتی هێرش بۆسەر ئارگومێنتساز، رەخنە لە ئارگومێنتەکەی دەگرم نەک ئیهانەی کەسایەتی و کارەکتەری بکەم، چونکە ئەگەر وا نەکەم، هانی بەرامبەر دەدەم کە ئەویش هێرشبکاتە سەر کەسایەتی و کەرامەتم.

رەنگە کەسێک بڵێت جا من چی پێویستم بە رێزگرتن لەم پرەنسیپانە هەیە، وایە، چی سوودێک بە من دەگەیێنن؟ وەڵامی کورت ئەوەیە کە خۆت ئینجا دەوروبەرت ئینجا هەموو کۆمەڵگە زەرەر دەکات بە فەرامۆشکردنیان. بۆچی؟ 

یەک: ئەگەر تۆ لە کارەکتەری بەرامبەر بدەیت، درەنگ یان زوو لە کارەکتەرت دەدرێتەوە.

دوو: هەتا رێز لەم پرەنسیپانە نەگرێت کەسێک کە جیاواز لە تۆ بیردەکاتەوە نایەتە سەر قسەی تۆ (تۆ خۆت کەسێک هێرشبکاتە سەر کەسایەتیت دەچیتە سەر رای ئەو؟) دەی کەوایە بۆچی خۆت ماندوو دەکەیت، چی سوودێک هەیە تەنیا ئەو کەسانە گوێت بۆ بگرن کە هەنووکە وەک خۆت بیر دەکەنەوە؟

سێ: بۆ تێگەیشتن لە ژیان و چارەسەرکردنی کێشەکانی، هەرگیزاوهەرگیز ناتوانین تەنیا بە گوێگرتن لە خۆمان و ئەوانی وەک خۆمان بیردەکەنەوە تێگەیشتن و چارەسەری گشتگیر بەدەستبهێنین، کەواتە لەباتی دروستکردنی دیواری رەق و ئیهانەکردن، باشتر نییە سوود لە ئەقڵ و ئەزموونەکانی بەرامبەر وەربگرین؟ کەسێک کە رای وایە پێویستی بە ئەقڵ و ئەزموونی ئەوانی دیکە نییە، دوو هەڵەی لۆژیکی دەکات: یەک، حەقیقەت سادەیە؛ دوو، هیچ بۆچوونێکی مەعقووڵ نییە کە پێچەوانەی بۆچوونی من بێت.

چوار: بەبێ ئەم پرەنسیپانە ئێمە ناتوانین شوناسە بچووکەکانی خێڵایەتی و حیزبایەتی و ناوچەیەتی جێبهێڵین و هەنگاوبنێین بەرەو شوناسی گەورەی هاونیشتمانی و هاووڵاتیبوون.

پێنج: هەتا زیاتر لەم پرەنسیپانە دوور بکەوینەوە، نزیکتر دەبینەوە لە تووندوتیژی تا ئەگەر یەکدی وێرانکردن وەک لە شەڕی ناوخۆدا روویدا کە تائێستا شوێنی زامەکانی بە جەستەی نیشتمانەوەیە.

شەش: خۆت بیری لێبکەرەوە!