پلانەكانی حوكمڕانی– پلانێك بۆ پەروەردەو فێركردن

4 رۆژ پێش ئێستا

سامان جاف
پەروەردەو فێركردن هۆكاری پێشخستنی وڵاتە پێشكەوتووەكانە، بە پێچەوانەشەوە ئیهمال كردنی هۆكاری دواكەتوویی زۆرێك لە وڵاتەكانە. 
ئەم پلانەی دەیخەینە ڕوو ڕەنگە ئالانگارییەكی گەورە بێت، چونكە بە تەواوی گۆڕینی سیستمی پەروەردەو فێركردنە، ڕەنگە كەسانێك دژی بن ڕەنگە بەشێكیش بە دڵییان بێت، بەڵام بە دڵنییایەوە ئەم شێوازەی دەیخەینە ڕوو تەواو جیاوازە لەو شێوازە تەقلیدییەی چەندین ساڵە منداڵەكانمانی پێ فێر دەكەین بەبێ ئەوەی سوودێكی ئەوتۆمان لە ڕێگای سیستمی پەروەردەو فێركردنەوە بە منداڵەكانمان گەیاندبێت
كەواتە پەروەردە چییە؟ فێركردن چییە؟
پەروەردە 
بریتییە لەو ڕەفتارو ئاكارانەی كە منداڵ لە ڕێگای خێزان یان منداڵی هاوڕێیەوە وەری دەگرێت ئایا بە لاساییكردنەوە بێت یان لە ڕێگای تێكەڵاوبوونی لەگەڵ كەسانی هاوتەمەنی خۆیدا و دەبێتە كەسایەتی ئەو تاكە لە كۆمەڵگادا، ئەم ڕەفتار و ئاكارانە بۆی هەیە لەو تاكەدا بە هەتاهەتایی بمێنێتەوە ئەگەر ڕەفتاری باش بن یان خراپ، ڕەنگە لەگەڵ گەورەبوونی تەمەندا گۆڕانكاری بەسەردا بێت ، واتە كەسێك لە منداڵیدا فێری ڕەفتارێكی خراپ بووە لە گەورەیدا وازی لێ بهێنێت، لەوانەشە ئەو ڕەفتارە ببێتە بەشێك لە كەسایەتی ئەو تاكە و هەرگیز نەتوانێت وازی لێ بهێنێت. 
بناغەی پەروەردە بۆ منداڵ بریتییە لە دایك و باوك، دەبێت ئەو دایك و باوكە خۆیان دوو كەسەیاتی زۆر باش بن لە ڕووی پەروەردەییەوە، بەڵام لێرەدا زۆرینەی كێشەكان دێتە پێشەوە، چونكە خودی هاوسەرگیری لە كۆمەڵگای كوردیدا هەم لە كێشەدایە هەم دروستكردنی خێزان و هاوسەرگیری لەسەر بناغەیەكی تەندروست و ڕاست نییە. 
بەو مانایەی تاكەكان هاوسەرگیری دەكەن، بەڵام لە هاوسەرگیری تێ نەگەیشتوون، نازانن خودی هاوسەرگیری بۆ چییە
كەواتە زۆر گرنگە لەسەر بنەما هاوسەرگیری بكرێت كە ئەمەیان بە پلانێكی جیاواز بە ناوی پلانی هاوسەرگیرییەوە دەیخەینە ڕوو، واتە تاك چۆن، كەی بڕیاری هاوسەرگیری بدات؟ كێ بكاتە هاوسەری خۆی؟ چونكە خودی كۆمەڵگا لە خێزانەوە بەرهەم هاتوون.
 خێزانیش لە هاوسەرگیرییەوە بەرهەم هاتووە، هاوسەرگیریش لە یەكگرتنی دوو تاكەوە دروست دەبێت، كەواتە دەبێت ئەم دوو تاكە لەوپەڕی تێگەیشتندابن بۆ پرۆسەكە نەك هەر بوترێت كاری خێر تا زوو بكرێت چاكە، چونكە هۆكاری لێك هەڵوەشاندنەوەی ئەو هەموو خێزانە هەروا لە خۆوە نییە، خودی كۆمەڵگاش مەترسی لەسەرە بە هۆی ئەو هەموو جیابوونەوەی هاوسەرانەوە. 
ئایا پەروەردە هەر لە چوارچێوەی خێزاندا دەمێنێتەوە؟ 
نەخێر، لە دەرەوەی خێزان یەكەم كەس هاوڕێ هاوتەمەنەكانییەتی، دەبێت زۆر ئاگاداری ڕەفتارو ئاكاری ئەوانیش بیت، زۆر گرنگە چاودێری هاوڕێكانی بكەیت، چونكە ئەوەی لە هاوڕێكەیەوە بە چەند كاتژمێرێك وەری دەگرێت بە‌هێندەی ئەرك و ماندووبوونی تەواوی ساڵەكانی پەروەردەی دایك و باوكییەتی.
 كاتێك ڕەفتارێكی ناشرین لە هاوڕێیەكی منداڵەكەتدا دەبینی دەبێت منداڵەكەتی لێ ئاگادار بكەیتەوە، پێی بڵێت لەبەر ئەو ڕەفتارە حەز ناكەم تێكەڵاوی ئەو كەسە بكەیت، چونكە لائیرادی كەسایەتی ئەو هاوڕێیەی وەردەگرێت. هەر سیفەتێكی ناشرینی هەبێت ڕەنگە منداڵەكەی تۆش ئەنجامی بدات بەبێ ئەوەی پێشتر ئەو سیفەتەی هەبوبێت. 
دەبێت پەروەردە لە سیستمی فێركردندا بوونی هەبێت ، بە شێوەی تیۆری و پراكتیكی مامۆستای پسپۆڕ لە بواری پەروەردەی منداڵ هەر لە منداڵییەوە ڕەفتار و ئاكارە جوانەكان فێری منداڵ بكات، لە ڕەفتارە ناپەسەند و خراپەكانیش ئاگادارییان بكاتەوە. 
ئەم پرۆسەیە لەگەڵ سیستمی فێركاریدا بەشێوەیەكی هاوتەریب دەڕۆن واتە لە ڕووی پەورەدەییەوە تاكێكی زۆر باش لە كۆمەڵگادا بوونی دەبێت كە هەموو سیفەت و ئاكارێكی باشی تێدابێت، بڕوای بە خۆیەتی، هیچ سیفەت و ئاكارێكی خراپ لەم تاكەدا بوونی نییە، ئەمە بە كێ دەكرێت؟ 
دایك و باوك بە پلەی یەكەم، حكومەت بە پلەی دووەم
بەڵام خودی دایك و باوكیش دەبێت دایك و باوكێكی تەندروست بن، لەبەرئەوەی ئەگەر خێزانێك بە خراپی دروست بوبێت مەگەر چۆنها ئەگینا چاوەڕوانی منداڵی تەندروست لەو خێزانە ناكرێت. 
فێركردن 
ئەو بەشەی تەركیزێكی زیاتر دەخەینە سەری، چونكە هەم گرنگە، هەم پەیوەندی بە داهاتووی تاك بە تاكی كۆمەڵگاكەمانەوە هەیە
فێركردن چییە؟ 
چی فێری منداڵ بكرێت؟
ئەم شێوازی فێركردنەی ئێستا چۆنە؟
زیانەكانی چین؟ 
جێگرەوەی ئەم شێوازە چییە؟ 
فێركردن بریتییە لە هەر پسپۆڕییەك یان پیشەیەك كە لە ڕێگای سیستمی فێركردنەوە فێری منداڵ دەكرێت، لە پێش دروستبوونی سەردەمی پاشایەتیدا سیستمی فێركردن سیستمێكی هەڕەمەكی ئەزموون كردنی ئەو ناوچەی نیشتەجێبوونە بووە بەپێی پێویستییان بۆ ئەو شتانەی كە ویستی لەسەر بووە. 
تاكو دەگەینە ئەم قۆناغەی ئێستا كە لە منداڵییەوە و بە دیاریكراوی لە تەمەنی شەش ساڵییەوە منداڵ دەنێردرێتە بەر قۆناغەكانی خوێندن و دواتر بۆ زانكۆ و پاشان پسپۆڕی 
پرۆسەی فێركردن پرۆسەیەكی جیهانییە، هەموو جیهان سیستمی فێركردنی هەیە، بەڵام بەهۆی جیاوازی پرۆسەكە لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر بووەتە هۆی پێشكەوتنی وڵاتێك و دواكەوتوویی وڵاتێكی تر، دەبینین هەندێك وڵات ساڵانە بەرەو پێشكەوتنی زیاتر دەڕۆن و دەگەن بە ئامانجی گەورەتر، لە هەمان كاتدا چەندین وڵاتی تر سەرباری ئەوەی پێشناكەون بەڵكو بەرەو دواوە دەگەڕێنەوە. 
ئا لێرەدا دەبێت بپرسین دەبێت چی فێری منداڵەكانمان بكەین؟ لە تەمەنی چەند ساڵییەوە فێركردن دەست پێ دەكات؟ شێوازی فێركردنەكەمان چۆن بێت؟ 
تەمەنی دەستپێكردنی فێركردنی منداڵ بریتییە لە تەمەنی 7 ساڵی، تاكو ئەو تەمەنە دەبێت منداڵ یاری بكات، بە داخەوە زۆر دژایەتی ئەم تەمەنەی منداڵ دەكرێت، ڕێگا نادرێت منداڵ منداڵی خۆی بە تەواوی تێپەڕێنێ 
زۆرێك لە كێشەكانی كەسایەتی تاكی كورد لەم قۆناغەوە دەستی پێ كردووە، چونكە ڕێگامان نەداوە منداڵ منداڵی خۆی بە تێروپڕی ئەزموون بكات، ئەم منداڵە كاتێك دەگاتە قۆناغی هەرزەكاری دەیەوێت قەرەبووی منداڵی بكاتەوە، بەڵام بە ناوی گەورەبوونەوە ڕێگای لێدەگرن، كاتێك دەچێتە قۆناغی زانكۆش دەبینی ئەم كەسە حەزی منداڵی تێدا ماوە، هەندێك ڕەفتار دەكات ڕەفتاری منداڵین بەڵام بێ ئاگاین لەوەی كە لە منداڵیدا ڕێگای لێ گیراوەو نەیان هێشتووە حەزەكانی منداڵی بە تەواوی تێر بكات. 
كەواتە ئێمە باسی فێركردنێك دەكەین كە قۆناغی منداڵی بە تەواوی تێپەڕاندبێت بۆ ئەوەی ئامادەبێت بۆ فێربوون، چونكە منداڵ ئامادەی فێربوون نابێت ئەگەر حەزەكانی چەپێنرابێت. 
گریمان منداڵێكی تەندروستمان هەیە، چی فێری منداڵەكەمان بكەین؟
لەم پلانەدا نموونە زۆر دەهێنینەوە، بۆ نموونە كەسێك دەیەوێت ببێتە دیزاینەر، ئایا سیستمی فێركردن ڕێزی حەزی ئەم كەسەی گرتووە؟
 كارمان بۆ ئەوە كردووە لە ڕێگای سیستمی فێركردنەوە توانای ئەم كەسە لەو بوارەدا بدۆزینەوە بۆ ئەوەی تواناكەی بخاتە خزمەتی ئەو حەزەوە یان بەشێوەیەكی دیكتاتۆری سەپاندوومانە بەسەریدا كە چ شتێك بخوێنێت وە چ بەشێكی زانكۆ تەواو بكات؟
سیستمی فێركاری ئێمە چۆنە 
لەسەرەتای دەستپێكردنی خوێندنەوە كۆمەڵێك وانەمان هەیە تاكو قۆناغی زانكۆ، سیستمی فێركاری كۆمەڵێك وانەی داناوە وەك مەنهەج و پەیڕەوو پرۆگرام،  لە ڕێگای ئەم وانانەوە داهاتوو بۆ نەوەكانمان دیاری دەكەین، ئەوەی زۆر سەیرە و بنەمای ئەم پلانەی لەسەر داڕێژراوە ئەوەیە كە لە قۆناغی زانكۆدا لە بوارێكی زۆر جیاوازتر وەردەگیرێت لەو وانانەی كە خوێندویەتی. 
لە قۆناغی سەرەتای خوێندندا وانەكانی فیزیا و كیمیاو زیندەوەرزانی لە وانەی زانستدا كۆكراوەتەوە. بەم شێوازە منداڵ ساڵەكانی تەمەنی لەگەڵ ئەم وانانەدا بەڕێ دەكات تاكو قۆناغی دوانزەی بنەڕەتی، ئا لێرەدا بڕیارە چارەنوسسازەكە لەسەر داهاتووی تاك بە تاكی كۆمەڵگا دەدرێت ، منداڵێك ئەم هەموو ساڵە دەخوێنێت لە پاش ئەم ساڵانەی خوێندن بڕیاری چارەنوسساز لەسەر ئەم تاكە بە كۆنمرەی ساڵێك دەدرێت ،  كۆنمرەی ساڵێك دەكرێتە پێوەر بۆ ئەوەی كەسێك داهاتووی كار و پیشەی دیاری بكرێت، لە كاتێكدا ئەو شوێنەی لێی وەردەگیرێت لە زانكۆ هیچ پەیوەندییەكی بەو وانانەوە نییە كە خوێندویەتی. 
سیستمی كۆنمرە داهاتووی تاك بە تاكمانی پێوە پەیوەست كراوە؟
هەر تاكێك لە قۆناغی دوانزەی بنەڕەتی زانستی ئەم وانانە دەخوێنێت، (ئاین – عەرەبی – كوردی – ئینگلیزی – بیركاری – فیزیا – كیمیا – زیندەوەرزانی )، حكومەتی ئێمە یان سیستمی فێركردنی ئێمە تاك بە تاكی ئەم كۆمەڵگایەی ناچار كردووە، ئەگەر لە دوانزەی بنەڕەتی بیت و بتەوێت كۆلێژی پزیشكی گشتی وەرتبگرێت دەبێت لەم وانانەدا 99 بۆ 100 نمرە بهێنیت 
بەڵام با سەرنجێكی وردی ئەو وانانە بدەین لەگەڵ كۆلێژی پزیشكی، هەر یەكێك لەو وانانە چ پەیوەندییەكی بە كۆلێژی پزیشكییەوە هەیە تاكو من 100 نمرەی تیا بهێنم
 واتە بۆ دەبێت من سێ وانەیان كە زمانن وەك عەرەبی و كوردی و ئینگلیزی 100 نمرە بهێنم بۆ ئەوەی لە كۆلێژی پزیشكی وەربگیرێم؟ 
بۆ دەبێت لە فیزیا و كیمیا و زیندەوەرزانی 100 نمرە بهێنم بۆ ئەوەی لە كۆلێژی پزیشكی وەربگیرێم؟ بۆ دەبێت لە بیركاری 100 نمرە بهێنم؟ 
بەردەوام ئەو پرسیارە لە مێشكمدا هاتوچۆی كردووە، ئایا چ نهێنییەك لە نێوان ئەو وانانە و كۆلێژی پزیشكیدا هەیە؟ چ شتێك دەیانبەستێت بە یەكەوە؟ 
لە كاتێكدا وانەكانی پزیشكی تەواو جیاوازە لەو وانانە بەڵام من دەبێت 100 نمرە بهێنم بۆ ئەوەی وەربگیرێم، بە تەنیا كۆلێژی پزیشكی نییە كە دەتوانین ئەم ڕونكردنەوە لەبەرچاو بگرین بۆی ،  بەڵكو كۆلێژی ئەندازیاری بە هەمان شێوەیە ، كۆلێژی یاسا بە هەمان شێوەیە ،  نەك ئەم سێ كۆلێژە بە تەنیا بەڵكو تەواوی كۆلێژەكان بەو جۆرەیە. 
تەنانەت ئەو كۆلێژانەشی كە خودی ئەم وانانەی تێدان، بۆ نموونە كۆلێژی زمان بەشی ئینگلیزی، كۆ نمرەی سەرو 90 وەردەگرێت، باشە بۆ لە كوردی و عەرەبی و وانەكانی تر دەبێت خوێندكار 90 نمرەی هەبێت  بۆ ئەوەی بچێتە زمانی ئینگلیزی !،  وانەی كیمیا و فیزیا و زیندەوەرزانی چ پەیوەندییەكیان بە زمانی ئینگلیزییەوە هەیە !
یەك بە یەكی كۆلێژەكان بەم شێوازە هەڵسەنگاندنی بۆ بكەن و هەمان پرسیار بكەن، بۆتان دەردەكەوێت كەموكوڕییەكانی ئەم سیستمە چەندە.
 ئەمە بەدەر لەوەی چەندین خوێندكارمان هەیە لەبەرئەوەی لەم وانانەدا نمرەی بەرزییان نەهێناوە ئێستا یان لە ماڵەوەیە یان سەری خۆی هەڵگرتووە یان دەستی چۆتە ڕۆحی خۆی و خۆی كوشتووە. لە پێناوی چیدا؟ 
ئایا سیستمی فێركردن لێكۆڵینەوەی لەم خوێندكارە كرد بزانیت توانا و لێهاتوویی لە چ بوارێكدا هەیە؟ تاكو لەو بوارەدا خزمەت بكات؟
 یان بە پێوەری كۆنمرە هەڵسەنگاندن بۆ تەواوی توانا مرۆییەكانی ناو كۆمەڵگا دەكرێت. 
لە ئێستادا كەسانێكمان هەیە لە میكانیكی ئوتومبێلدا زیرەكە، شارەزای بازرگانییە، مۆسیقارە، یان دەرهێنەرە، نوسەرە، واتە لە بوارێكدا شارەزایی هەیە بەبێ ئەوەی لە ڕێگای ئەم سیستمە داڕێژراوەوە بەو حەزەی خۆی گەیشتبێت، ئەكرێت تۆ پێی بڵێیت مادام لە ڕێگای سیستمەكەی منەوە ئەو بوارەت بەدەست نەهێناوە كەواتە تۆ كەسێكی سەركەوتوو نیت؟
دەكرێت ئەم بۆچوونەی خۆمان بە ڕوپێوییەك بسەلمێنین، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ، لە كاتێكدا ئەم شێوازە هەڵەیە ئەی جێگرەوەی ئەمە چییە؟ 
ئەو پلانە چییە كە دەتوانین وەك جێگرەوەی ئەم پرۆسەی خوێندنە سوودی لێ وەربگرین؟ 
پلانی جێگرەوە :
ئاماژەمان بەوەدا كە سیستمی كۆ نمرە خراپە، دەتوانین بە ڕوپێوییەكیش بە وەرگرتنی ڕاوبۆچوونی هەموو ئەوانەی كە پۆلی دوانزەی بنەڕەتییان بڕیوە بیسەلمێنین، بەڵام جێگرەوەی ئەمە چی بێت؟
دەبێت هەموو ئەو بوارانەی ئێستا وەك كۆلێژ هەن بخرێنە سیستمی خوێندنەوە، واتای كۆلێژی پزیشكی بە مەنهەجی سادە و بە شێوەی وانە وانە بكرێت بە شێوەی تیۆری و پراكتیكی، ئەندازیاری و هەموو بوارەكانی تر بكرێتە مەنهەجی سادە قۆناغ بە قۆناغ منداڵ لەگەڵیدا بڕوات، وردە وردە مەنهەجەكە بەرەو پیشەگەری و مەنهەجی تەواو بڕوات.
 ڕەنگە پرسیاری ئەوە بكرێت چۆن ئەم كارە بكرێت؟ 
منداڵ لە تەمەنی منداڵیدا چ شتێك بخەیتە بەردەمی توانای وەرگرتنی هەیە، بەڵام لە چ بوارێكدا زۆر باش بێت تواناكەی لەو بوارەدا دەردەكەوێت ، ئەگەر لە بابەتی پزیشیكیدا هەیكەلی مرۆڤ بە شێوەی سری دی بخەیتە بەردەستی حەزی كەشفكردنی بۆ دروست دەبێت و پرسیار دەكات ئەمە چییە؟ ئەوە چییە؟ بەو جۆرە حەزی زانینی بۆ دروست دەبێت. 
هەروەها ئەگەر بینایەكی دروست كراوی ئەندازیاری بخەیتە بەردەمی منداڵ حەزی پرسیار كردن وای لێ دەكات ئاڕاستە وەرگرێت بەرەو ئەندازیاری.
لەبەرئەوەی منداڵ پاكە و درۆ نازانێت حەزی بۆ چ بوارێك بۆ دروست ببێت لە منداڵییەوە بەرەو ڕووی ئەو حەزە ئاڕاستە وەردەگرێت. 
بەڵام بەهۆی سنورداركردنی سیستمی فێركردنەوە لە چەند وانەیەكدا، منداڵ حەزەكانیشی سنورداركراوە، دەبێت تەواوی ئەو زانستانەی ئێستا بوونییان هەیە بە شێوەی تیۆری و پراكتیكی بخرێنە بەردەستی منداڵ بۆ ئەوەی تواناكەی بدۆزینەوە. 
هەموو بوارەكان بەشێوەی مەنهەجی سادە دەخەینە بەردەستی منداڵ كە مێشكی توانای وەرگرتنی هەبێت و لێی تێ بگات، ئێمە لەم پلانەدا ناڵێین لە بابەتی پزیشكیدا منداڵ فێری نەشتەرگەری دەكەین، بەڵكو وانەی پزیشكی بە شێوەی مەنهەجی سادە 
هەموو زانستەكان بەشێوەی وانەیەكی گشتگیر دەخەینە بەردەمی خوێندكار، لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە دەست بكرێت بە خوێندنییان، بۆ هەر وانەیەك نمرەی تیۆری و پراكتیكی دەنوسین بەڵام كەوتن و دەرچوون نییە
 بۆچی كەوتن و دەرچوون پەیڕەو نەكەین؟
چونكە لە ڕووی دەروونییەوە زۆرێك لە منداڵەكان دەڕوخێن، دەبێت منداڵ هانبدرێت و تواناكەی بدرۆزرێتەوە نەك بە هۆی دیاریكردنی خوێندكارێك بە زیرەك ڕق بخەیتە دڵی ئەوانی تر بەرامبەر ئەم منداڵە.
مەبەستی سەرەكی ئەم پلانە دۆزینەوەی توانای تاكە لە بوارێكدا لەو بوارانەی دەخرێنە سیستمی خوێندنەوە ، بۆ ماوەی حەوت ساڵ ئەم سیستمی خوێندنە پەیڕەو دەكەین لە پاش ئەم حەوت ساڵە تێبینی تەواوی منداڵەكە دەدەكەین بۆ ئەوەی بزانین لە چ بوارێكدا زۆر بە توانایە، ئەو كات پەیوەندی بە دایك و باوكییانەوە دەكەین و پێیان ڕادەگەیەنین منداڵەكەی تۆ لەم بوارەدا زۆر بە توانایە، ئەگەر بچێتە ئەم بوارەوە دەبێتە پسپۆڕێكی زۆر باش. 
ئایا مەگەر خودی خوێندنی ئێستاش هەر بۆ ئەوە نییە؟ هەر بۆ ئەو مەبەستە لە بوارێكدا لە زانكۆ وەرناگیرێت؟ ئەی بۆ لەو بوارەدا وەرنەگیرێت كە حەزی پێیەتی و توانەكەی دەرخستووە.  
منداڵ لە قۆناغی منداڵیدا حەزی زۆر لە پرسیار كردنە، كاتێك هەرشتێك دەبینێ پرسیاری دەربارە دەكات، ئەگەر لاشەی مرۆڤێك و هەموو كۆئەندامەكانی بخەیتە بەردەستی بە شێوەی پلاستیكی، دەزانی ئەو منداڵەی حەزی بە زانینی بەشەكانی ئەو مرۆڤە چەند پرسیار دەكات؟ ئەمە چییە؟ ئەمە بۆ لێرەیە؟ ئەمە بۆ وایە؟ كاتێك مامۆستاش بەشەكانی مرۆڤییان بۆ شی دەكاتەوە حەزی زانینی زیاترییان بۆ دروست دەبێت.
 بەم جۆرە یەكەم هەنگاوت بۆ ڕوون دەبێتەوە كە بەشێك لە منداڵەكان حەز لە پزیشكی دەكەن بەڵام هەموویان نا.  ڕەنگە ئەگەر ژمارەی خوێندكارەكانت 250 خوێندكار بن 20 خوێندكارییان حەز لە پزیشكی بكات یان تواناكەی لەو بوارەدا دەركەوێت، بەهەمان شێوە بۆ بوارەكانی تریش. چونكە تەواوی منداڵەكانی تریش حەز و توانای خۆیان بەو جۆرە دەدۆزنەوە. 
ئەم شێوازی خوێندنە بەم جۆرە دەكرێت حەوت ساڵ بەردەوام بێت، تاكو حەزی خوێندكارەكە بە تەواوی بدۆزرێتەوە ، لە كۆتایی ئەم حەوت ساڵەدا لە ڕێگای نمرەی تیۆری و پراكتیكی منداڵ و حەز و توانایەوە لە ڕێگای توێژەرێكی كۆمەڵایەتییەوە دەردەكەوێت ئەم منداڵە تواناكەی بۆ چ بوارێك زۆر باشە. 
لە دوای ئەوەی تواناو لێهاتوویی منداڵەكەمان دۆزییەوە پاشان بەرەو پسپۆڕی ئاڕاستەی دەكەین، ئەو بوارەی كە خۆی حەزی پێیەتی، یەك بوارە، ئیتر تەنیا ئەو بابەتە دەخوێنێت كە تواناكەی تێدا دۆزراوەتەوە، ئەو مەنهەجە دەخوێنێت بە چڕو پڕی.
 ئیتر پێویست ناكات بابەتی تر و وانەی تر بخوێنێت بەڵكو ئەو بابەتە دەخوێنێت كە حەزی لێیەتی. مەگەر سیستمی ئێستای خوێندنیش بەو  هەموو كەموكوڕییەوە نایەوێت ئەو كەسە بەرەو پسپۆڕی ئاڕاستە بكات؟ 
بۆ نموونە من دەمەوێت ببمە ئەندازیار، بە سیستمی كۆنمرە چۆن دەبمە ئەندازیار؟ دەبێت لەو حەوت وانەیەی دیاری كراوە بۆم كە هیچییان پەیوەندییان بە ئەندازیارییەوە نییە 98 نمرە بهێنم، لە پاش 12 ساڵ خوێندن. 
ئەی بە پلانی تازە چۆن دەبم بە ئەندازیار، لە ڕێگای وانە تیۆری و پراكتیكییەكانەوە حەز لە بینا دروست كراوەكان دەكەم، دیكۆرەكەی دەچێتە دڵمەوە، بینا دروست دەكەم بەو پارچانەی كە بوونییان هەیە لە وانەی پراكتیكیدا، پاش حەوت ساڵ لە خوێندن دەردەكەوێت من هیواو ئارەزووم ئەندازیارییە، حەوت ساڵی دواتر تەواوی پسپۆڕییەكەم لە بواری ئەندازیاریدا دەبێت، ئیتر هیچ پێویست ناكات وانەی تر بخوێنم. 
ئاڕاستە وەرگرتن بەرەو پسپۆڕیی لە تەمەنی 14 ساڵییەوە دەست  پێ دەكات. لەو تەمەنەوە تۆ هانی ئەو خوێندكارە دەدەیت داهێنان بكات. ئیتر چ پێویست دەكات وانەی تر بخوێنێت كە هیچ حەزێكی بۆی نییە. 
ڕەنگە بەپێی ئەم پلانە خوێندكارێك لە چەند بوارێكدا بە توانا بێت، ئەو خوێندكارە دەتوانێت ئەو بوارانەش بخوێنێت ئەگەر دەركەوت زۆر بە توانایە تێیدا، بەڵام ڕێی تێ ناچێت لە هەموو بوارەكاندا بە توانا بێت. 
بەشێكی تر كە زۆر گرنگە و لەم پلانەدا جێگایەكی تایبەتمان بۆ كردۆتەوە بریتییە لە پیشە، بە داخەوە ئەم سیستەمی خوێندنەی ئێستا كەسانی بێ پیشەی بەرهەم هێناوە، چونكە حسابی ئەوە نەكراوە ئەگەر كەسێك نەیتوانی لە ڕێگای ئەم سیستەمەوە لەو بوارەی تەواوی دەكات دابمەزرێت یان بچێتە سەر كارێك ، داهاتووی ئەو كەسە لەپاش ئەو هەموو ساڵە لە خوێندن دانیشتن دەبێت لە ماڵەوە.
بۆچی ئەو هەموو پیشەیەمان هەیە لە ڕێگای سیستمی خوێندنەوە پیشەیەك بە شێوەی زانستی فێری ئەم خوێندكارە نەكرێت؟ 
لەبەرئەوەی ئەگەر لە خوێندن شكستی هێنا ئەو پیشەیە قەرەبووی بۆ بكاتەوە. زۆرێك لە خوێندكاران دوای ئەوەی لە سیستمی خوێندنندا دانامەزرێن یان نابنە خاوەن كار توشی خەمۆكی دەبن، لەبەرئەوەی فێری هیچ پیشەیەكیش نەبوون ڕووی ئەوەیان نییە پیشەیەك لەدەرەوەی خوێندنەكەیان بكەن. بەڵام ئەگەر هەر لە منداڵییەوە بە زانستییانە فێری پیشەیەك بوبێت ڕەنگە ببێتە داهێنەر لەو بوارەدا. ئەگەر لە منداڵییەوە فێری پیشەیەك نەبوبن ئەستەمە لە دوای زانكۆ بتوانن كارێك ئەنجام بدەن لەبەر دوو هۆكار
 یەكەم : فێرنەكراوە
 دووەم : لە پاش ئەو هەموو ساڵە پێی شەرمە بە بڕە پارەیەكی كەم لە بوارێكدا كار بكات كە هیچی لێ نازانێت. زۆر بە سادەیی ڕەنگە بڵێت ئەی ئەو هەموو ساڵە بۆچی خوێندم. 
كەواتە هەر لە منداڵییەوە هەموو ئەو پیشانەی كە بوونییان هەیە بە شێوەی تیۆری و پراكتیكی وەك مەنهەج بۆ خوێندكاران بوونی هەبێت، بۆ ئەوەی ئەگەر لە خوێندندا سەركەوتوو نەبوون پیشەكەیان بكەنە كاری داهاتوویان. 
كەواتە گرنگی ئەم پلانە لەوەدایە كە توانای خوێندكار دەدۆزیتەوە، بوارییان بۆ دەڕەخسێنیت داهێنان ئەنجام بدەن، چونكە حەزی بەو بوارە هەیە كە تیایدا دەخوێنێت. 
بەڵام ئەمەی ئێستا دەگوزەرێت چونكە وەك زۆرەملێی لێهاتووە، تاكو ئێستا نەمانتوانیوە لە هیچ بوارێكدا داهێنەرێك  یان بە توانایەك دروست بكەین، تەنانەت ئەو كەسانەشی كە زیرەكن لە بوارێكدا سیستمەكە زیرەكی نەكردوون بەڵكو خۆیان بەرەو ئەو بوارە هەنگاوییان ناوە بە پێی سیستمی كۆ نمرە 
ئەم پلانە ئەگەر بەباشی جێبەجێ بكرێت ڕەنگە بۆ داهاتوو كەسانی زۆر بە تواناو لێهاتوو لە هەموو بوارەكاندا بەرهەم بهێنین، بەڵام ئەگەر بیری خۆپەرستی زاڵ بێت بەسەرماندا و بەبێ هیچ هۆكارێكی زانستی ئەم پلانە ڕەتبكرێتەوە ئەوا هەڵە نیم ئەگەر بڵێم ڕۆژ لە دوای كەسانی بێ توانا و كەسانێك كە هیچ سوودێكیان بۆ خۆشییان و كۆمەڵگاش نابێت لە ڕێگای ئەم سیستمەوە بەرهەم دەهێنین.